تۆڕی هاوپەیمانی 19: هەڵمەتی ناوزڕاندن و تۆمەتی بێ بەڵگە رابگرن
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ شەممە 10ی ئایاری 2025 تۆڕی هاوپەیمانی 19 رایگەیاند، "تۆڕی هاوپەیمانی 19 بە نیگەرانییەوە دەڕوانێتە ئەو هەڵمەتی بوختان و ناوزڕاندن و تۆمەتی بێ بەڵگە و ناشرینیكردنەی كە لەبارەی كەسایەتی ئەندامێكی پێشووی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان برەوی پێدەدرێت، داوا لە چالاك و دەستڕۆشتووی ئێستاو رابردووی بزوتنەوەكە دەكات، كارێك بكەن تا ئەو هەڵمەتە كۆتایی پێبهێنرێت".
ئاماژە بەوەکراوە، "لە كۆتایی مانگی رابردوودا، ئەحمەد عەزیز، ئەندامی پێشووی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان لە بەرنامەی (لەگەڵ رەنج) لە كەناڵی رووداو، بەناونیشانی (ئایندەی گۆڕان لەنێوان گردەكە و كوردسات)دا، بەشداربوو، تیاییدا هەندێک لە بیروڕای خۆی خستنەڕوو".
تۆڕی 19 چاودێری ئەوەی كرد كە پاش بەرنامەكە هەڵمەتێكی فراوانی تەخوینكردن و ناشرینكردنی رابردووی سیاسی و هەڵوێستەكانی (ئەحمەد عەزیز) لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرانەوە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، "تۆڕی هاوپەیمانی 19 لە كاتێكدا رەوایەتی ناداتە بیروڕای ( ئەحمەد عەزیز)، بەڵام لەلای ئێمە رێزلێگیراوە، ئەو بیربۆچوونی خۆی خستۆتە روو، وا چاوەڕوانبووین لەلای هەمووان وەك بیروڕایەكی جیاواز تەماشابكرێت و لە چوارچێوەی رێزگرتن لە (ئەویدی جیاواز)دا، وەڵام بدرێتەوە".
تۆڕی هاوپەیمانی 19 رایگەیاندووە، "برەودان بەهەڵمەتی بوختان و ناوزڕاندن و تۆمەتی بێ بەڵگەو ناشرینیكردن، لەبارەی كەسایەتی ئەندامی پێشووی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، نیگەرانی كردووین، داوا دەكەین چالاك و دەستڕۆشتووی ئێستاو رابردووی بزوتنەوەكە، كارێك بكەن تا ئەو هەڵمەتە كۆتایی پێبهێنرێت".
هەروەها، داوا دەكەن لە بری پەنابردن بۆ بۆختان و ناوزڕاندن و بەخشینەوەی تۆمەت، پەنا ببرێت بۆ گفتوگۆی دیموكراتیانەی بنیاتنەر .
تۆڕی هاوپەیمانی19، كۆمەڵێك رێكخراوی داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ دایانمەزراندوە، سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات، داكۆكی لە پرنسیپەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵتەییەكانی تری تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكات، بە تایبەتیش بەندی 19ی جاڕنامەكە.
PM:08:17:10/05/2025
ئهم بابهته 392
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت