باوکی هەکاری بۆ بافڵ تاڵەبانی: پێویستە گەورەترین ئیجرائات لەگەڵ ئەو هێزە نامۆڕاڵییە بکرێت کە هێرشی کردە سەر زیاد جەبار


وێستگەنیوز_

باوکی ئەفسەرێکی دژەتیرۆری یەکێتی لەبارەی شەڕەکەی دوێنێی هێزەکەی ئاسایش و پاسەوانەکانی زیاد جەبار هاتە دەنگ و داواکارە بافڵ تاڵەبانی "سزای تووندی بکەرانی ئەو ڕووداوە" بدات. 

فوئاد ئەبوبەکر، باوکی هەکاری، کە ئەفسەرێکی باڵایە لەناو هێزەکانی دژە تیرۆری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، دەڵێت: "نامەیەک بۆ سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، ئەوەی ئەمرۆ بەرامبەر هەڤاڵ و هاوڕێمان کاک زیاد جەبار کرا، بە دڵنیاییەوە دژی هەموو کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و تێکۆشەرانی یەکێتییە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "دەمێکە هێزە ئەمنییەکان زۆر لە پای خۆیان چوونەتە دەرەوە، بۆیە پێویستە گەورەترین ئیجرائات لەگەڵ ئەو هێزە نامۆڕاڵییە بکرێت کە دژ بە سەرکردایەتی حیزب دەست بەرز دەکەنەوە."

باوکی هەکاری دەشڵێت: "ئۆباڵی بەرپرسیارییەتی لێپرسینەوە دەکەوێتە دەکەوێتە سەر شانی تۆی بەرێز (بافڵ تاڵەبانی) بەو پێوەرەی کاک زیاد لێپرسراوی مەڵبەندە و کوڕی یەکێک لە شەهیدە سەربەرزەکانی یەکێتییە. پێویستە دەستبەجێ هەموویان زیندانی بکرێن و بە سزای خۆیان بگەیەندرێن."

ئەمە پاش ئەوە دێت، دوێنێ شەممە، 26ـی 4ـی 2025، دوای رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی بلە (ئیبراهیم ئەحمەد) لە سلێمانی، زیاد جەبار، ئەندامی سەرکردایەتی‌ و بەرپرسی مەڵبەندی یەکی سلێمانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لەبەردەم هۆڵەکە قسەی بۆ رۆژنامەنووسان دەکرد. دواتر لەکاتی کۆنگرەکەدا ئۆتۆمبێلێکی ئۆپەراسیۆنەکانی سەر بە ئاسایشی سلێمانی، هۆڕن لێدەدات و دەنگی بڵندگۆ (صافرە)ـەکەی دەکاتەوە و داوا دەکات بەردەمی چۆڵ بکەن. 

دواتر پاسەوانەکانی زیاد جەبار، لەگەڵ ئاسایشەکانی بەشی ئۆپەراسیۆن دەبێتە دەمەقاڵەیان و بە بۆکس و شەق لە یەکتریان دا. هەرچەندە زیاد جەبار هەوڵدەدات دۆخەکە هێوربکاتەوە، بەڵام ئەویش کەوتە نێوانیان و بە ئەستەم خۆی بۆ رزگار کرا و یارمەتییان دا لە قەرەباڵخییەکە بێتە دەرەوە. 

راستەوخۆ دوای رووداوەکە، دەزگای ئاسایشی هەرێم لە روونکردنەوەیەکدا لەبارەی رووداوەکە دەڵێت: "لێژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکهێنراوە، ئەوانەی سەرپێچی یاساییان کردووە و هێرشیان کردووەتە سەر پاسەوانەکانی بەڕێز زیاد جەبار، لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی، سەرجەمیان دەستگیرکراون و رێکاری یاسایی بەرامبەریان گیراوەتەبەر."

ئەمڕۆش یەکشەممە، قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی سکرتارییەتی مام جەلال سەردانی كرد و ڕایگه‌یاند: "پەیامی بافڵ تاڵه‌بانیم بۆ هێناوى‌و دڵنیاتده‌كه‌ینه‌وه‌، ڕێکاری یاسایی دەگرینه‌به‌ر بەرامبەر بەو هەڵەیەی دوێنێ بەرامبەر پاسەوانەکانتان ئەنجامدرا."


PM:04:31:27/04/2025


ئه‌م بابه‌ته 7760 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو