سەردار عەبدوڵڵا بۆ لایەنە سیاسییەکان: دۆخەکە وا دەخوازێت هەمووتان پێکەوە کار بۆ یەک لیستی هاوبەشی کوردستانی بکەن


وێستگەنیوز_

سەردار عەبدوڵلا، نوسەر و سیاسەتمەدار لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: "جیهان و ناوچەکەی ئێمەش بە گۆڕانکاریی زۆر گەورەدا تێدەپەڕێت. ئەم دۆخەش گەلی ئێمە دەخاتە بەردەم مەترسی و دەرفەتی گەورەوە، ئەمەش بۆ خۆی یەکڕیزیی و یەکبڕیاریی پێویستە. لەم چوارچێوەیەشدا هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عیراق و لێکەوتەکانی زۆر گرنگ دەبن. هەربۆیە زەروورەتی دۆخەکە دەخوازێت هەمووتان پێکەوە کار بۆ یەک لیستی هاوبەشی کوردستانیی بکەن."

لە راگەیەندراوەکەدا بە ناونیشانی 'پەیامێکی دڵسۆزانە بۆ سەرۆکی حیزبەکان'، سەردار عەبدوڵلا دەڵێت: بەڕێزان سەرۆک و رابەرانی حیزبەکان باشوور، ئەم هەڵبژاردنە بۆ پەرلەمانی کوردستان، یان ئەنجومەنی پارێزگا و شارەوانییەکان نییە، تاکو پرۆگرام و ئەجێندا جیاوازە ناوخۆییەکان پێوەری بڕیار و هاوپەیمانییەکانتان بن، ئەم داوایەم نەدەکرد. ئەمەیان بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرەکانی گەلی کوردستانە بۆ خزمەتکردنی کوردستان و خەڵکەکەی، کە تەنها و تەنها بەیەکڕیزیی دەتوانن کاری بۆ بکەن. ئەمەش دەخوازێت سەرباری هەموو جیاوازییەکانتان، هەمووتان پێکەوە بە یەک هاوپەیمانی و یەک لیستەوە بچەن هەڵبژاردنەوە. ئەگەر ئەمە بکەن بۆ یەکەم جار کورد دەبێتە براوەی یەکەمی هەڵبژاردن.

هەروەها بە ڕابەران و دەسەڵاتدارانی کورد دەڵێت: "بیرتان نەچێت کە لە خولەکانی دوایی پەرلەمانی عیراقدا، ناکۆکیی و سەنگەرگرتنمان لەیەکتر زیانی زۆر و گەورەی بە گەلەکەمان و بەرژەوەندییاکانی گەیاندوە، کە بەئاسانیی چاک ناکرێنەوە. لێرەوە ئەرکی نوێنەرایەتیی داهاتوومان لە عیراق، هەر بەتەنها بەهێزکردنەوەی پێگەی کورد نیە، بەڵکو قەرەبووکردنەوە و چاککردنی لێکەوتە خراپەکانی ئەو هەموو هەڵانەی پێشووتریشە. ئەمەش هەموو لایەکمان دەخاتە بەردەم ئەرک و مەسئوولییەتی ئەخلاقی و نەتەوەییەوە."

جەختیشی کردووەتەوە لەوەی، "پێویستە حیزبەکانی دەسەڵات، بەڕوحییەتێکی جیاوازترەوە مامەڵە لەگەڵ لایەنەکانی تردا بکەن و کار بۆ چاکسازییەکی ڕاستەقینەی زیاتر بکەن. حیزبەکانی دەرەوەی دەسەڵاتیش ئەگەر بەڕاست لەبەر خەمی خەڵک لیستی جیاواز لە دەسەڵات، یان دژە دەسەڵات دروست دەکەن، خودی بەرژەوەندی خەڵک لەم قۆناغەدا وا دەخوازێت هەمووتان پێکەوە، دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن بە یەک لیستی بەهێزەوە بچنە هەڵبژاردنەوە."

"لێرەوە داوا لە هەموو لایەک دەکەم کە لە زووترین کاتدا هەموو هەوڵەکانی دیکە ڕابگرن و دەست بکەن بە کۆبونەوەی هاوبەش تاکو بتوانن مژدەی یەک لیستیی بە گەلەکەمان ڕابگەیەنن، بەمەش لە قۆناغی داهاتوودا دەتوانن ببن بە بەهێزترین کاراکتەری ناو پرۆسەی سیاسی عیراق، دەشتوانن هەموو زیانەکانی هەڵەکانی ڕابردوو چاک بکەنەوە. گەلە سەربەرزەکەشمان لە دۆخی ئابوری خراپ و بڕینی مووچەش ڕزگار بکەن. ئەگەر هەموو لایەک بەڕاستی مەبەستمان خەڵکە، بەرژەوەندی خەڵک ئەمەتان لێدەخوازێت، نەک دووبەرەکیی و پەرتەوازیی. لەو پێناوەشدا ئێمە وەک هەمیشە هاوکاری ئێوە و خزمەتکاری ئەم گەلە سەربەرزە دەبین." سەردار عەبدوڵڵا وای نوسیوە.


PM:03:05:11/05/2025


ئه‌م بابه‌ته 852 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت