کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەبارەی دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆکانی هەرێم بەڕێوەچوو
وێستگەنیوز-
بە مەبەستى گفتوگۆکردن لەبارەى پرسی دامەزراندنی سێ یەکەمەکانى زانکۆکانی هەرێمى کوردستان و فەرمانبەرانی گریبەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى و چەند پرسێکی هاوبەش، کۆبوونەوەى وەزیرى خوێندنى باڵاى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ سەرۆکى ئەنجومەنى ڕاژەى حکومەتى هەرێم بەڕێوەچوو.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم بڵاویکردەوە، دواى نیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە 29ی نیسانی 2025، د. ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى، پێشوازیکرد لە سیراج بارزانى سەرۆکى ئەنجومەنى ڕاژەى حکومەتى هەرێمى کوردستان.
لە دەستپێکدا وەزیرى خوێندنى باڵا دواى بەخێرهێنانى شاندی میوان، کورتەیەکى لەبارەى پرسە هاوبەشەکانى نێوان هەردوولا پێشکەش کرد کە بریتى بون لە: دامەزراندنى سێ یەکەمەکانى سەر ئاستى بەش و کۆلێژەکان لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان لە ساڵانی خوێندنی (2017-2018 هەتا 2021- 2022).
وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەکرد، "مەبەستمانە پێکەوە هەماهەنگی بکەین بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی کاری شایستە بۆ گەنجانی وڵاتەکەمان و سوود لە توانایان وەربگرین بۆ گەشەپێدانی هەمەلایەنەی وڵات و رێگر بین لە کۆچی هزر و تواناکانی گەنجان کە گرنگترین سەرمایەی وڵاتەکەمانن".
هەروەها وەزیری خوێندنی باڵا دوپاتی کردەوە، "دەرچووە سێ یەکەمەکان کەسانی زیرەک و سەرکەوتوو و بەتوانای وڵاتەکەمانن، هەموو ژیان و سەرمایەی خۆیان بۆ گەشەپێدانی لایەنی زانستی و ئەکادیمی تەرخان کردوە، بۆیە شایەنی دامەزراندن و رەخساندنی هەلی کاری شایستە و سەقامگیری ئابوورین".
لەلایەن خۆشییەوە سەرۆکى ئەنجومەنى راژە دووپاتیکردەوە، لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەماهەنگ و هاوکارین بۆ کۆى پرسە گرنگەکانى پەیوەست بە دامەزراندنى سێ یەکەمەکان.
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بە ئامادەکردنى کۆنوسێکى هاوبەش لە نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئەنجومەنى راژە، تیایدا ئاماژە بە زەرورەتى دامەزراندنى سێ یەکەمەکان و پێویستیان لە دامەزراوەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بخرێتەڕوو، دواتر لەڕێگەى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان ئاراستەى لایەنە پەیوەندیدارەکان بکرێت، بۆ ئەوەى بودجەى پێویست بۆ دامەزراندنیان تەرخان بکرێت.
PM:10:37:29/04/2025
ئهم بابهته 620
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت