ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان چەند رێنماییەکی تایبەت بە خۆپاراستن لە خۆڵبارین بڵاوکردەوە
وێستگەنیوز_
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند رێنماییەکی تایبەت بە خۆپاراستن لە خۆڵبارین بڵاوکردەوە و باس لەوە دەکات، پێویستە ماسک بەکاربهێنرێت.
ماوەی دوو رۆژە شەپۆلێکی خۆڵبارین ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و عیراقی گرتووەتەوە و کەشناسیش پێشبینی دەکات، ئەمڕۆ و سبەینێ خۆڵبارینەکە بەردەوام بێت.
لەوبارەیەوە ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رێنماییەکانی کاتی خۆڵبارینی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، تاوەکو دەتوانیت لە ماڵەوە بمێنەرەوە و مەیە دەرەوە، هەروەها ئاو زۆر بخۆرەوە.
رێنماییەکان:
-پێویستە دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکەت دابخەیت.
-راهێنانی قورس ئەنجام مەدە.
-ئەگەر هەستت بە بێتاقەتی و هەناسەتەنگی کرد، سەردانی پزیشک بکە.
-خۆڵبارین کاریگەریی دەکاتە سەر دەم و چاو و لوت، بۆیە بەکارهێنانی ماسک پێویستە.
-خۆڵبارین مەترسیدارە بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشی دڵ و رەبۆیان هەیە، هەروەها بۆ منداڵ و ژنانی دووگیان.
ئەگەر لەناو ئۆتۆمبێلدا بوویت و خۆڵبارینێکی چڕ بوو:
-لە لایەکی شەقامەکەوە بوەستە و دڵنیابە لەوەی ئۆتۆمبێلەکەت ناجوڵێ، هەروەها هێمای چواری دابگیرسێنە.
-لەناو ئۆتۆمبێلەکەتدا بمێنەرەوە .
-پەنجەرەکان دابخە.
-هەوای ناو ئۆتۆمبێلەکەت دابگیرسێنە.
PM:06:58:25/04/2025
ئهم بابهته 356
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت