وادەی کردنەوەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی ئاشکرا کرا


وێستگەنیوز- سازگار ئەحمەد

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی سلێمانی رایدەگەیەنێت، کارەکانی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی بە باشی بەڕێوەدەچن، ئاماژە بەوەشدەکات، لە کۆتایی ئەمساڵدا بەشێکی شەقامەکە دەکرێتەوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ی ئایاری 2025، زەردەشت رەفیق، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی سلێمانی بە وێستگەنیوزی رایگەیاند، "کارەکانی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی بە باشی بەڕێوەدەچن و زیاتر لە %65ی کارەکانی پرۆژەکە تەواوبوون".

ئاماژەی بەوەشکرد، "کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکە کارەکانی بە باشی ئەنجامدەدات و سولفەکانی دەباتەوە بۆ بانک و بانکیش پارەکان خەرجدەکات".

ئەوەشی خستەڕوو، "زۆربەی ئەندەر پاس و بەرزە پردەکان و نزیکەی 67 قەنترە تەواو بوون، هەروەها لە 32 کیلۆمەتری 22 کیلۆمەتری چینی دووەمی قیرکراوە و کەمتر لە 10 کیلۆمەتر یەک چین قیرکراوە".

لەبارەی کردنەوەی پرۆژەکە زەردەشت رەفیق وتی، "ئەگەر کارەکان بەم شێوەیە بکرێت ئەمساڵ بەشێکی پرۆژەکە دەکرێتەوە، هەروەها بەرنامەی شارەوانیی سلێمانی وایە لە مانگی 9ی ساڵی 2026دا کۆتایی بە کارەکانی پرۆژەکە بهێنرێت و بکرێتەوە".

رۆژی 11-7-2020 بەردی بناغەی ئۆتۆبانی بابان كە ناسراوە بە شەقامی 100 مەتریی سلێمانی دانرا، كە درێژییەكەی 34 كیلۆمەترە و بە گوژمەی 400 ملیار دینار تەواو دەكرێت، پێنج ئەندەرپاس و حەوت یەكتر بڕ و فلای ئۆڤەرێك و چوار پردیش لەخۆ دەگرێت.


PM:05:58:08/05/2025


ئه‌م بابه‌ته 15956 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت