پەکەکە: لە چەند رۆژی رابردوودا تورکیا چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر پێگەکانمان لە هەرێمی کوردستان


وێستگەنیوز_

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەڵێت، سوپای تورکیا لە چەند رۆژی رابردوودا چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر پێگەکانیان لە هەرێمی کوردستان.
 
ئەمرۆ سێشەممە 20ـی ئایاری 2025، ناوەندی چاپ و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) بڵاویکردەوە، سوپای تورکیا لە رۆژانی 17-18ـی ئەم مانگەدا سێ جار بە تۆپ و فڕۆکەی جەنگی هێرشی کردووەتە سەر پێگەکانیان لە ناوچەکانی مەتین و گارە لە هەرێمی کوردستان.
 
هەپەگە دەڵێت: گەریلاکان "لە چوارچێوەی مافی رەوای خۆیان" وەڵامی هێرشەکانی سوپای تورکیایان داوەتەوە.
 
لیوا زەکی ئاکتورک، راوێژکاری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی تورکیا 18ی نیسانی 2025 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە هەفتەیەکدا لە ئەنجامی هێرشەکانی سوپای وڵاتەکەی، سێ گەریلای پەکەکە گیانیان لەدەستداوە.
 
هێرشەکانی سوپای تورکیا لە کاتێکدان، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە 27ی شوباتی 2025 داوای لە پەکەکە کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
 
12ی ئایاری 2025 پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ی خۆی راگەیاند، کە لە 5-7ی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی دا.


PM:10:22:20/05/2025


ئه‌م بابه‌ته 968 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو