مەلا بەختیار: ئەگەر پارتی دڵنیایە لەرێككەوتنە سێ قۆڵییەكەی بۆچی بڵاویناكاتەوە؟
وێستگەنیوز_
مەلا بەختیار لە کۆبوونەوەیەکیدا لە خانەقین رایگەیاند، "بۆ دەبێت لەدوای 31 ساڵ لەكوردستاندا گەندەلێ هەبێ و 25 ملیۆن دۆلار و زیاتر قەرزاربین؟"، دەشڵێت، خەڵكی ناوچەكانی كەركوك و خانەقین لەدوای رووخانی بەعسەوە، تامی ئازادیان كرد و ئێستاش لەهەست و ویژدانیاندا ئەو ئازادییەیان پاراستووە."
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 4ی 6ی 2022، ژمارەیەک کەسایەتی خانەقین سەردانی مەلا بەختیار دەکەن و کۆبوونەوەیەکی لەگەڵدا ئەنجام دەدەن. "ئاماژەی بۆ دۆخی خانەقین دەکات و دەڵێت، " خانەقین ساڵەهایە بە بارودۆخێكی خراپدا تێدەپەڕێت و ئەمەش خەڵكی نیگەران كردووەو ئازاریداون."
مەلا بەختیار جەختیش دەکاتەوە لەوەی، "خەڵكی ناوچەكانی كەركوك، خانەقین، دوزخورماتوو، سەعدیە، شەنگال و دەوروبەریان، لەدوای رووخانی بەعسەوە، تامی ئازادیان كرد و ئێستاش لەهەست و ویژدانیاندا ئەو ئازادییەیان پاراستووە. ئەم پاراستنی ئازادییەش لەویژداندا پاڵنەرێكە كە بەردەوام خەبات بكەن بۆ ئەوەی كوردستانییەتی خانەقین كەمنەبێتەوە و مادەی (140)یش جێبەجێ بكرێت و هەركاتێك بارودۆخێكیش لەعیراق و دیالە بێتە پێشەوە، دیسان وەك رابردوو، ئازادی بۆ خانەقین بگەڕێتەوە. ئەو ئازادییەی بەتەواوی بەركەماڵ ببوو."
رونیشیكردەوە، بەهۆی ئەو دۆخە سیاسییەی لەدوای شانزەی ئۆكتۆبەرەوە هاتە ئارا، تا ئێستا كە چوارساڵ دەكات، نەتوانراوە وەك پێویست خزمەت بەقوربانی و تێكۆشانەكانی خانەقین بكرێت، وتیشی "ئەگەرچی درێغیم نەكردووە، بەڵام هێشتا داوای لێبوردن لە خەڵكی خانەقین دەكەم، كە چوار ساڵمان لەدەستچوو بۆ ئەوەی تەواوی خزمەتەكانمان پێشكەش بەشارەكە بكەین، چونكە هیچ شانازییەك لەدونیادا، بەهێندەی شانازیكردن نییە لەخزمەتكردن بەخەڵكەكەی خۆت و رازیكردنیان."
لەبەشێكی تری دیدارەكەیدا، مەلا بەختیار، بەهاتنە سەر دەسەڵات و حوكمەتە جیاوازەكان، شرۆڤەیەكی دۆخی عیراق و ئەو هەلومەرجە سیاسییەشی كرد كە ئێستا لەئارادایەو، تیایدا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، "لەناو هەموو سەرۆك كۆمارەكاندا رێككەوت نییە و توانا و لێهاتوییە كە تەنیا جەنابی مام جەلال، توانی ببێتە سەرۆك كۆمارێكی دیار و وەك جەنابی سیستانی ناوی ناوە "صەمامی ئەمان"ی عیراق بێت. چونكە مام سەلماندی: گرنگ ئەوەیە "كێ" لەسەر كورسییەكە دادەنیشێت، نەك خودی "كورسی"یەكە!"
هاوکات باسی لەوەش کرد، "بارودۆخێك هاتۆتە پێشەوە، لەوەناچێت عیراق بتوانێت نەك یەك كەس، بەڵكو سەركردەیەكی لێوەشاوەی مێژوویی خۆی دروستبكات. هەتا بتوانێت ئەم هەموو داهات و سامانە، بكاتە سەرچاوەی خێرو مایەی بوژاندنەوەی عیراق. ئەمەش سەرەنجامی ئەوەیە یاسا لەعیراقدا جێبەجێ نابێت و میلیشا حوكم دەكات و گەندەڵیش پەرە دەسەنێ."
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، مەلا بەختیار ئاماژەی بە رێككەوتنەكەی پارتی كرد و دەڵیت: "پارتی بۆچی رێككەوتنە سێ قۆڵییەكەی بڵاوناكاتەوە؟ ئەگەر پارتی دڵنیایە و دەزانێت بەدڵی زۆرینەی خەڵكی كوردستانە، با بەرەسمی بڵاویبكاتەوە! ئەی یەكێتی چ رێككەوتنێكی كردووە؟ ئایا چۆن بەبێ رێككەوتن دەچیتە سەنگەرێكەوە بەرامبەر بەسەنگەرێكی تر؟ دەشتەوێت مەرجەكانت بهێنیتەدی! ئایا یەكێتی بەبێ مەرج دەتوانێ داخوازییەكانی بهێنێتەدی؟! لەكاتێكدا لەسەردەمی مام جەلالدا، یەكێتی رێككەوتنیشی دەكرد، كەچی هێزە عیراقییەكان دەستی بەدەستیان بە كورد دەكرد!"
ئاشکراشیکرد، پرسیارێكی جەوهەری كە هەیە، ئەوەیە بۆ دەبێت لەدوای (31) ساڵ لەكوردستاندا گەندەلێ هەبێ، بۆچی دەبێ 25 ملیار دۆلار و زیاتر قەرزاربین؟ پرسیارێكی تر ئەوەیە كوا كورد پرۆژەیەكی ستراتیجی هاوبەشی هەیە، كاتێك دەچێتە بەغداد؟ چۆن دەبێت میللەتێك بچێت بۆ دانوستاندن، بەڵام پرۆژەی ستراتیجی هاوبەشی و رێككەوتنی نەبێ و بەسەركردایەتی جیاوازە بچێتە بەغداد؟ ئەمە لەكوێ هەبووە نوێنەری نەتەوەیەك ئەمە حاڵی بێ! لەبیریان چووە ئەگەر كورد و كوردستان نەبێ، هیچیان لەپەرلەمانی عیراق بونیان نابێ؟! ئەمەش هەڵەكانن و باجەكەیشمانداوە. دۆخی ئێستاش سەلمێنەرە."
PM:03:39:04/06/2022
ئهم بابهته 2408
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت