ستران عه‌بدوڵا: گه‌ر له‌ 11ی حوزه‌یران لێمان بپرسن ده‌ڵێم له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنین له‌ واده‌ی خۆیدا

‌ستران عه‌بدوڵا

وێستگه‌نیوزـ

ستران عه‌بدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگه‌یاند، "بۆ یەك ساڵێک تەمەنی پەرلەمان درێکرایەوە بۆئەوەی بگەینە رێککەوتن، ده‌شڵێت: "گه‌ر 11ی حوزه‌یران لێمان بپرسن ده‌ڵێم له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنین له‌ واده‌ی خۆیدا".

ستران عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکرادایەتی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی شرۆڤەی کەناڵی گەلی کوردستان رایگەیاند: "خراپترین جۆری درێژکردنەوەی تەمەنی دامەزراوەکان ئەوەیە کە بکرێتە نەریت و عادەت وە کارێکی خراپە رابێین لەگەڵ درێژکردنەوەی تەمەنی دامەزراوەکان بەتایبەت ئەو دامەزراوانەی کە خۆیان سەرپەرشتی پرۆسەی دیموکراسی دەکەن".

ئاماژەی بەوەشدا، بۆیە ساڵێک تەمەنی پەرلەمانیان درێژکردەوە بۆئەوەی بگەنە رێککەوتن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ده‌شڵێت، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دواکۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی خۆیدا بڕیاریدا بەوەی سکاڵا لەسەر هەر کەس و لایەنەێک تۆماربکات کە هەوڵ بۆ درێژکردنەوەی ماوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بدات.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا ستران عەبدوڵا وتی: "ئێمە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنین لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا نامەوێت هیچ کەسێک لە دەمی یەکێتییەوە بیبیستێت کە هەڵبژاردن دوادەکەوێت، بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی کە باس لە دواخستنی هەڵبژاردن دەکەن خۆیان بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆ بگرن دواتر تاوانە مێژووییەکەی بخاتە ئەستۆی خۆی".

ئەوەشی خستەڕوو، لە ماوەکانی رابردوودا هەندێک پرس و بابەت هەبووە لەکاتێکدا زانیومانە لایەنی بەرامبەر دژواری دروستدەکات لە پێناوی کوردستان و وەک پەرۆشییەک یەکیتی لەگەڵ بابەتەکەدا رۆشتتوە، بەڵام ئەمجارە یەکێتی سورە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن.
 
هەروەها ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی باسیلەوەشکرد، دواخستنی هەڵبژاردن خویەکی خراپە هەرچەندە لە ناو واقعی سیاسیدا هەستی پێ ناکەین، بەڵام  دواتر زەرەرو زیانەکانی هەست پێدەکەین، لەبەرئەوە دواخستنی هەڵبژاردن لە رێز و هەیبەتی پەرلەمان  و حکومەت دەهێنێتە خوارەوە بەتایبەت بەرامبەر بەدەرەوە، وتیشی: "ناتوانین بەحکومەتێکەوە کە تەمەنی درێژکرابیتەوە دەنگی دلێر بێت بەرامبەر بە دەرەوە بەتایبەت حکومەتی عیراق".

باسی له‌وه‌شكرد، "ئەگەر 11ی حوزەیران لێمان بپرسن، دەڵێم لەگەڵ هەڵبژاردنین لەوادەی خۆیدا کە 10ی حوزەیرانە. بۆ ئەوەی دواخستنی نەسەلمێنین، ئەوەی دوای دەخات با خۆی دواخستنی بگرێتە ئەستۆ".


PM:11:10:22/05/2024


ئه‌م بابه‌ته 1128 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت