مەسعود بارزانی: ئێمە نامانەوێت نە ئێران و نەهیچ وڵاتێکی دیکە دەست لە کاروباری ناوخۆی هەرێمی کوردستان وەربدات


وێستگەنیوز-

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، بەدرێژایی مێژوو زوڵمێکی زۆر لە نەتەوەی کورد کراوە، ئاماژە بەوەشدەکات، نایانەوێت نە ئێران و نەهیچ وڵاتێکی دیکە دەست لە کاروباری ناوخۆی هەرێمی کوردستان وەربدات.


ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ی ئایاری 2025، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەمیانەی چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ کەناڵی شەمس رایگەیاند، "لە ژیانمدا یەك شتم نەكردووە كە قەناعەتم پێی نەبووبێت، لەبەر ئەوە بیردەكەمەوە لە كوێ هەیە پەشیمان بم، هیچ شتێك نییە لێی پەشیمان بم، بەڵام زۆر شت هەن، كە ئێستا دەیانزانم، ئەگەر پێشووتر بمزانیایە رەنگە بە شێوازێكی تر رەفتارم بکردایە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "بەدرێژایی مێژوو زوڵمێکی زۆر لە نەتەوەی کورد کراوە بە تایبەت لە جەنگی جیهانی یەکەم دابەشکراین بەبێ ئەوەی لە ئێمە بپرسن".

لەبارەی سوریاوە مەسعود بارزانی وتی، "ئەو گۆڕانکارییەی لە سوریا روویدا گۆڕانێکی گەورەیە و وەرچەرخانێکی لە مێژووی ناوچەکە، لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریا پەیوەندیی راستەوخۆمان نییە، بەڵام ناڕاستەوخۆ پەیوەندیمان هەیە و پەیامی ئەرێنیان بۆ ئێمە ناردووە".

وتیشی، "ئێمە پشتیوانی لە رێککەوتنە دەکەین کە کوردەکانی سوریا بڕیاریانداوە بە یەک هەڵوێست بچنە دیمەشق و بەشێوەیەکی ئاشتییانە کێشەکان چارەسەر بکەن".

سەرۆکی پارتی باسی ئێرانی کرد و ئاماژەی بەوەدا، "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران هەندێکجار گرفتی تێکەوتووە، بەڵام ئێستا پەیوەندییەکانمان باشە، هەروەها ئێمە هیچ کات نەمان ویستووە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ ئێران هەبێت، بەڵام ئێمە نامانەوێت نە ئێران و نەهیچ وڵاتێکی دیکە دەست لە کاروباری ناوخۆی هەرێمی کوردستان وەربدات".

راشیگەیاند، "هیوادارین گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران ئەنجامێکی باشی هەبێت".

لەبارەی پەیوەندیی هەرێم و ئەمریکا مەسعود بارزانی جەختی لەوەکردەوە، "پەیوەندی نێوان ئەمریکا و هەرێم باشە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت باشتر بێت، چونکە ئەمریکا لە ساڵی 1991 لەکاتی راپەڕین دژی رژێمی بەعس و لەکاتی شەڕی داعش پاڵپشتێکی باشی هەرێمی کوردستان بوو".

لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی جۆرج بۆش، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا مەسعود بارزانی وتی، "جۆرج بۆش جێی رێز و سوپاسە بۆ ئێمە و بۆ هەموو میلـلەتی کورد".


PM:09:50:08/05/2025


ئه‌م بابه‌ته 1616 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت