یوسف محەمەد: ناردنی مووچهی فهرمانبهرانی ههرێم له لایهن بەغداوه بهتهواوی یاسایی و دهستوورییه
یوسف محهمهد، سهرۆكی پێشووی پهرلهمانی كوردستان
وێستگهنیوزـ
یوسف محهمهد، سهرۆكی پێشووی پهرلهمانی كوردستان رایگهیاند، ناردنی راستەوخۆی مووچە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە دەستورییە، هیچ رێگرییەكی یاسایی و دەستووری نیە، بۆ ئەوەی بەغدا راستەوخۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بدات.
چەند رۆژێك پێش ئێستا ژمارەیەك لە مامۆستا و فەرمانبەرانی هەرێم بە یاوەریی غالب محەمەد و یوسرا رەجەبی پەرلەمانتارانی پێشوی عێراق سەردانی چەند پەرلەمانتارێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیان كرد و داوایان كرد كە راستەوخۆ حكومەتی فیدڕاڵی عێراق مووچەكانیان دابین بكات، هاوكات رۆژی دووشهممه 2ی تشرینی یهكهمی 2023، فراكسیۆنەكانی (یەكێتی، نەوەی نوێ، یەكگرتوو، كۆمەڵ) لە پەرلەمانی عێراق جگە لە فراكسیۆنی پارتی، واژۆیان كۆكردەوە و داوایان كرد مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان راستەوخۆ لە بەغداوە بدرێت، كۆكردنەوەی واژۆی فراكسیۆن و پەرلەمانتاران لە كاتێكدایە كە فەرمانبەران و مووچەخۆرانیش هەڵمەتێكی واژۆكۆكردنەوەیان راگەیاندووە بۆ ئەوەی راستەوخۆ مووچەكانیان لە رێگەی بەغداوە بێت.
یوسف محەمەد، بۆ درهو ئاماژەی بەوەشداوه: "رەسمكردنی سیاسەتی دارایی (كە پرسی مووچەش ئەگرێتەوە) بە پێی مادەی (110/ سێیەم)ی دەستور لە سەڵاحیاتە حەسرییەكانی دەسەڵاتە ئیتیحادییەكانە، لەبەر ئەوە رێگری دەستوری نیە، ھەروەھا ھەرێم ھیچ یاسایەکی تایبەتی نییە بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی ھەرێم بەڵکو ھەر یاساکانی عێراق راستەوخۆ جێبەجێ ئەکات بە یاساکانی سەردەمی رژێمی پێشوش، وەک یاسای خزمەتی شارستانی ژمارە (24)ی ساڵی 1960ی ھەموار کراو، یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ژمارە (22)ی ساڵی2008ی ھەموار کراو و ھەروەھا یاساکانی خانەنشینیش. بۆیە لەبەر ئەوەی یاساكانیش بۆ مووچە وەک یەکن، ئاسانترە وەك لەوەی ئەگەر یاساكان جیاواز بوونایە.
"ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی ھەرێم پێشێلی ئەو یاسا فیدڕاڵییانەیان کردوە لە پێنەدانی مووچەی تەواوی موچەخۆران و خانەنشینان و، وەستاندنی نایاسایی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، ئەو داواکارییە بەھێزتر ئەکات کە راستەوخۆ مووچە لە لایەن حکوموتی فیدڕاڵەوە بدرێت بە مووچەخۆرانی ھەرێم"، یوسف محهمهد وای وتووه.
بە وتەی د. یوسف محەمەد رەنگە ئێستا خەرجكردنی مووچە راستەوخۆ لە رێگەی بەغداوە ئاسانتر بێت چونکە پێشتر کاتێک چەند ھاوڕێیەکمان لە ھاوپەیمانیی ھیوا بەتایبەت (د. رێبوار كەریم مەحمود) و هاوڕێیانمان لە لیژنەی دارایی لە ساڵەکانی 2020 و 2921 پێشیازی ئەوەیان کرد کە راستەوخۆ مووچە لە لایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە بدرێت، بەشێکی کوتلە سیاسییەکان و تەنانەت حکومەتی فیدڕاڵیش ئەوەیان رەتکردەوە و دەیانوت حكومەتی هەرێم نەوت دەفرۆشێت و پێویستە لە داهاتی نەوت مووچە دابین بكات، ئێستا کە فرۆشتنی نەوتی ھەرێم بە رەسمی راگیراوە، ئەرکی حکومەتی فیدڕاڵە مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمیش ھاوشێوەی ھەموو ناوچەکانی تری عێراق دابین بكات کە ئەمەش تەنھا رێکاری ئیداری و بانکیی پێویستە.
وتیشی: "ئیتر کاتییەتی مووچە لە ململانێ سیاسییەکان جیابکرێتەوە، حكومەتی عێراق لە ئێستادا سەرقاڵی دابەشكردنی مووچەی مانگی (10)ی مووچەخۆران و خانەنشینانە، حكومەتی هەرێمی كوردستان هێشتا مووچەی مانگی تەمووزی بەتەواوی دابەشنەكردووە".
حكومەتی عێراق بڕیاریداوە بۆ سێ مانگ (9،10،11) بڕی 700 ملیار دینار بە سێ وەجبە بنێرێت بۆ مووچەخۆرانی هەرێم، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پارەی هاوپەیمانان و داهاتی ناوخۆ بە شێوەیەكی سست مووچەی مووچەخۆران دابەش دەكات.
لە پاڵ هەوڵی پێدانی راستەوخۆی مووچەی موچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە، هەوڵێكی دیكە هەیە بۆ ئەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم جیابكرێتەوە لە ناكۆكی و ململانێكانی نێوان هەولێر و بەغدا و لە یاسای بودجەدا جێگای بكرێتەوە و بەردەوام بێت.
PM:03:21:04/10/2023
ئهم بابهته 2496
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت