ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە بارەی هێرشکردنە سەر پێشمەرگە لە ئامێدی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
وێستگەنیوز_
دوێنی دووشەممە، 28ـی نیسانی 2025، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە سنووری ئامێدی بە خاڵێکی هێزەکانی پێشمەرگە دا تەقییەوە و بەهۆیەوە سێ پێشمەرگە بریندار بوون. ئەمڕۆش لە هەمان شوێن بە درۆنێکی دیکە هێرش کرایە سەر خاڵێکی پێشمەرگە و بەهۆیەوە دوو پێشمەرگە بریندار بوون. لە پاش رووداوەکە، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشە درۆنییەکانی سەر خاڵەکانی پێشمەرگە لە سنووری ئامێدی دەڵێت: "هەندێ لایەن و گرووپ هەوڵ دەدەن پرۆسەی ئاشتی و سەقامگیری لە دەڤەرەکەدا پەک بخەن."
دەقی راگەیەندراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
دوێنێ و ئەمڕۆ بەیانی گرووپێکی تیرۆریستی، لە دوو هێرشی جیاوازدا، بە درۆن بنکەکانی هێزی پێشمەرگەیان لە سنووری پارێزگای دهۆک کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا پێنج پێشمەرگە بریندار بوون.
بارودۆخی بریندارەکان باشە و پێشمەرگەکان ئامادەن بە ئیرادەیەکی پۆڵایین بەرپەرچی هەرجۆرە پیلان و هێرشێکی ناحەزان بدەنەوە.
لە کاتێکدا کە پرۆسەی ئاشتی لە باکوور و کۆنفرانسی یەکێتیی لایەنە کوردستانییەکان لە ڕۆژئاوا و پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم خەریکە بە ئەنجام دەگات، هەندێ لایەن و گرووپ هەوڵ دەدەن پرۆسەی ئاشتی و سەقامگیری لە دەڤەرەکەدا پەک بخەن.
ئێمە لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان وێڕای سەرکۆنەکردنی ئەم هێرشە تیرۆریستییانە، هۆشداری دەدەینە هەموو ئەو گرووپ و لایەنانەی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج.
هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئامادەن بۆ کاردانەوەی گونجاو بەرامبەر بە هەر هێرشێکی تێکدەرانە.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
29ی نیسانی 2025
PM:12:45:29/04/2025
ئهم بابهته 1204
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت