سامان بەرزنجی: وەزارەتی تەندروستی ناوی چووە کتێبی گینسەوە


وێستگەنیوز_

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بەهۆی زۆر بڵاوکردنەوەى هۆشیاریی لەکاتی پەتای کۆرۆنادا، ناوی چووە کتێبی گینیسەوە.

پاش پێشوازی لە سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) لە عێراق، د. سامان بەرزنجى، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی هاوبەشى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەهۆى زۆر بڵاوکردنەوەى هۆشیارییە تەندروستییەکان لەلایەن وەزارەتەکەیانەوە، ناویان چووەتە کتێبی گینیسەوە.

وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەش دا، تۆمارکردنەکە دوای بەشداریکردنیان بووە لە رێوڕەسمێکدا لە شاری سلێمانی، لە ساڵی 2020، بە قردێلەیەک کە درێژییەکەی حەوت هەزار و 229 مەتر و 87 سانتیمەتر بووە.

هەروەها لەبارەی تۆمارە پێوانەییەکەوە وتی: "ئێستا خەڵکی کوردستان وەک هۆشیارترین کۆمەڵگەی تەندروستی ناویان چووەتە کتێبی گینس."

هاوکات جەمیلە راعبی، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO لەعێراق رایگەیاند، کەرتی پزیشکی لە هەرێمى کوردستان پێشکەوتووە.

دووپاتیشی کردەوە کە، "پابەند دەبن بەوەی ئەو دەرمان و چارەسەرە پزیشکییانەی دەینێرنە هەرێمی کوردستان، باشترین کوالێتی بێت."


PM:12:25:30/04/2025


ئه‌م بابه‌ته 464 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت