تیاگۆ سیلڤا: هەرکات ئانچلۆتی بیەوێت ئامادەم
وێستگە سپۆرت-
تیاگۆ سیلڤای بەرگریکاری یانەی فلۆمێنسی و هەڵبژاردەی بەرازیل دەرگای گەڕانەوە بە ڕووی کارلۆ ئانچلۆتیدا دەکاتەوە.
بەرگریکارەکەی سیلیساو لەمیانەی لێدوانێکیدا دەڵێت: هەرگیز دەرگای دووبارە گەڕانەوەم بۆ هەڵبژاردەی نیشتیمانی دانەخستووە و هەرگیز داشی ناخەم، ئەگەر ئانچلۆتی بیەوێت بانگهێشتم بکات ئەوا زۆر باش دەماناسێت و دڵنیایە لەوەی کە ئامادە دەبم.
تیاگۆ سیلڤا ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر بۆ جامی جیهانی بانگهێشت نەکرێت، ئەوا وەک هاندەر پاڵپشتی هەڵبژاردەکەی دەکات و ئەو بەرگریکارانەی ئامادە دەبن ناوازەن، هەچەندە هەندێک دەڵێن کوالێتییان باش نییە، بەڵام لە ئێستادا لە دۆخێکی باشدان.
لە کۆتاییدا تیاگۆ وتی: دڵخۆشم کە هێشتا پەیوەندیم بە هەڵبژاردەی بەرازیلەوە ماوە، هیوادارم ئەمساڵ بە شێوەیەکی زۆر باشتر کۆتایی پێبهێنم، تاکو دەرفەتی دووبارە گەڕانەوەم هەبێت
PM:07:27:11/09/2025
ئهم بابهته 656
جار خوێنراوهتهوه