سەیوان ئیبراهیمی، هاوسه‌ری زارا محەمەدی به‌ 11 ساڵ زیندانیكردن سزا درا

‌سەیوان ئیبراهیمی و زارا محەمەدی

وێستگه‌نیوزـ

سەیوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی کوردی و هاوسه‌ری زارا محەمەدی لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سنە، بە 11 ساڵ بەندکران سزا درا.

ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 3ی كانوونی دووه‌می 2023، سەیوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی کوردی لە ئیسنتاگرامی خۆی بڵاوی کردووەتەوە کە، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر کەرەمی، بە تۆمەتی "دروست کردنی گرووپ بۆ تێکدانی ئاسایش" بە 10ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی حکوومەت" بە یەک ساڵ بەندکران و بە کۆی گشتی بە 11 ساڵ بەندکران سزا درا.

سەیوان ئیبراهیمی، لەکۆتایی هاوینیشدا لە دۆسیەیەکی دیکە، لەلایەن دادگای تاوانەکانی شاری سنە بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی" بە یەک ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە و لێدانی 40 قامچی سزا درا. لە دادگای پێداچوونەوە سزاکان، سزای بەندکران و لێدانی قامچییەکەی پەسەند کرا و سزای دوورخستنەوەی بۆ بەندیخانەی دێزڵئاوا لە شاری کرماشان هەڵوەشایەوە.

سەیوان ئیبراهیمی، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی، باسی هۆکاری سەپاندنی سزاکەی کرد کە 12 ساڵ بەندکرانە، "بەرپرسیارییەتی لە ئەنجوومەنی نۆژین و چالاکییەکانی ئەم ئەنجوومەنە"، "پشتگیری لە خۆڕاگریی هاوسەره‌کەی، زارا محەمەدی"، "بڵاوکردنەوەی وێنەی شەهیدان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان" هەروەها، "هەبوونی پەیوەندیی بە کەناڵی کورد تی ڤی" ناوبردووە و رایگەیاندووە کە لە هەبوونی ئەم کەناڵە ئاگادار نییە.

سەیوان ئیبراهیمی، ئەندامی بەڕێوه‌بەری ئەنجوومەنی فەرهەنگیی و کۆمەڵایەتیی نۆژین، ساڵی رابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کرا، دواتر بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتایی دادگایەکەی لە بەندیخانەی سنە ئازاد کرا.


AM:09:55:04/12/2023


ئه‌م بابه‌ته 1936 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت