بەرەی گەل: تەنها لێکنزیکبوونەوە هەیە، رێککەوتن نەکراوە


وێستگەنیوز- سازگار ئەحمەد

بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەستیکردووە بە تۆماركردنی لیست و هاوپەیمانێتییەكان، لە هەرێمی کوردستانیش بەشێک لە لایەنەکان هەوڵی هاوپەیمانێتی دەدەن بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن.

ئەمڕۆ هەینی 25ی نیسانی 2025، بەختیار شاوەیس، وتەبێژی بەرەی گەل بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "گفتوگۆکان بۆ یەک هەڵوێستی بەرامبەر بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەردەوامی هەیە و لێک نزیکبوونەوە هەیە لەنێوانمان، بەڵام گفتوگۆ و رێککەوتن نەکراوە بۆ هاوپەیمانێتی تەنها بابەتی یەک هەڵوێستی هەیە، هەروەها ئێمە زیاتر تیشک دەخەینە سەر ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کە ساڵانی رابردوو دەنگی کورد زۆر بە پەرتەوازە بووە بە تایبەت هی لایەنەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە دەمانەوێت بەر بەوەبگرین دەنگەکانی کورد لە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بە فیڕۆنەچێت".

بەختیار شاوەیس وتی، "لەنێوان لایەنەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی لێک نزیکبوونەوە هەیە لەنێوانمان دەمانەوێت جۆرێک لە هاوهەڵوێستی دروست بێت بەرامبەر بە هەندێک پرس، بۆ نمونە دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە زیاتر لە شەش مانگە هەڵبژاردن کراوە کە هەمووی بە زیان دەگەڕێتەوە بۆ خەڵک".

لەبارەی پەرلەمانی کوردستانیشەوە ئاماژەی بەوەدا، "ئەو پەرلەمانەی هەڵبژێدراوە پەرلەمانێکی ناکارایە و هیچ کاریگەریی نییە لەناو پرۆسەی سیاسی، هەروەها تائێستا پرسی مووچە چارەسەر نەکراوە، بۆیە دەمانەوێت لەگەڵ لایەنەکان هاو هەڵوێست بین لەبارەی ئەم پرسانە".

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە سۆشیال میدیا و بەشێک لە میدیاکان پرسی رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان ئۆپزسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق گەرمە، بەڵام وەک لایەنەکان خۆیان ئاماژەی پێدەکەن تەنها گفتۆکراوە و هیچ رێککەوتنێک ئەنجام نەدراوە.

بڕیارە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی 2025، بەڕێوەبچێت، تۆماركردنی لیست و هاوپەیمانێتییەكان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن دەستیپێكردووە.


PM:02:38:25/04/2025


ئه‌م بابه‌ته 768 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت