‌لاهور شێخ جەنگی پەیامێکی ئاراستەی یانەی نەورۆز و هاندەرەکانی کرد

وێستگە سپۆرت-

لاهور شێخ جەنگی " من یانەی نەورۆزم وەکو منداڵێک دروستکرد و گەیاندم بەو ئاستەی کە هەموان شانازی پێوە بکەن، بۆیە داواتان لێ ئەکەم بە هەمان گڕو تینی پێشترەوە هانی یانە تاقانەکەی شاری سلێمانی بدەن”. 

سەرۆکی پێشووی یانەی نەورۆز لاهور شێخ جەنگی کە لە ئێستادا لە بەندینخانەیە و لە تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەیەتی کە بەهۆی ڕووداوەکانی لالەزارەوە سزا درابوو ، پەیامێکی ئاراستەی یانەی نەورۆرز و هاندەرەکانی کرد. 

دەقی پەیامەکەی لاهور شێخ جەنگی بەم شێوەیەیە 
"بۆ یانەی نەورۆز و هاندەرە خۆشەویستەکانی، داواکارم بە هەمان گوڕو تینی پێشترەوە بەردەوام بن و گەرم و گوڕتر بن بۆ هاندانی یانە تاقانەکەی شاری سلێمانی، من ئەو یانەیەم وەکو منداڵێک بەخێو کرد تا گەیاندمە ئەو ئاستەی کە هەمووان شانازی پێوە بکەن، من یانەکەم بۆ خەڵکی دروست کرد نەک بۆ شەخسی خۆم بۆیە تکایە بارودۆخی ئێستای من مەبەسنەوە بە یانەکەوە و لە پاڵپشتیکردنی سارد مەبنەوە”. 

لە درێژەی پەیامەکەیدا لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوە کردووە، " بەڕاستی کاتێک ئەو هەموو هاندەر و خێزان و منداڵە جوانانە لە یاریگا دەبینم زۆر دڵخۆشم و وادەزانم هەموو دنیا هی منە چوونکە ئەزانم ئەو ماوەیەی لە یاریگان دووریان دەخاتەوە لە
هەموو جەنجاڵییەکی ژیان و هەست بە ئاسودەیی دەکەن، بۆیە من هەردەم داوام لە خێزان و منداڵەکانی خۆیشم کردووە کە سەرەڕای ئەو بارودۆخەی تێی کەوتوون بەردەوام بچن بۆ یاری نەورۆز و لە یارییەکاندا ئامادەبن، منیش وەکو لاهور هەمیشە هاندەری یانەی نەورۆز دەبم، لەبەر ئەوەی ناکرێت باوکێک دەست لە منداڵی خۆی بەربدات”.

" من هەر لە سەرەتای دروستکردنی یانەی نەورۆزەوە خەونی ئەوەم هەبوو کە یانەکانی ئاسیا بهێنم شاری سلێمانی، ئینشااللە ئەوەش نزیکە و بەمزوانە ئەوەش بەدی دێت”.

" لە ئاستی یاریزانە کوردەکانی یانەکە زۆر ڕازیم بە تایبەت محەمەد دلاوەر و ڕاستگۆ فەریق، وە گۆڵپارێزەکەشمان ئاستێکی نایابی هەیە بۆیە بەو هیوام کە لە داهاتوودا بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق بکرێن”.

لە قسەکانیدا سەرۆکی پێشووی یانەکە داوایەکی لە ئیدارەی یانەکە کردووە و وتویەتی، " داوا لە ئیدارەی یانەکە دەکەم کە گرێبەستێکی درێژخایەن ئاراستەی عەلی کازمی گۆڵپارێز و ئیدمێڵسۆنی بەرگریکار واژۆ بکەن”.

لاهور شێخ جەنگی سەبارەت بە ئاستی یانەی نەورۆز لەم وەرزەدا دەڵێت، " هۆکاری ئەو ئاستە باشەی یانەکە لەم وەرزەدا پێشکەشی دەکات بۆ ئەوە دەگەڕێنمەوە کە سەقامگیرییەکی باش لە ئێستادا لە یانەکە هەیو و دەستخۆشی لە ئیدارەی یانەکە و وەلید کەریمی ڕاهێنەری یانەکەش دەکەم ئەوان هۆکاری سەرەکین ".

لە کۆتایی قسەکانیدا لاهور شێخ جەنگی وتویەتی، " دەمەوێت دووبارە سوپاسی هاندەرانی یانەکە و ئەو پاڵپشتیە گەرمو گوڕەیان بکەم، وە داوایان لێ دەکەم کە بەردەوام پشتیوانی لە یانەکەیان بکەن، چونکە ئەو مەشخەڵەی ئاگری نەورۆز کە بەیەکەوە هەڵمان کردووە نابێت هەرگیز خامۆس بێت لەبەر ئەوەی خامۆش بوونی ئەو مەشخەڵە دەبێتە سەرەتایەکی بێهیوایی میلەتێک”.  



 


PM:07:55:17/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 76 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

گەلەری