جەبار یاوەر بۆ وێستگەنیوز: هێشتا شێوازی چەکدانان و چۆنیەتی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە روون نییە
وێستگەنیوز- سازگار ئەحمەد
ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، هێشتا شێوازی چەکدانان و چۆنیەتی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە روون نییە، ئاماژە بەوەشدەکات، تائێستا حکومەت و پەرلەمانی تورکیا هیچ بڕیارێکی نەداوە تەنها پێشوازی لە بڕیاری پەکەکە کردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 13ی ئایاری 2025، جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە و شارەزای بواری سەربازی لەبارەی بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "ئەم بڕیارە تەنها بڕیارێکی کۆنگرەی 12ی پەکەکەیە کە لەسەر رۆشنایی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانە کە داوای کردووە پەکەکە هەڵبوەشێنرێتەوە و چەک دابنێرێت و پەکەکە وەک حزبێکی سیاسی بەشداری لە پرۆسەی دیموکراسی تورکیا بکات و واز لەخەباتی چەکداری بهێنت و دەست بکات بە خەباتی سیاسی و پەرلەمانی".
ئاماژەی بەوەشکرد، "بەڵام هێشتا بڕیارەکە یەکلایەنەیە، هەروەها شێوازی چەکدانان و چۆنیەتی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە روون نییە، چونکە ئەوە پێویستی بەوەیە کە تورکیا یاسایەکی لێبوردنی گشتی دەربکات بۆ فەرماندە باڵا و چەکدارە دەستگیرکراوەکانی پەکەکە و رێگە بەو ئەندامانەی پەکەکە بدات بچنەوە تورکیا کە چەندین ساڵە بە هەزارها فەرماندە و چەکداری پەکەکە رێگەیان لێگیراوە بچنەوە تورکیا".
جەبار یاوەر وتی، "تائێستا حکومەت و پەرلەمانی تورکیا هیچ بڕیارێکیان نەداوە تەنها پێشوازی لە بڕیاری پەکەکە کردووە".
"هەتاوەکو ئێستا بەپێی راپۆرتی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە تایبەتی سی پی تی و ئامارەکانی پاسەوانی سنوور و بەیاننامەکانی خودی پەکەکە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بەردەوام بوون تەنانەت لەکاتی بەستنی کۆنگرەی 12 ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە ئاسمان و زەوییەوە بەردەوام بوون"، جەبار یاوەر وادەڵێت.
وتیشی، "تەنها پەکەکە شەڕی لەلایەن خۆیەوە راگرتووە، بەڵکو هێشتا تورکیا ئۆپەراسیۆنەکانی خۆی بە یەکجاری رانەگرتووە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت لەدوای ئەم بەیاننامەی پەکەکە بڕیاری تورکیا بزانرێت".
ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە باسی لەوەشکرد، "ئەگەر تورکیا بڕیار بدات بە تەواوی ئۆپەراسیۆنەکانی رابگرێت و پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە روون بکرێتەوە کە چۆن دەبێت، بێگومان ئەمە هەمووی رەنگدانەوەی زۆر گەورەی دەبێت بۆ ئاسایشی سنوورەکان، چونکە ئەوکاتە شەڕ و ئاژاوە لەسەر سنوورەکان نامێنێت و پۆلیسی پاسەوانی سنوور دەتوانن بچنە سنوورەکانی تورکیا و عێراق، تەنانەت ئێران و عێراق، چونکە پەکەکە لەو سنوورانەش بنکە و بارەگایان هەیە".
راشیگەیاند، "ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ گەڕانەوەی خەڵکی ئەو گوندانەی کە گوندەکانیان بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا چۆڵکردووە، کە نزیکەی 400 گوند زیاتر لە سنوورەکان چۆڵکراون".
لە کۆتایی وتەکانیدا جەبار یاوەر ئاماژەی بەوەدا، "بەشێوازێکی گشتی ئەگەر پرۆسەکە بە باشی بڕوات و شەڕ بەتەواوی رابگیرێت و پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە روون بێت و ئەندامانی پەکەکە بتوانن بگەڕێنەوە تورکیا بە ئازادی و پەکەکە بتوانێت تێکەڵی پرۆسەی دیموکراسی ببێت لە تورکیا، ئەوکاتە رەنگدانەوەی گەورەی لەسەر ئاسایشی گشتی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش ئاسایشی سنوورەکان عێراق لەگەڵ تورکیا، هەروەها سنوورەکانی ئێران لەگەڵ عێراق دەبێت".
رۆژی دووشەممە 12ی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" ئەنجامی کۆنگرەی 12ی پارتەکەی بڵاوکردەوە و بە فەرمی هەڵوەشاندنەوەى پێکهاتەی رێکخراوەیى و کۆتاییهێنانى بە خەباتى چەکداریى راگەیاند.
AM:09:16:13/05/2025
ئهم بابهته 436
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت