لە گوندێکی ئاساییەوە بۆ سەیرانگایەکی گەشتیاری
وێستگەنیوز_ سروە ئەحمەد
گوندی ژاڵەناو لە رووی ئیدارییەوە سەر بە گەرمیانە، یەکێک بوو لەو گوندانەی بەشێک لە دانیشتوانەکەی بەمەبەستی دابین کردنی بژێوی ژیانیان دەرۆشتنە شار و پارێزگاکانی دیکەی عێراق، بەڵام نزیکەی سێ ساڵە بەشێک لەخەڵکی ناوچەکە کردویانە بە شوێنی گەشتیاری؛ لە ئێستادا بووەتە شوێنێک بۆ کار و بژێوی ژیانی ئەو سنوورە.
ئەکرەم مستەفا، لە گوندی ژاڵەناو نیشتەجێیە و خاوەنی چایخانەی ژاڵەناوە، لەبارەی پرۆژەکە و کارەکەی دەڵێت، ماوەی سێ ساڵە چایخانەم کردۆتەوە لەم گوندە، بژێوی 6 کەسی خێزانەکەمی لەسەرە، لەگەڵ ئەوەشدا لەناو چایخانەکەمدا کاری دارفرۆشتنیش دەکەم، دارەکان لە ناوچە شاخاوییەکان دەهێنم و دەیفرۆشمەوە بەو گەشتیارانەی کە سەردانی ئەم سەیرانگایە دەکەن.
دەشڵێت، لەوکاتەی ئەم پرۆژە دروستکراوە ئیشەکەی داهاتی باشتر بووە، خەڵکی دەربەندیخان و ژاڵەناویش زۆربەیان سودیان لەم پرۆژە بینیوە، لەوانە "وەستا، دوکاندار، کرێکار، خەڵکی ناوچەکە".
ئەو وتی،"پێشتر بۆ کرێکاری دەرۆشتمە دەربەندیخان، زەڕایەن، هەڵەبجە. بەڵام ئێستا ئیشەکە نزیک بۆتەوە لەتەنیشت ماڵەکەمەوەیە ئەمەش ئاسانکاریە بۆ من، پێویستم بەوە نیەبۆ کارکردن سەردانی ناوچەکانی دیکە بکەم".
سەیرانگای ژاڵەناو، سەرەڕای بوونی وەک ناوچەیەکی گەشتیاری، بووەتە هۆکارێک بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی هاوڵاتیانی ئەو گوندە، بەهۆیەوە زیاتر لە 100خێزان و هاوڵاتی کاری تێدادەکەن، هاوکات خەڵکی ئەم گوندە پێشتر بەکاری کشتوکاڵی بژێوی ژیانیان دابین دەکرد.
دانیشتوانی گوندی ژاڵەناو پێشتر کاری کشتوکاڵیان دەکرد، بەڵام لە ئێستا پرۆژەی گەشتیارییان بونیادناوە، ئدارەی گەرمیانیش رێکارە یاساییەکان و ئیدارییەکانی بۆ جێبەجێکردوون.
لاڤە عومەر، دەرچووی بەشی ئەندازیاری لەبارەی بەشداری ئافرەت لە پرۆژەی سەیرانگای ژاڵەناو دەڵێت، تەخەروجم کرد دانەمەزرام، پێشتر بۆ کارکردن دەڕۆشتمە قەزای کەلار، بەڵام لە ئێستادا لەم پرۆژەیە کاردەکەم، فرۆشگام هەیە و پەشمەک دروست دەکەم.
هەروەها دەشڵێت، لەم پرۆژەیە زیاتر لە 12 ئافرەت کاردەکەن کە بژێوی ژیانیان لەسەر ئەم پرۆژەیە و هیچ کارێکی دیکەیان نیە، لەوەرزی کارکردنی پرۆژەکەدا بژێوی ژیانمانی دابین کردووە.
لەبارەی کەسانی سودمەندبوو لە هەلی کار ئاماژەی بەوەشکرد، زیاتر لە 25 کەس لەرەگەزی نێر لەم پرۆژەیە کاردەکەن، ئەم پرۆژەیە ساڵی رابردوو نزیکەی 11 پرۆژە بوو، بەڵام ئێستا رێژەی پرۆژەکان زیاتر بووە بۆ زیاتر لە 23 پرۆژە، هاوکات پێش دروستکردنی ئەم پرۆژەیە بارودۆخی ئابوری خەڵکی ئەم ناوچەیە لاواز بوو، بەڵام دوای کەوتنەکاری پرۆژەکە بارودۆخی ئابوری گوندەکە باشتربووە، هەروەها سەرچاوەیەکی داهاتە بۆیان و دەتوانن ژیانیان بەڕێوە ببەن.
ئەم پرۆژەیە جگە لەرەخساندنی هەلیکار بۆ دانیشتوانەی بەدەرنیە لە بونی گرفت و بەربەست، هەروەک لاڤە عومەر، جەختیکردەوە، پرۆژەکە چەند کێشەیەکی هەیە کەلەروی خزمەتگوزارییەوە حکومەت بۆی دابین نەکردووە ئەمەش بووە بە گرفت و مەترسی رودانی روداوی نەخوازراو، لەوانەش" رێگاوبانی قیرتاونیە، کێشەی رشتنی خۆڵ و خاشاک کەتائێستا ئۆتۆمبێلی بۆ دابین نەکراوە، کەمی کارەباش یەکێکی دیکەیە لە کێشەکان، لەکاتی قەرەباڵخی و زۆری رێژەی گەشتیاری پێویستی بە بونی پۆلیسی هاتووچۆیە تاوەکو روداوی هاتوچۆو نەخوازراو رونەدات، بەڵام تا ئێستا بۆی دابین نەکراوە ".
هاوکات، ئەوەی کێشەی بۆ ئەم پرۆژەیە دروستکردووە دابین نەکردنی خزمەتگوزاری پێویستە لەلایەن حکومەتەوە، خاوەن پرۆژەکان وەک ئەرکی خۆیان کاری پێویستیان لە پرۆژەکانیان کردووە، پرۆژەکەش پێویستی بە کردنەوەی گەراجی ئۆتۆمبێلی زیاترە تاوەکو قەرەباڵخی ئۆتۆمبێل دروست نەبێ.
راشیگەیاند، ئەم پرۆژەیە سەردانیکەرانی بە پێی وەرزەکان دەگۆڕێت لەڕووی رێژەوە، بۆ نمونە گەشتیاران زیاتر لە وەرزەکانی بەهار و هاوین سەردانی دەکەن، لەوەرزە گەشتیاریەکانیش زیاتر لەدوو هەزار گەشتیار سەردانی ئەم سەیرانگایە دەکەن.
دوای کەوتنەکاری پرۆژەکە نزیکەی 20 دوکان بۆ فروشتنی خواردن و پێداویستی رۆژانەی هاوڵاتیان و گەشتیاران لەلایەن خەڵکی ناوچەکە کرایەوە، سەرەتا تەنها چەند دوکانێکی کەمی تێدا بوو بەپێی پێداویستی پرۆژەکەو ناوچەکە، خاوەن پرۆژەکان و خەڵکی ناوچەکە سەرقاڵی دروستکردنی بازاڕێکن لەناوچەکە، جگەلەمەش کردنەوەی هۆتێلێکی گەشتیاری و خواردنگەش بەشێکی دروستکراوە چاوەڕوان دەکرێت بەم نزیکانە تەواو بکرێت.
هەرلەبارەی دەستکەوتەکانی ئەم پرۆژەیە، ئەلەند سەڵاح، خاوەنی یەکێک لە پرۆژەکانی ئەم سەیرانگایە و دانیشتوی گوندی ژاڵەناوە، ئاماژەی بەوەکرد، چەندین کابینە و کەپرمان دروستکردووە لەناوچەکە، شوێنی مانەوە بۆ ئەوگەشتیارانی لە دوورەوە دێن و سەردانی ئێرە دەکەن، بۆ ئەوەی کە سەردانی ئێرەیان کرد زیاتر چێژ لە ناوچەکە ببین و کەشێکی خۆش بەسەربەرن.
ئەلەند جەختیشیکردەوە، زیاتر لە 23 پرۆژە دروستکراوە و لە هەر پرۆژەیەکیش چەند کارمەندێک کاری تێدادەکەن ، هاوکات هەلی کارمان رەخساندووە بۆ خەڵکی گوندەکە و دەوروبەری.
ساڵانە زیاتر لە دوو ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێم دەکەن، هەروەها دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم پلانی داناوە تا هەشت ساڵی تر رێژەی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان بگاتە 20 ملیۆن گەشتیار لە ساڵێکدا.
ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان، پێشتر لە گفتوگۆیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو، له ساڵی 2020 کهمترین ڕێژهی گهشتیار ڕوویکردۆته ههرێمی کوردستان، بههۆی ئهو داخستنه نێودهوڵهتیەی سەردەمی کۆرۆنا، بهڵام لهساڵی 2021 چوار ملیۆن گهشتیار زیادیکردووه، ئهگهر بهراوردی بکهین به 2019 پێش کۆرۆنا ڕێژهکه زیادیکردووه، لە ساڵی 2022 زیاتر لە 3 ملیۆن و 800 گەشتیار بووە، کهواته ساڵانه دوو ملیۆن گهشتیار زیاد دهبێت، بهو پێیه بێت بۆ ساڵی 2023 دهبێت ههشت ملیۆن گهشتیار، لهکۆتایی 2030 بهپێی ئهم ههشت ساڵهی که ئێمە پلانمان بۆ دانناوه ڕێژەی گەشتیاری بۆ هەرێمی کوردستان بگاتە 20 ملیۆن گەشتیار لە ساڵێکدا.
سەرباری تازە دروستکردنی و کردنی بە ناوچەیەکی گەشتیاری، بەڵام خەڵکێکی زۆر لە عێراق وناوچە جیاجیاکانی هەرێمەوە بۆ مەبەستی بەسەربردنی کات و گەشت سەردانی دەکەن.
یەکێک لەو گەشتیارانەی کە بۆ بەسەربردنی کات هاتبووە ناوچەکە، ئاماژەی بەوەکرد، ئێمە لە کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی کەلار سەردانی ئەم سەیرانگامان کردووە، شوێنێکی زۆر خۆشە و داخراوە، هەموو خزمەتگوزارییەکی تێدایە پێویستت بەدەرەوە نابێت، یەکێکە لەسەیرانگا ناوازەکانی کوردستان.
ئەوگەشتیارە وتیشی، هیوادارم زیاتر پەرەی پێبدرێت، خەڵکی سەردانی بکەن و ئاشنابن بەم کەشوهەوا خۆشە.
جگە لەوەی ئەم پرۆژە بوو بەسەرچاوەی داهاتی ئەم گوندەو سنورەکەی، بوو بە هۆکارێکیش کە پرۆژەکە گەورە بکرێتەوە بکرێتە پلانی حکومەت.
هاوکات دوای کەوتنەکاری پرۆژەکە حکومەت و وەزارەتی گەشتوگوزاری هەرێم بڕیاریدا کە روباری سیروان بکرێتە شوێنێکی گەشتیاری و لەسەرتەواوی روباری سیروان شوێنی گەشتیاری دروست بکرێت.
مامۆستا هێرش فەیزوڵا، بەڕێوەبەری گەشت وگوزاری گەرمیان، لەبارەی ژمارەی ئەو گەشتیارانەی سەردانی گەرمیان دەکەن ئاماژەی بەوەکرد، ساڵی رابردوو 406هەزار و 623 گەشتیار هاتوونەتە ناو سنوری گەرمیان، زۆربەی گەشتیاران خەڵکی خوارووی عێراقن.
هاوکات بەراورد بە ساڵی رابردوو، لە مانگی یەکی 2023 ، 36هەزار و 736 کەس لە ناوچەکانی ئێران و خوارووی عێراقەوە لە رێگەی دەروازەکانی گەرمیانەوە هاتوونەتە سنوری گەرمیان، هاوکات لەمانگی دووی ئەمساڵدا 33هەزار و 505 کەس هاتوونەتە ئەم سنوورەکە، کۆی گشتی دەکاتە 70 هەزار و 241 گەشتیار کە بەمەبەستی گەشتی جۆراوجۆر رویان گەرمیان کردووە.
بەڕێوەبەری گەشتیاری گەرمیان، دەربارەی زیادبونی رێژەی گەشتیاری لە رۆژەکانی داهاتوو رونیکردەوە، چاوەڕوان دەکرێت بۆ بۆنەکانی نەورۆز و جەژنەکان گەشتیاری زیاتر سەردانی هەرێم بکەن، لەبەرئەوەی کۆرۆنا تەواوبووە.
وتیشی، ئەگەر کارەساتی سروشتی رونەدات پێشبینی دەکەین رێژەی گەشتیار زیادبێت لەمساڵدا.
گوندی ژاڵەناو، دەکەوێتە سەر روباری سیروان لەسەر شارەدێی مەیدان، شارۆچکەی خانەقین، 70 کیلۆمەتر لەکەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان و 65 کیلۆمەتریش لە سلێمانییەوە دوورە، دانیشتوانەکەی نزیکەی 100خێزان دەبن، لەبەرزای 381مەترە، دانیشتوانەکەی بەزاراوەی کوردی سۆرانی قسەدەکەن، لەسەر ئاینی سونی شافعین، هەروەها هاوسنورە لەگەڵ شارۆچکەی دەربەندیخان ، لەباشور لەگەڵ گوندی ئاوبار، لە رۆژهەڵات لەگەڵ گوندی زمناکۆ، لە رۆژئاوا لەگەڵ گوندی بانی خێڵان.
PM:04:09:09/03/2023
ئهم بابهته 4596
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت