‌کێشەکانی نێوان یانەی هەولێر و یانەی زاخۆ لە گواستنەوەی یاریزاناندا.

وێستگە سپۆرت-

ئەوەی ئیدارەی هەردوو یانەکە دەیکەن تێکدانی ئاشتەواییە لە نێوان هاندەرانی یانەکاندا. 

لە ماوەکانی ڕابردوو یانەی زاخۆ 3 گرێبەستی ئەنجام داوە لەگەڵ هەریەک لە یاریزانەکانی ئاکام هاشم، شێرزۆد، عەلی جاسم، کە یانەی هەولێر بە گرێبەستی یانەکەی دەزانن و دەڵێن کە ستەمیان لێکراوە. 

لە پاش ئەوەی یانەی زاخۆ گرێبەستی ئاکامی بۆخۆی یەکلا کردەوە، یانەی هەولێر لە پەڕەی فەرمی خۆیان بە نوسراوێک ئەوەیان بڵاو کردەوە کە دەبێت یانەی زاخۆ گرێبەستی ئاکام هەڵبوەشێنێتەوە لە پێناو ئەوەی گیانی برایەتی و تەبایی لە نێوان یانەکاندا بمێنێت، بەڵام دوای ماوەیەک پۆستەکە و نوسراوەکەیان ڕەشکردەوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا یانەی زاخۆ لە پەڕەی فەرمی خۆی نوسراوێکی بڵاوکردەوە کە هەولێر و زاخۆ هەمیشە بران و لە باوەشی برایەتی یەکتردا دەمێننەوە، بەڵام سەفین یاسینی سەرۆکی یانەی هەولێر ئەمڕۆ لە لێدوانێکیدا دەڵێت غەدرێکی زۆر لە یانەی هەولێر دەکرێت و سێ گرێبەستمان هەبووە بەڵام ئەوان ئەو هەڵسووکەوتەیان هەبووە.

بە قسەی سەفین یاسین بێت زاخۆ گرێبەستەکانی لەسەر مێزی هەولێر بردووە، واتا ئەو لێدوانەی سەفین یاسین لە پاش ئەو نوسراوەی زاخۆوە دێت کە گیانی برایەتی دووپات کردووەتەوە.

یانەی زاخۆ ئەمڕۆ عەلی جاسمی بە دەزگاکان ناساند وەکو یاریزانی نوێی یانەکەی، لە کاتێکدا بە پێی سەرچاوەکان عەلی جاسم خەریکی ڕێککەوتنی کۆتایی بوو لە گەڵ یانەی هەولێر و لە پڕ شتەکان گۆڕان و پەیوەندی بە یانەی زاخۆوە کرد. 

ئەمەی کە دەکرێت هیوادارم هاندەر وشیارتر مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، بەڵام ئەمە ڕێک تێکدانی ئاشتەوایی نێوان هاندەرانە بەداخەوە…

(نەهرۆ سەڵاح )


AM:10:58:19/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 72 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

گەلەری