ناوچه‌ی قه‌ده‌غه‌كراو: بۆچی توركیا بنكه‌ی سه‌ربازی له ناوخۆی عێراق دروست ده‌كات؟
وێستگه‌نیوز-
به‌ڵگه‌فیلمی "ناوچه‌ی قه‌ده‌غه‌كراو" كه به‌رهه‌می كه‌ناڵی BBCی به‌ریتانییه، به زمانه‌كانی ئینگلیزی و عه‌ره‌بی و توركی بڵاوكرایه‌وه و تیایدا بۆ یه‌كه‌مینجار تیشك ده‌خاته سه‌ر ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی سوپای توركیا له هه‌رێمی كوردستان و باس له به‌ئامانجگرتنی هاووڵاتییانی مه‌ده‌نی و هه‌ماهه‌نگی سه‌ربازی و هه‌واڵگری نێوان ده‌وڵه‌تی توركیا و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.
له سه‌ره‌تای به‌ڵگه‌فیلمه‌كه‌دا كه تیمی رۆژنامه‌وانی BBC بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ كاریان له‌سه‌ر كردووه، باس له‌وه كراوه كه به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانیان "پارتی دیموكراتی كوردستانی فه‌رمانڕه‌وا له هه‌رێم هاوكاری توركیا ده‌كات له شه‌ڕه شاراوه‌كه‌یدا" و ئاماژه به‌وه‌دراوه كه "به‌هۆی شه‌ڕی پارتی كرێكارانی كوردستان و توركیا سه‌دان گوندی ناوچه‌كه چۆڵ بووه و دانیشتووانه‌كه‌ی ماڵ و حاڵیان به‌جێهێشتووه. ئامۆژگاری خه‌ڵكی ده‌كرێت كه به‌هۆی مه‌ترسی به‌ئامانجگرتنیان له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ی جه‌نگی یان درۆن روو نه‌كه‌نه ناوچه‌كه، به‌ڵام هه‌ندێكیان ئه‌و سه‌ركێشییه ده‌كه‌ن".
هاشم شاكر كه له نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا خێزانه‌كه‌ی ناچاربووه زه‌وی و زاریان به‌جێبهێڵن، سه‌ردانی زه‌وییه‌كانی ده‌كاته‌وه، ده‌ڵێت: "به‌هۆی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیاوه دارودره‌خته‌كانی ناوچه‌كه سووتاون، ناوچه‌كه بۆردوومان ده‌كه‌ن و ئاگر ده‌كه‌وێته‌وه، دواتر ته‌شه‌نه‌ده‌كات بۆ شاخه‌كان".
كامه‌ران عوسمان له لقی كوردستانی تیمه‌كانی دروستكه‌ری ئاشتی كۆمه‌ڵگه (CPT) له به‌ڵگه فیلمه‌كه‌دا ده‌ڵێت: "له ساڵی 1991ه‌وه تا ئێستا به‌هۆی ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كانی توركیاوه له‌ناو خاكی هه‌رێم 711 كه‌س كوژراون و برینداربوون".
ئاماژه‌شی به‌وه‌داوه كه "ئه‌و كه‌سانه له گونده‌كانیان، له‌كاتی چونیان بۆ زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانیان، له‌ناو ماڵه‌كانیان به‌ئامانج گیراون، ئه‌وانه چه‌كدارنه‌بوون له ریزه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان په‌كه‌كه و چه‌كداریش له زه‌وییه‌كانیان نه‌بووه".
ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو كه "187 كه‌سی تر له‌ناو ماڵه‌كانیان كوژراون و برینداربوون كه هیچ ئه‌ندامێَكی په‌كه‌كه و چه‌كداری تری تێدا نه‌بووه".
كامه‌ران مكوڕه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه "گه‌ر كه‌سێكیش په‌یوه‌ندی به پارتی كرێكارانی كوردستانه‌وه هه‌بێت نابێت ببێته ئامانجێكی سه‌ربازی یاسایی".
ده‌شڵێت: "ئه‌ركی حكومه‌تی عێراقه لێكۆڵینه‌وه له‌و رووداوانه بكات و لێپرسینه‌وه بكات و ئه‌و كه‌سانه ده‌ستگیر بكات و بیانداته دادگایه‌كی عادیلانه، به‌ڵام كاتێك توركیا بڕیارده‌كات كه كه‌سێك په‌یوه‌ندی به په‌كه‌كه‌وه هه‌یه، ئیتر مافی به‌رگریكردنی له خۆی نابێت و دێن له كوردستان له‌ناوی ده‌به‌ن".
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی رێكخراوی (CPT) باس له‌وه ده‌كات كه "ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد رووبه‌ڕووی هه‌ر كه‌سێك ده‌بنه‌وه كه بیه‌وێت لێپرسینه‌وه له توركیا بكرێت، هه‌ركه‌سێك باسی ئه‌وه بكات كه ئه‌وه‌ی توركیا ده‌یكات، تاوانه، ده‌ستگیر ده‌كرێت و تۆمه‌تی ئه‌ندامبوونی په‌كه‌كه‌ی ده‌خرێته‌پاڵ".
هۆشیار زێباری ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی له به‌ڵگه‌فیلمه‌كه‌ی (BBC)دا ده‌ڵێت: "متمانه له‌نێوان هه‌ردوولا (توركیا و حكومه‌تی هه‌رێم) دروست بووه و ئیداره‌ی كورد له هه‌رێم چیتر هه‌ڕه‌شه نییه بۆسه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی توركیا. هه‌ردوولا هیچ شتێك له یه‌كتر ناشارنه‌وه".
ده‌شڵێت: "ناكۆكی جددیمان هه‌یه له‌گه‌ڵ پارتی كرێكارانی كوردستان، چ له‌ڕووی مامه‌ڵه‌كردنیان له‌گه‌ڵ ئیداره‌دانی ناكۆكییه‌كه یاخود پشتبه‌ستنی به توندوتیژی توند له توركیا، خۆیان وه‌كو بارگرانییه‌ك به‌سه‌ر ئێمه‌دا سه‌پاندووه".
وتیشی: "ناكۆكیمان له‌گه‌ڵ پارتی كرێكاران ئه‌وه‌یه ململانێكه‌یان ببه‌نه ناو توركیا به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه و دیموكراتی ئێمه پشتیوانی‌یان ده‌كه‌ین، به‌ڵام بوونیان لێره نایاسایی و قبوڵنه‌كراوه، ئه‌وان پێچه‌وانه‌ی ئیراده‌ی گه‌له‌كه‌مان لێره‌ن (مه‌به‌ستی هه‌رێمی كوردستانه)".
له لێدوانه‌كه‌یدا ئه‌و ئه‌ندامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی باس له‌وه ده‌كات كه "كاتێك شه‌ڕ ده‌بێت یه‌كه‌م كه‌س كه ئازارده‌چێژێت خه‌ڵكی مه‌ده‌نییه، مامه‌ڵه‌ی توركیا له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی مه‌ده‌نی میهره‌بانتره له مامه‌ڵه‌ی پارتی كرێكارانی كوردستان".
هۆشیار زێباری راشیگه‌یاند كه وه‌ك پارتی "رووبه‌ڕووی توركیا نابینه‌وه مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ستدرێژیی بكه‌نه سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه ستراتیژییه‌كانمان وه‌كو ئه‌وه‌ی بچنه ناو ناوچه‌ی نیشته‌جێبوون یان تۆڕی رێگا سه‌ره‌كییه‌كان یاخود دانانی خاڵی پشكنین و بێزاركردنی خه‌ڵك، ئه‌مانه هێڵی سوری ئێمه‌ن".
جه‌ختیش له‌وه ده‌كاته‌وه كه "بنكه‌كانی سوپای توركیا له ساڵی 1992وه له هه‌رێمی كوردستاندا هه‌ن و نوێ نین، هۆكاره‌كه‌شی رێگریكردنه له بڵاوبوونه‌وه‌ی پارتی كرێكارانی كوردستان.
له‌به‌شێكی تری لێدوانه‌كه‌یدا ده‌ڵێت كه "به‌دڵنیایی پارتی دیموكراتی كوردستان ژماره‌ی هێزه‌كانی توركیا له هه‌رێمی كوردستان ده‌زانێت".
راشیگه‌یاند كه "ئێمه زانیاری هه‌واڵگریی باشترمان له توركیا هه‌یه، پارتی كرێكارانی كوردستان به‌ته‌واوه‌تی گۆشه‌گیربووه و پشت به قاچاخچییه‌كان ده‌به‌ستێت بۆ هێنانی خۆراك و پێداویستییه‌كانی تری وه‌كو ده‌رمان، هه‌ندێك كه‌س هاوكارییان ده‌كه‌ن، ئه‌و كه‌سانه لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت. پارتی جه‌ماوه‌ر و گه‌لی كوردی بێ ئومێد نه‌كردووه، توركیا زیان به گه‌له‌كه‌مان ناگه‌یه‌نن، ده‌ستگیریان ناكه‌ن. ده‌ستوه‌ردان له كاروباری رۆژانه‌یان ناكه‌ن. ته‌نها ئامانجیان په‌كه‌كه‌یه، نه‌ك دانیشتوان".
به‌گوێره‌ی به‌ڵگه‌فیلمه‌كه‌ی (BBC)، "توركیا 136 بنكه‌ی له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه كه 121یان له‌دوای ساڵی 2018ه‌وه دروست كراون كه له‌وكاته‌دا پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ده‌سه‌ڵاتدا بووه".
لای خۆیه‌وه زوبێر ئایدار له كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد له به‌ڵگه فیلمه‌كه‌دا ده‌ڵێت: "ئه‌و قسه‌یه‌ی كه ده‌ڵێت توركیا به‌هۆی په‌كه‌كه‌وه هاتووه، پڕوپاگه‌نده‌یه‌كی سیاسی مه‌ترسیداری پارتییه".
دووپاتیشیده‌كاته‌وه كه "توركیا گه‌ر په‌كه‌كه‌ش له‌ناو ببات كێشه‌كه چاره‌سه‌ر نابێت. چونكه گروپی تر ده‌رده‌كه‌وێت و كێشه‌كه به‌رده‌وام ده‌بێت".
زوبێر ئایدار راشیگه‌یاند كه "به‌بێ گۆڕینی مامه‌ڵه‌ی توركیا به‌رامبه‌ر كورده‌كان، ململانێ كۆتایی نایه‌ت".
له به‌رامبه‌ردا بافڵ تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانی له هه‌مان به‌ڵگه‌نامه‌ی (BBC)دا رایگه‌یاند كه "كاتێك له نزیكه‌وه هاوكاری سوپای وڵاتێك ده‌كه‌یت ئه‌مه ئاماژه‌یه بۆ هاوكاری هه‌واڵگریش؛ زۆرجار ئه‌مانه یه‌كتری ته‌واو ده‌كه‌ن"، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك به "هاوكاری پارتییه له‌گه‌ڵ توركیا).
بافڵ تاڵه‌بانی ده‌ڵێت: "پێموایه هه‌ماهه‌نگییه‌كی ته‌واو له‌نێوان توركه‌كان و باڵی سه‌ربازی پارتی دیموكراتی كوردستاندا هه‌یه، هه‌روه‌ها له‌نێوان هه‌واڵگریی توركیا و هه‌واڵگری پارتیدا، هه‌م له‌ڕووی ئاڵوگۆڕی زانیاریی و هه‌م له‌بواری چاودێریدا".
ده‌شڵێت: "گومانی تێدا نییه هێزه‌كانی پارتی یارمه‌تی سه‌ربازانی توركیا ده‌ده‌ن، هه‌روه‌ك له‌ڕووی لۆجستی یارمه‌تییان ده‌ده‌ن و هه‌ندێكجاریش ده‌یبینیت شانبه‌شانی یه‌كتر ده‌سوڕێنه‌وه".
سه‌رۆكی یه‌كێتی راشیگه‌یاند كه "توركیا پارتی كرێكارانی كوردستان ده‌كات به به‌هانه بۆ هاتنه‌ناوه‌وه‌ی بۆ عێراق، پێموایه ئه‌وان لێره‌ن له‌به‌رئه‌وه‌ی پێیانوایه پێویسته پشتیوانی له پارتی دیموكراتی كوردستان بكه‌ن".
بۆ بینینی به‌ڵگه‌فیلمه‌كه، كلیك لێره بكه:
PM:08:18:30/04/2025
ئه‌م بابه‌ته 936
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت