وەزارەتی دارایی هەرێم لەسەر لیستی مووچە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە


وێستگەنیوز-

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لەسەر تێبیینییەکانی حکومەتی عێراق لەسەر لیستی مووچەی مانگی نیسان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

ئەمشەو سێشەممە 29ی نیسانی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لە چەند پەیج و میدیایەک هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە ئاماژەیان بەوەکردووە وەزارەتی دارایی عێراق چەند تێبینییەکی لەسەر لیستی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هەبووە، یەکێک لە تێبینییەکان لەسەر مووچەی بانکە حکومییەکان بووە بۆ مانگی نیسان کە گوایە داوای دوو مووچە بۆ بانکەکان کراوە و لەناو لیستەکاندا ناوی دوو بانک لە بیر کراوە و دواتر چارەسەرکراوە".

ئاماژە بەوەکراوە، "بە پێویستمان زانی بۆ هەموو لایەکی ڕوون بکەینەوە ئەو هەواڵە هیچ بنەمایەکی نییە و بۆ مانگی نیسان هاوشێوەی مانگەکانی پێشوو تەنها داوای یەک مووچە بۆ فەرمانبەرانی بانکەکان کراوەو هیچ گۆڕانکارییەک لەلیستی مووچەکانیان نەکراوە".

ئەوەشخراوەتەڕوو، "هەرچەندە داواکردنی دوو مووچە بەپێی یاسا بۆ فەرمانبەری بانکەکان بۆ مانگەکانی نیسان و ئاب و کانونی یەکەم ئاساییە و ساڵانە هەر فەرمانبەرێکی بانک لە عێراق و هەرێمی کوردستان پانزە مووچە وەردەگرن کە سێ مووچەیان زێدەکییە".


PM:10:59:29/04/2025


ئه‌م بابه‌ته 512 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت