یانەی مانچستەر سیتی دەیەوێت بەرگریکارێک لە دەستی لیڤەرپوڵ بڕفێنێت.
وێستگە سپۆرت-
یانەی مانچستەر سیتی بۆ گواستنەوەی بەرگریکاری کریساڵ پاڵاس هاتۆتە سەرهێڵ و دەیەوێت لەژێردەستی لیڤەرپوڵی دەربهێنێت.
میدیاکانی بەریتانیا ئاشکرایان کردووە کە یانەی مانچستەر سیتی دەیەوێت بە زووترین کات گرێبەستێک ئاراستەی مارک گەیهی بەرگریکاری کریساڵ پاڵاس بکات و ئەو یاریزانە بگوازێتەوە ڕیزەکانی.
ویستی یانە شین پۆشەکەی مانچستەر دوای ئەوە دێت کە هەردوو بەرگریکاری یانەکە یۆسکۆ گڤاردیۆڵ و ڕبن دیازی توشی پێکان بوون و ماوەی گەڕانەوەیان درێژخایەنە، هەر بۆیە یانە ئینگلیزییەکە دەیەوێت بە گواستنەوەی مارک گەیهی لەم زستانەدا کێشەی لایەنە بەرگرییەکەی چارەسەر بکات، لەبەر ئەوەی جۆن ستۆنسیش تاوەکو ئێستا لە پێکانەکەی چاک نەبووەتەوە.
مانچستەر سیتی تاکە یانەی ئینگلتەرا نییە کە ویستی لەسەر گواستنەوەی گەیهی هەبێت، لە میرکاتۆی هاوینەی پێشتردا ناوی یاریزانەکە بە یانەی لیڤەرپوڵەوە بەسترا بوو وە یاریزانەکەش حەزی خۆی بۆ یاریکردن لەو یانەیە دەربڕی بوو، بەڵام ئۆلیڤەر گلاسنەری ڕاهێنەری یانەکە ڕێگربوو لەو گرێبەستەو ئاماژەی بەوەکرد کە من زۆر پێویستم بەو بەرگریکارە هەیە و لە ئێستادا بۆ فرۆشتن نییە، هەر بۆیە مانچستەر سیتی دەیەوێت لە میرکاتۆی زستانەدا ئەو بەرگریکارە لە چنگی لیڤەرپوڵ دەربهێنێت و بیگوازێتەوە ڕیزەکانی.
مارک گەیهی لە ئێستادا یەکێکە لە بەرگریکارە زۆر باشەکانی پرێمەرلیگە و تەمەنی تەنها 25 ساڵە و جیا لە یانەکانی پرێمەرلیگ زۆر یانە چاودێری یاریزانەکە دەکەن لەوانە، بایرن مونشن، ریاڵ مەدرید، بارشەلۆنا، ئەتلەتیکۆ مەدرید، ئینتەرمیلان.
PM:12:16:06/01/2026
ئهم بابهته 756
جار خوێنراوهتهوه