وه‌زیری دارایی هه‌رێم له‌ باره‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران سه‌ردانی په‌رله‌مانی عێراق ده‌كات


وێستگه‌ نیوزـ

بڕیاره‌ رۆژی پێنجشه‌ممەی داهاتوو‌ وه‌زیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق بكەن و تێڕوانینی خۆی له‌سه‌ر پشكی هه‌رێم و موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بخاته‌ڕوو.

له‌ لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵی كوردستان24، نه‌رمین مه‌عروف، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی لە په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند، لە چوارچێوەی بەدواداچوونەکانی لیژنەی دارایی په‌رله‌مان لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لەسەر، میوانداری لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە، بڕیاریشە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بکات، بۆ ئەوەی تێڕوانینی خۆی لەسەر ئەو پرسە بخاتە روو، هاوكات تێڕوانینی هەردوولاش پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان بکرێت".

"وەک فراکسیۆنە کوردستانییەکان داوامان لە سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە، چارەسەرێک بۆ ئەو گرفتە بدۆزنەوە، بۆیە لە ماوەی رابردوودا لیژنەی دارایی میوانداری وەزیری دارایی عێراق و لیژنەی دانوستان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، کۆمپانیای سۆمۆ، ئەوەی ماوەتەوە وەڵام و تێڕوانینی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بەتایبەتی وەزیری دارایی و ئابووری". نه‌رمین مه‌عروف وای وت.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ به‌پێی دوایین رێككه‌وتن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێم، حكومه‌تی به‌غدا بڕیاریداوه‌ بۆ مانگه‌كانی 9 و 10 و 11ی ئه‌مساڵ، مانگانه‌ 700 ملیار دینار له‌ رێگه‌ی سێ بانكه‌وه‌ به‌ قه‌رز بداته‌ هه‌رێمی كوردستان.


PM:02:42:02/10/2023


ئه‌م بابه‌ته 2268 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت