حكومه‌تی هه‌رێم 45 ملیار دینار بۆ سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه، گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕین ته‌رخان ده‌كات
وێستگه‌نیوز-
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 30ی نیسانی 2025 وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند كه به فه‌رمانی ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی و ئابووری، بڕی 45 ملیار دینار بۆ ته‌واوكردنی پرۆژه‌كانی پارێزگاكانی سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه و ئیداره‌ی گه‌رمیان و راپه‌رین ته‌رخان كرا.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هاتووه كه "به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون بۆ كێشه و گرفته‌كانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه و ئیداره‌ی گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕین له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا، ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی و ئابووری حكوومه‌تی هه‌رێم سه‌رپه‌رشتی چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كی كرد له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئیداری و یه‌كێتی به‌ڵێنده‌ران و بانكه‌كانی سه‌ر به‌وه‌زاره‌ت، دوای ئه‌و كۆبوونه‌وانه و ئاگاداربوون له كێشه و گرفته‌كان، وه‌زیری دارایی و ئابووری چه‌ند بڕیارێكی له‌به‌رژه‌وه‌ندی به‌ڵێنده‌ران و ئه‌و كۆمپانیایانه ده‌ركرد كه سه‌رقاڵی ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌كانن له‌و سنوورانه".
ئاماژه به‌وه‌شدراوه كه "وه‌زیری دارایی بڕیاریدا به خه‌رجكردنی زیاتر له 45 ملیار دینار بۆ ده‌رمان و پێداویستی ته‌ندروستی سلێمانی و نه‌خۆشخانه‌ی هیوا و شه‌قامی 100 مه‌تری سلێمانی و ڕێگای دووسایدی كه‌لار - ده‌ربه‌ندیخان و شایسته‌ی كۆمپانیاكانی خۆڵ و خاشاك و پڕۆژه به‌رده‌وامه‌كانی پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه و ئیداره‌ی گه‌رمیان و راپه‌ڕین".
هاوكات هه‌ر له چوارچێوه‌ی بڕیاره‌كاندا وه‌زیری دارایی و ئابووری بڕیاری دا به‌به‌رده‌وام بوونی لیژنه‌ی خه‌رجكردنی گه‌ڕانه‌وه‌ی (التأمینات و خطاب الضمان)ی به‌ڵێنده‌ران له‌سه‌رجه‌م بانكه‌كان ، به‌مه‌به‌ستی گه‌ڕانه‌وه‌ی پابه‌ندییه‌كان به پێی ڕێژه و گوژمه‌ی دیاریكراو.
1- 4،500،000،000 چوار ملیار و پێنج سه‌د ملیۆن دینار بۆ خه‌رجی ده‌رمان بۆ به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی سلێمانی.
2- 4،000،000،000 چوار ملیار دینار بۆ خه‌رجی ده‌رمان بۆ نه‌خۆشخانه‌ی هیوا.
3- 3،500،000،000 سێ ملیار و پێنجسه‌د ملیۆن دینار بۆ سه‌رجه‌م پڕۆژه‌كانی سلێمانی و ده‌وروبه‌ری.
4-3،000،000،000 سێ ملیار دینار بۆ سه‌رجه‌م پرۆژه‌كانی ئیداره‌ی گه‌رمیان.
5- 2،000،000،000 دوو ملیار دینار بۆ سه‌رجه‌م پڕۆژه‌كانی ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین.
6- 2،000،000،000 دوو ملیار دینار بۆ سه‌رجه‌م پڕۆژه‌كانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه.
7- 5،000،000،000 پێنج ملیار دینار بۆ پڕۆژه‌ی ڕێگای دووسایدی كه‌لار - ده‌ربه‌ندیخان.
8- 20،000،000،000 بیست ملیار دینار وه‌ك شایسته‌ی دارایی پڕۆژه‌ی شه‌قامی ( 100 ) مه‌تری سلێمانی ( شاڕێی بابان ).
9- 1،500،000،000 یه‌ك ملیار و پێنج سه‌د ملیۆن دینار پاره‌ی خۆڵ و خاشاك.
PM:04:38:30/04/2025
ئه‌م بابه‌ته 644
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت