ترەمپ: بڕیارم دا تەواوی سزاکانی سەر سووریا هەڵبگرم


وێستگەنیوز_

ئیدارەی ترەمپ بڕیاری داوە سزاکانی سەر سووریا هەڵبگرێت؛ نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە فەرمی پێشوازیی لە بڕیارەکە دەکات.
 
ئێوارەی ئەمرۆ سێشەممە 13ـی 5ـی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ریازی پایتەختی سعودیەوە رایگەیاند، "بڕیارم دا سزاکانی سەر سووریا هەڵبگرم، ئەوەش دوای ئەوەی ئەو پرسەم لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا و محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە تاوتوێ کرد."
 
ئاماژەی بەوەشکرد، "کاتی ئەوە هاتووە چانسێک بدەین بە سووریا و هیوای بەختێکی باشیان بۆ دەخوازم."
 
هەروەها باسی لەوەشکرد، "سووریا تووشی نەهامەتی و مەرگەساتی گەورە بووە، هیوادارین ئیدارەی ئێستای وڵاتەکە لە بەدەستهێنانی ئاشتی و سەقامگیری بۆ وڵاتەکەیان سەرکەوتوو بن، ئیدی ئێمە یەکەم هەنگاومان ناوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا."
 
بە وتەی ترەمپ، لە ماوەکانی داهاتوودا، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە تورکیا کۆدەبێتەوە، بەڵام کاتی کۆبوونەوەکەی ئاشکرا نەکرد.
 
هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان دوای تەواوبوونی قسەکانی، پێشوازی لە بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ کرد بۆ هەڵگرتنی سزاکان لەسەر سووریا.


PM:07:53:13/05/2025


ئه‌م بابه‌ته 564 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت