لاهور شێخ جەنگی بۆ مەزڵوم عەبدی: ئەمڕۆ بۆ هەر چوار پارچەى کوردستان رۆژێکى مێژوویی و لەبیرنەکراوە


وێستگەنیوز-

سەرۆکی بەرەی گەل بەبۆنەی بەستن و سەرکەوتنى "کۆنفرانسى یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستى کورد لە رۆژائاى کوردستان پیرۆزبایی لە فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە" دەکات.


لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل لە پەیامێکدا رایگەیاند، "بەڕێز مه‌زڵوم عەبدى، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات.
پڕ بە دڵ پیرۆزبایی بەستن و سەرکەوتنى (کۆنفرانسى یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستى کورد لە رۆژائاى کوردستان)تان لێدەکەم، ئەمڕۆ نەک تەنها بۆ رۆژئاواى نیشتمان، بەڵکو بۆ هەر چوار پارچەى کوردستان رۆژێکى مێژوویی و لەبیرنەکراوە، ئێوە ئەو تێگەیشتنەتان ئاوەژوو کردەوە کە چەندین دەیەیە رۆچووەتە نێو مێشک و هزرى یەک بە یەکمان و تەنانەت دۆستەکانیشمانەوە کە پێیانوایە میللەتى کورد قەت نابنە برا، بەڵام ئێوە پێتاگوتین، دەتوانین برا بین و پشتوپەناى یەکدى بین".

ئاماژەی بەوەکرد، "هەڤاڵى بەڕێز، دڵنیام ئەم سەرکەوتنەتان درێژکراوەى سەرکەوتنەکانى 14 ساڵى رابردووە، ئێوە وەک چۆن لە مەیدانى شەڕى گەورەترین رێکخراوى تیرۆریستى جیهانیی سەلمانتان بێوێنەن لە خەبات و قوربانیدان و تائێستا بە خوێن و فرمێسک ئەزموونى رۆژئاواى نیشتمانتان پاراستووە، بەم هەنگاوەى ئێستاشتان کە دەستى ئاشتى و مەردایەتیان بۆ سەرجەم لایەنە کوردییەکان درێژکردووە، دەتوانن پایەکانى ئەزموونەکە تۆکمەتر بکەن و وێنایەکى جوانى نەتەوەى کورد پیشانى هەموو جیهان بدەن".

لە پەیامەکەشدا هاتووە، "شانازیی دەکەم وەک چۆن دە ساڵ لەمەوبەر کۆبانێمان بەتەنیا بەجێنەهێشت و هاوكار بوين بۆ کردنەوەی دەرگا داخراوەکان بەڕوی ڕۆژئاوا، ئێستاش بە هەمان گیانى نەتەوەییەوە بۆ ئەوەى ئەم کاروانە ئاشتى و برایەتییە بگاتە دوامەنزڵ، هەرچییەکمان لە دەستبێت درێغى ناکەین، لە ماوەکانى رابردوودا کارمان لەسەر لێکنزیکبوونەوە و تواندنەوەى بەستەڵەکى نێوان لایەنە کوردییەکان کردووە و ئێستاش کار بۆ بەهێزترکردنى دەکەین، لەسەر ئاستى نێودەوڵەتی و لاى وڵاتانى دۆست و هاوپەیمانانیش، بەردەوامین لە کۆکردنەوەى پشتیوانى زیاتر تاوەکو لەم قۆناغە نوێیەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، دەستکەوتەکانى نەتەوەکەمان پارێزراوبن و تۆکمەتریان بکەین".


PM:10:38:26/04/2025


ئه‌م بابه‌ته 1516 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت