قوباد تاڵه‌بانی: قۆناغێكی نوێی گفتوگۆكانی‌ نێوان پارتی و یه‌كێتی ده‌ستی پێكردووه‌


وێستگه‌نیوز-
جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ قۆناغێكی نوێی گفتوگۆكانی‌ نێوان پارتی و یه‌كێتی بۆ پێكهێنانی‌ كابینه‌ی‌ نوێی‌ حكومه‌ت ده‌ستی پێكردووه‌، هیواشی‌ خواست به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی‌ عێراق، كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی‌ هه‌رێم پێكبهێنرێت.


به‌گوێره‌ی‌ راگه‌یه‌ندراوێكی‌ نووسینگه‌كه‌ی‌، قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان پێشوازیكرد له‌ ستیڤن بیتنه‌ر، كونسوڵی گشتیی ئه‌مریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان و پێكه‌وه‌ تاووتوێی دۆخی ناوخۆی هه‌رێم و گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێیان كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ رۆژی سێشه‌مه‌ (29/4/2025) به‌ڕێوه‌چوو، باس له‌ دواین به‌ره‌وپێشچوونه‌كانی دانووستانه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرا.

جێگری سه‌رۆك وه‌زیران به‌ ئاماژه‌دان به‌ دواكۆبوونه‌وه‌ی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند، "قۆناغێكی نوێی گفتوگۆكان ده‌ستی پێ كردووه‌ و به‌رده‌وامیش ده‌بین تا ئه‌و كاته‌ی ده‌گه‌ینه‌ رێككه‌وتنی كۆتایی".

قوباد تاڵه‌بانی جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ مه‌به‌ستیانه‌ "حكومه‌تێكی به‌هێز و یه‌كگرتوو و خزمه‌تگوزار پێكبهێنن و هیواشی خواست له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا و به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كابینه‌ی نوێ پێكبهێنرێت".




PM:05:56:29/04/2025


ئه‌م بابه‌ته 540 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت