بافڵ تاڵه‌بانی له به‌غدا، چاره‌سه‌ری ده‌ستووری و سیاسییانه‌ی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدای دووپاتكرده‌وه
وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌مینداری گشتیی بزووتنه‌وه‌ی بابلیون، چاره‌سه‌ركردنی ده‌ستووری و سیاسییانه‌ی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدای دووپاتكرده‌وه.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نووسینگه‌كه‌ی، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 21ی ئه‌یلولی 2023، بافڵ تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له به‌غدا چاویكه‌وت به ره‌یان كلدانی، ئه‌مینداری گشتیی بزووتنه‌وه‌ی بابلیون.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه كه "له دیداره‌كه‌دا ئیدانه‌ی هێرشكردنه سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی عه‌ربه‌ت كرا و جه‌خت له‌هه‌ماهه‌نگی و كاری هاوبه‌شی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان كرایه‌وه له‌پێناو رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئاڵنگارییه ئه‌منییه‌كان و رێگریكردن له‌و پێشێلكارییانه‌ی سه‌قامگیریی وڵات ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه. هه‌روه‌ها چاره‌سه‌ری ده‌ستووری و سیاسییانه‌ی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و پاراستنی مافه‌كانی مووچه‌خۆران دووپاتكرایه‌وه".
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو كه "بافڵ تاڵه‌بانی پێویستیی دروستكردنی كۆده‌نگیی نیشتمانیی له‌سه‌ر پرسه ئه‌منی، ئابوورییه‌كان و ئه‌و بابه‌تانه‌ی ره‌هه‌ندی نیشتمانی‌یان هه‌یه دووپاتكرده‌وه".
له‌باره‌ی پرسی هه‌ڵه‌بجه‌شه‌وه سه‌رۆكی یه‌كێتی رایگه‌یاند كه "هیچ هۆكارێك نییه بۆ رێگریكردن له به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه، به‌ڵكو به‌پرسیارێتیی هه‌موولایه‌كه خزمه‌تی شارێك بكه‌ن كه رووبه‌ڕووی چه‌كی كیمیایی بووه‌ته‌وه و زۆرترین قوربانیی داوه".
له‌لایه‌كی تره‌وه هه‌ر ئه‌مڕۆ بافڵ له به‌غدا چاویكه‌وت به ئه‌حمه‌د جه‌بووری (ئه‌بو مازن)، ئه‌مینداری گشتیی پارتی ئه‌لجه‌ماهیر و له‌دیدارێكدا چاره‌سه‌ركردنی كێشه سیاسییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور گفتوگۆی له‌باره‌وه‌كرا و داواكرا هه‌موولایه‌نه‌كان له‌پێناو به‌دیهێنانی به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكاندا هاوكار و هه‌ماهه‌نگبن.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی نووسینگه‌كه‌ی، "له‌درێژه‌ی دیداره‌كه‌دا ئیدانه‌ی هێرشه تیرۆریستییه‌كه‌ی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی عه‌ربه‌ت كرا و جه‌خت له یه‌كخستنی هه‌ڵوێسته‌كان بۆ پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیریی ناوچه‌كه كرایه‌وه، داواشكرا به‌زووترین كات ئه‌و كێشانه چاره‌سه‌ربكرێن كه په‌یوه‌سته به مووچه و قووتی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه".
سه‌رۆكی یه‌كێتی ئاماژه‌ی به سیاسه‌ت و ستراتیژی حزبه‌كه‌ی كرد بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان و رایگه‌یاند كه "پشتگیریی هه‌ر هه‌نگاوێك ده‌كه‌ین كه ئامانج لێی به‌دیهێنانی ئارامی و خۆشگوزه‌رانی بێت بۆ هاوڵاتییان، هه‌ماهه‌نگی و كاری هاوبه‌شیش فاكته‌ری سه‌ره‌كیی به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجه‌یه".
له‌باره‌ی پرسی به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی شاره‌كه‌وه، بافڵ تاڵه‌بانی داوای یه‌كده‌نگیی لایه‌نه سیاسییه‌كانی كرد و وتی: "خزمه‌تكردنی هه‌ڵه‌بجه پرسێكی ئه‌خلاقییه و ده‌بێت هه‌مووان پێكه‌وه هه‌وڵ بۆ به‌دیهێنانی مافه‌كانیان بده‌ین".
PM:05:21:21/09/2023
ئه‌م بابه‌ته 1748
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت