مه‌سرور بارزانی و جه‌نه‌راڵ جۆول ڤاوڵ هه‌نگاوه‌كانی یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌یان تاووتوێ كرد
وێستگه‌نیوز-
له‌میانی پێشوازیكردنی له فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له عێراق و سوریا، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند كه پێویسته ڕێگری له هه‌وڵه‌كانی نه‌كرێت له دانانی وه‌زیرێك كه توانای جێبه‌جێكردنی كارنامه‌ی حكومه‌تی هه‌بێت.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 21ی ئه‌یلولی 2023 مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له جه‌نه‌راڵ جۆول ڤاوڵ فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له عێراق و سوریا و شاندێكی یاوه‌ری كرد و له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه مارك سترۆ كونسوڵی گشتیی ئه‌مریكا له هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یی بوو، دوایین پێشهات و گۆڕانكارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و سوریا تاووتوێ كرا.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی حكومه‌تی هه‌رێم، "ته‌وه‌رێكی سه‌ره‌كی كۆبوونه‌وه‌كه، تایبه‌ت بوو به گفتوگۆكردن له‌باره‌ی پرۆسه‌ی چاكسازی له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و هه‌نگاوه‌كانی یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و ڕێكخستنه‌وه‌ی پێكهاته‌كانی".
له‌مباره‌یه‌وه سه‌رۆكی حكومه‌ت جه‌ختی له گرنگیی به‌رده‌وامبوون و خێراكردنی پرۆسه‌كه و پابه‌ندبوون به جێبه‌جێكردنی كارنامه‌ی كابنیه‌ی نۆیه‌م له بواری ڕێكخستن و یه‌كخستنی پێشمه‌رگه و دوورخستنه‌وه‌ی وه‌زاره‌ت له هه‌ر ده‌ستوه‌ردانێكی حزبی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی كه‌سیی كرده‌وه.
مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌و ده‌نگۆیانه دا كه گوایه كێشه له چاكسازییه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا هه‌یه و وتی: "پێویسته ده‌ستوه‌ردانی شه‌خسی و حزبی له وه‌زاره‌ت دوور بخرێته‌وه".
وتیشی: "پێویسته ڕێگری له هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆك وه‌زیران نه‌كرێت له دانانی وه‌زیرێك كه توانایی جێبه‌جێكردنی كارنامه‌ی حكومه‌تی هه‌بێت".
له به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، بیروڕا ده‌رباره‌ی بارودۆخی سوریا و به تایبه‌تی ئاڵۆزییه‌كانی ده‌ڤه‌ری دێرئه‌ززۆر و ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته ئاڵوگۆڕ كرا و هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌بایی نێوان كورد و عه‌ره‌ب و پێكهاته‌كانی ناوچه‌كه.
PM:04:39:21/09/2023
ئه‌م بابه‌ته 932
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت