‌چەند یانەیەکی گەورەی ئەوروپا خواستی گواستنەوەی فێران تۆرێسیان هەیە.

وێستگە سپۆرت-

ئەتلەتیکۆ مەدرید و مانچستەر یونایتد و ئینتەر میلان، هەروەها چەند یانەیەکی دیکەی ئەوروپا کێبڕکێ دەکەن لەسەر گواستنەوەی فێران تۆرێسی هێرشبەری بارشەلۆنا. 

ڕۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ ئاشکرای کردووە، دوای ئەوەی کە یانەی بارشەلۆنا هەوڵ دەدات لەم هاوینەدا گرێبەست لەگەڵ هێرشبەرێکی ژمارە 9 ی سۆپەردا واژۆ بکات، داهاتووی فێران تۆرێس لەگەڵ بارشەلۆنا بە نادیاری ماوەتەوە، ئەمەش وای کردووە کە چەند یانەیەکی گەورەی ئەورپا چاودێری تواناکان و بارودۆخی ئەو یاریزانە بکەن لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکەدا. 

ڕۆژنامەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، کە هەر یەکە لە ئەتلەتیکۆ مەدرید و مانچستەر یونایتد و ئینتەر میلانی ئیتاڵی و ئەرسناڵی ئینگلیزی و چەند یانەیەکی تر لە کێبڕکێدا دەبن بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی فێران تۆرێس، بەڵام لە پێشتردا ناوی ئەو هێرشبەرە ئیسپانییە بە ئەتلەتیکۆ مەدریدەوە بەستراوە، لەبەر ئەوەی لە پاش ڕۆشتنی گریزمانی هێرشبەری یانە مەدریدییەکە، ئیدارەی ئەو یانەیە فێران تۆرێسیان لەو کاتەوە وەک شوێنگرەوەی گریزمان دیاری کردووە، بەڵام ڕەزامەندی تۆرێس ماوە. 

گرێبەستی فێران تۆرێسی 26 ساڵ لەگەڵ یانەی بارشەلۆنادا تاوەکو هاوینی ساڵی 2027 بەردەوامە بەڵام یانەکە لە پاش دابەزینی ئاستی یاریزامەکە لەم دواییانەدا، بیریان لە کڕینی هێرشبەرێکی تر کردووەتەو و هیچ هەنگاوێکیان نەناوە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی هێرشبەرە ئیسپانییەکەیان.


AM:11:06:30/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 180 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

گەلەری