شوان کەلاری: راستەوخۆ ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ نادەستوورییە

‌شوان کەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق له‌ فراكسیۆنی پارتی

وێستگه‌نیوزـ

شوان کەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق له‌ فراكسیۆنی پارتی رایگه‌یاند، ناکرێت لەپێناو بانگەشەی هەڵبژاردن، باسی شتێک بکەیت کە بنەمای نییە، ده‌شڵێت، راسته‌وخۆ ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ نا ده‌ستوورییه‌.


شوان کەلاری، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "ئێمە وەک نوێنەرانی کورد لە بەغدا، غەدرێکی گەورە دەکەین ئەگەر بەمشێوازە مامەڵە لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکەین".

وەک ئەو پەرلەمانتارە بۆ كوردستان 24 ئاماژەی پێداوه‌، مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە 2014ـەوە بەرگەی دۆخێکی سەختیان گرتووە و ناکرێت لەپێناو بانگەشەی هەڵبژاردن، باسی شتێک بکەیت کە بنەمای نییە، وتیشی: "راستەوخۆ ناردنی مووچە لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم نادەستوورییە".

بە وتەی شوان کەلاری، ئەو پەرلەمانتارانەی واژۆکانیان کۆکردووەتەوە، هەر ئەو کەسانەن کە نەیانهێشت حکومەتی فیدراڵ 400 ملیار دینار بە قەرز بداتە هەرێمی کوردستان و لەسەر ئەو بابەتە سکاڵایان تۆمار کرد، هەروەها هەمان ئەو کەسانەشن کە دژی ناردنی 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان سکاڵایان تۆمار کرد.

هاوكات هه‌ر ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 4ی تشرینی یه‌كه‌می 2023، فوئاد حسێن، لە میانی لێدوانێكدا رایگەیاند: "بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە یاسای بودجەی گشتی عێراق چارەسەركراوە".

وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوەشی راگەیاند: "ئەوەی كێشەیە چۆنیەتی جێبەجێكردنی یاساكەیە، كە بەم نزیكانە ئەویش یەكلادەبێتەوە".

وەزیری دەرەوەی عێراق باسی له‌وه‌شكر، بڕیارە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە رێگەی بانکی TBIیەوە دابەشبکرێت.

لای خۆشیەوە سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی یاسا و دەستوور ئەم کێشەی مووچە چارەسەر دەکەن و لە پەرلەمانی عێراق گفتوگۆکراوە کە دەبێت فەرمانبەرانی هەرێم مافی خۆیان لە کاتی خۆیدا وەربگرن کە سەرەتایترین مافیان مووچەیە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی رابردوو جوڵانەوەی نەوەی نوێ و چەند فراکسیۆنێکی دیکە لە پەرلەمانی عێراق نوسراوێکیان ئاڕاستەی حکومەتی فیدراڵ کردووە کە مووچەی فەرمانبەران تێکەڵی کێشە سیاسییەکان نەکرێت و لە کاتی خۆیدا بنێردرێت.


PM:02:46:04/10/2023


ئه‌م بابه‌ته 1924 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو