شیعری 'بووکی ئازادی' قانع لە پێشانگایەکی شیعری گەورەی نێودەوڵەتی لە هۆڵەندا بەشدار دەبێت
World Museum لە شاری ئەمستردام
وێستگەنیوز_
لە یادی 60 ساڵەی کۆچی دوایی شاعیری گەورەی کورد، محەممەد شێخ عەبدولقادر شێخ سەعیدی دۆڵاشی ناسراو بە قانع، یەکێک لە شیعرە بەناوبانگەکانی بەناوی 'بووکی ئازادی' کە لە زینداندا لە تارانی پایتەختی ئێران نوسیویەتی، بەشداری پێشانگایەکی شیعری گەورەی نێودەوڵەتی لە ئەمستردامی پایتەختی هۆڵەندا دەکات.
لەو بارەیەوە، نووسەری کورد مەریوان وریا قانع دەڵێت: ئەمرۆ، 7ـی ئایار، 60 ساڵ بەسەر مەرگی قانع'ـی شاعیردا تێدەپەڕێت. بەم بۆنەیەوە دەمەوێت سەرنجی خوێنەران بۆ ئەوە رابکێشم کە 'مۆزەخانەی جیهان-World Museum' لە شاری ئەمستردام، پێشانگایەکی شیعری گەورەی نێودەوڵەتی هەیە کە تا کۆتاییەکانی مانگی 8 کراوەدەبێت. دوای ئەوە دەگوازرێتەوە بۆ شاری رۆتەردام لە هەمان وڵات. قانع وەک شاعیرێکی کورد لەم پێشانگایەدا ئامادەیە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشانگاکە ناوی (شیعری خەڵک) یان (شیعری میللەتان)ـە، تایبەتە بە شاعیرانی کیشوەری ئاسیا. ژمارەیەکی گەورە لە شاعیرە گەورەکانی ئەم کیشوەرە لەم پێشانگا نێودەوڵەتییەدا ئامادەن. لە ناویاندا، بۆ نموونە، نازم حیکمەت، فروغی فروغزاد، مەحمود دەرویش، رومی و زۆرانێکی تر.
شیعری 'بوکی ئازادی' کە قانع لە زینداندا لە تاران نووسیویەتی، بە وەرگێڕدراوی بۆسەر زمانی هۆڵەندیی و ئینگلیزیی لەوێ ئامادە و لەبەردەستدایە. شیعرەکەش لەلایەن منەوە بە کوردی دەخوێندرێتەوە و ئەم خوێندنەوەیەش لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا تۆمارکراوە و بینەر دەتوانێت بیبینێت. لەپاڵ شیعرەکەی قانع'ـدا، تێکستێک بە زمانی ئینگلیزی لەسەر پەیوەندیی شیعر بە ئازادییەوە نووسراوە.
مەریوان وریا قانع باس لەوەش دەکات، "من لەسەرەتاوە بەشداربووم لە ڕێکخستنی ئەم پێشانگایەدا. پرۆفیسۆرێکی بەریتانی بواری ئەدەبیات لە زانکۆی ئەمستردام سەردانی کردم و لەم بارەیە چەند جارێک یەکتریمان بینی. ئەو سەرەتا پرسیاری شیعری عەرەبی و فارسی لە من کرد، منیش ئەو شاعیرە عەرەب و ئێرانیانەم پێشنیارکرد کە ئێستا لە پیشانگەکەدا هەن. دواتر من لێم پرسی ئەی شیعری کوردیی؟ ئەو هیچ شارەزاییەکی لەسەر شیعر و ئەدەبیاتی کوردیی نەبوو. بۆیە دوای راگۆرێ و باس و خواستکردن لەم بارەیەوە من پێشنیاری چوار شاعیری کوردم بۆ پێشانگاکە کرد کە بریتیی بوون لە: پیرەمێرد و گۆران و قانع و شێرکۆ بێکەس. بەڵام هەم ئەو پرۆفیسۆرە و هەم ئەوانیتر کە لە رێکخستنی پیشانگاکەدا کاریان دەکرد شیعرەکەی قانعیان هەڵبژارد."
ناونیشانی مۆزەخانەکە لە ئەمستردام:
Wereldmuseum Amsterdam
Linnaeusstraat 2
1092 CK Amsterdam
قانع لە شیعری بووکی ئازادی'ـدا دەڵێت:
ئاخرین ماڵی ژیانم کونجی بەندیخانەیە
ئەم کەلەپچە مەرهەمی زامی دڵی دێوانەیە
زۆر دەمێکە چاوەڕوانی زڕزڕەی زنجیر ئەکەم
سەیری ئەم زنجیرەکەن وەک زێوەری شاهانەیە
بووکی ئازادیم ئەوێ خوێنم خەنەس بۆ دەست و پێ
حەڵقەحەڵقەی پێوەنم بۆ پڵپڵە و لەرزانەیە
گەر چی دوژمن وا ئەزانێ من بەدیلی لاڵ ئەبم
باش بزانێ کونجی زیندانم قوتابیخانەیە
بیری ئازادیم لە زیندانا فراوانتر ئەبێ
قوڕ بەسەر ئەو دوژمنەی هیوای بە بەندیخانەیە
گرتن و لێدان و کوشتن عامیلی ئازادییە
تۆپ و شەستیر و کەلەبچە لام وەکوو ئەفسانەیە
چاوەڕوانی شۆڕشێکم عالەمێ ڕزگار بکا
میللەتم بۆ ئەو مەبەستە کردەوەی شێرانەیە
چەکی شۆرشگێڕیی من نووسین و بیر و باوەڕە
ڕاپەرینە هەڵمەتە پڕ نەعرەتەی کوردانەیە
گەر بەئازادی نەژیم مردن خەڵاتە بۆ لەشم
نۆکەری و سەردانەواندن کاری نامەردانەیە
قانعم ئەمڕۆ لە زیندانا بەئازادی ئەژیم
سەد هەزار لەعنەت لەوەی وا نۆکەری بێگانەیە
PM:03:06:07/05/2025
ئهم بابهته 564
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت