بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنی ئاسایش راگەیەندراوێکی لەبارەی دوو چالاکی هێزەکانییانەوە بڵاوکردەوە


وێستگەنیوز_

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەكانی ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، پێنج "تیرۆریستی داعش" دەستگیركران و مۆڵگەكانی تیرۆریستان لە جەوەڵ بۆر لەناوبران.

لە راگەیەندراوەكەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەكانی ئاسایشی سلێمانیدا هاتووە لە دوو چالاكیدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئۆپەراسیۆنەكانی ئاسایش لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگری و كاری هاوبەش لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكان حكومەتی عێراق، لەجەوەڵ بۆر "مۆڵگەكانی تیرۆریستانی داعشیان خاپووركرد و دواتر لەئۆپراسیۆنێكدا پێنج تیرۆریستی داعشیان دەستگیركرد."

ئاماژە بەوەشكراوە، لە چالاكی یەكەمدا لە ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشدا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئۆپەراسیۆنەكانی ئاسایش بەهەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازیی عێراقی مۆڵگەكانی داعشیان لەناوبرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، "29ی مانگی رابردوو لە سنووری پارێزگای كەركووك ناوچەی جەوەڵ بۆر و دەوروبەری كێوماڵ كرا و مۆڵگەكانی تیرۆریستانی داعشیان خاپوور كرد، لەئۆپەراسیۆنەكەدا دەست بەسەر بڕێك ماددە و بەڵگەنامەدا گیرا."

هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "لە چالاكی دووەمدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەكانی ئاسایش، لەسەر بنەمای بەدواداچوون و زانیارییە هەواڵگرییەكان لەچەند ئۆپراسیۆنێكدا، توانیان 5 تیرۆریستی ئەندامی چالاكی تیرۆریستانی داعش كە بەمەبەستی خۆ ڕێكخستنەوە ڕوویان لەناوچەكە كردبوو، لە سنووری ناوچەكانی (كەلار، چەمچەماڵ، هەڵەبجە، سلێمانی )دەستگیربكەن، تیرۆریستان بە ماددەكانی (2، 4)ی تیرۆر داواكراوبوون."


PM:08:28:06/05/2025


ئه‌م بابه‌ته 392 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت