‌چارەنوسی یاری جامی فیناڵیزما بە نادیاری ماوەتەوە.

وێستگە سپۆرت-

یاری جامی فیناڵیزما لە نێوان ئەرجەنتین و ئیسپانیادا لە پاش ئەو بارودۆخە سیاسییە خراپەی ناوچەکەی تێکەوتووە بە نادیاری ماوەتەوە و ئەگەری دواخستنی هەیە. 

بڕیاربوو لە 27 ی ئەم مانگەدا یاری جامی فیناڵیزما لە نێوان ئەرجەنتین و ئیسپانیادا، لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕ بەڕێوە بچێت. 

بەڵام لە ئێستادا وڵاتی قەتەڕ وەک زۆرینەی وڵاتانی ناوچەکە بەر هێرش و پەلامار کەوتووە، دوێنێ یەکشەممە سەرجەم چالاکی و پاڵەوانییەتییە وەرزشییەکانی ئەو وڵاتە ڕاگیران تا کاتێکی نادیار، هەر بۆیە لە پاش ئەو بڕیارەی وڵاتەکەوە چارەنوسی جامی فیناڵیزماش بە نادیاری ماوەتەوە. 

ڕۆژنامەی ئاسی ئیسپانی ئەوەی ئاشکرا کردوە، ئەمڕۆ دووشەممە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانی لەگەڵ یوفا و چەند لایەنێکی تری بەرپرسیار لە ئەنجام دانی ئەو یارییە کۆ ببنەوە و بڕیاری کۆتایی بدەن لەسەر کات و شوێنی ئەنجامدانی یارییەکە. 

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانی، ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەوان لەگەڵ ئەوەن کە یارییەکە لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت بەڵام دەبێت گرەنتی سەلامەتی گیانی هەموانیان پێ بدرێت، کە دەچنە ئەو وڵاتە. 

ڕۆژنامەی مارکا ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە لە پا کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ یاخود لە چەند ڕۆژی داهاتوودا چارەنوسی ئەو یارییە یەکلا دەبێتەوە. 


AM:11:46:02/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 56 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌