51 ساڵ بەسەر بۆردومانكردنی قەڵادزێ تێدەپەڕێت


وێستگەنیوز_

ئەمرۆ پێنجشەممە، 51 ساڵ بەسەر بۆردومانكردنی قەڵادزێ تێدەپەڕێت. لە ساڵی 1974 قەڵادزێ و زانكۆی سلێمانی لەلایەن رژێمی پێشوو بۆردومانكران؛ و لەئەنجامدا 163 كەس شەهیدبوون كە 9 كەسیان خوێندكاری زانكۆ بوون و نزیكەی 300 كەسیش برینداربوون، 9 بینای حكومی، بینای زانكۆ وێران كران و روخێنران.

رۆژی 24ی نیسانی 1982 واتە لە ساڵڕۆژی بۆردومانەکەدا خەڵكی قەڵادزێ لەدژی رژێمی پێشوو راپەڕین، بەڵام رژێم بە تەقەکردن وەڵامی دانەوەو لە ئەنجامدا دوو كەس بە ناوی خوشكە سنەوبەرو دایە ئامینە شەهیدبوون و 5 كەسیش برینداربوون.

لەكارەساتی قەڵادزێدا چوار فڕۆكەی سیخۆی روسیی ژمارە 7 بەسەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆکی رژێمەکە بەکارهات و تێیدا ناوچەکە بە بۆمبی ناپاڵمی قەدەغەكراو خەڵتانی خوێن کرا.

رژێمی بەعس بۆ لەناوبردنی كورد و بەتایبەت ئەو دەڤەرە، لە پیلانێكی نوێدا سیاسەتی راگواستنی پیادەكرد، ئەوەبوو ساڵی 1978 تاوەکو 1979 زۆربەی دانیشتووانی گوندەكانی بۆ ئۆردوگا زۆرەملێكانی (پێماڵك، بەستەستێن، چوارقوڕنە، توەسوران) راگواست و سەرجەم گوندەكانی بە مزگەوتەكانیشەوە سوتاند.

لە ئێستاشدا ساڵانە جەماوەری قەڵادزێ لە 24ی نیساندا چالاکیی جۆراوجۆر بۆ بیرهێنانەوەی کارەساتەکە و باسکردنی بۆ نەوەکانی ئێستا ئەنجام دەدەن.


AM:09:52:24/04/2025


ئه‌م بابه‌ته 304 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت