‌کێپا بووە گۆڵپارێزی ئارسیناڵ

وێستگە سپۆرت-

یانەی ئارسیناڵی لەندەنی گواستنەوەی کێپای گۆڵپارێزی لە یانەی بۆرنمۆس و چێڵسیەوە ڕاگەیاند.

لە پێگەی تایبەتی خۆیان تۆپچییەکانی لەندەن هاتنی کێپایان بۆ تیپەکەیان پشتڕاست کردووەتەوە بە گرێبەستێک کە تاکو هاوینی 2028 پێوەی دەبەستێتەوە.

لەم گواستنەوەیەدا یانەی چێڵسی بڕی پێنج ملیۆن پاوەند وەردەگرێت، چونکە مافی لە گرێبەستەکەدا مابوو.

پاش واژووکردنی گرێبەستەکەشی کێپا ڕایگەیاند، هەستی پەیوەندیکردنی بە ئارسیناڵەوە ئەوەیە کە زۆر نزیک دەبێتەوە لە بردنەوەی نازناوەکانەوە.

شایەنی باسە کێپا دوو وەرز پێش ئێستا یاری بۆ ڕیاڵ مەدرید کرد و دواتر گەڕایەوە چێڵسی، پاشانیش وەرزی ڕابردوو چووە یانەی بۆرنمۆس،  لە 35 یاریدا نۆ کلین شیتی تۆمار کرد.


PM:07:37:01/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 144 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌