یانەی سۆران بەیاننامەیەکی توندی بڵاوکردەوە.
وێستگە سپۆرت-
یانەی وەرزشی سۆران بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە سەبارەت بەو گرژی و ئاڵۆزییانەی کە لە یاری یانەکەیان بەرامبەر یانەی بازیان ڕوویدا.
ئێوارەی دوێنێ لە هەفتەی 14 ی خولی پلە یەکی یانەکانی کوردستاندا، یانەی بازیان میانداری یانەی سۆرانی کرد، یارییەکە بە یەکسانی و بەبێ گۆڵ بەرە و کۆتایی دەچوو، بەڵام لە دواین چرکەساتەکاندا، یاریزانانی سۆران ناڕەزایەتییان بەرامبەر بڕیارێکی ناوبژیوان دەربڕی و بەو هۆیەوە گرژی و ئاڵۆزییەکی زۆر لە نێوان هەردوولا و لایەنی بەرپرسیار لە پاراستنی ئەمنییەتی یاریگاکەدا ڕوویدا و چەندین یاریزانی سۆران بریندار بوون و یارییەکەش بەو هۆیەوە تەواو نەکرا.
لە پاش ئەم ڕووداوە، یانەی وەرزشی سۆران بەیاننامەیەکی توندیان بڵاوکردوو ئاماژەیان بەوە کردووە کە لە یەک دڵۆپ خوێنی یاریزانەکانیان خۆش نابن و داوایان لە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان کردووە کە مافی یانەکەیان وەربگرێت.
دەقی بەیاننەمەکە لەم بەستەرەدایە:
بەیاننامەیەک بۆ پاراستنی کەرامەتی وەرزش و خوێنی ڕژاوی پاڵەوانەکانمان...
لە دەستەی کارگێڕیی یانەی وەرزشی سۆرانەوە بەداخێکی قووڵ و نیگەرانییەکی زۆرەوە، ڕایدەگەیەنین کە ئەمڕۆ چیمەنی سەوزی یاریگا، لەبری ئارەقەی ماندووبوونی یاریزانەکانمان، بە خوێنی ناحەقی ئەوان سوور کرا! ئەوەی ئەمڕۆ لە یاریی نێوان یانەکەمان (سۆران) و یانەی (بازیان) ڕوویدا، یارییەکی تۆپی پێ نەبوو، بەڵکو پەلامارێکی چەکداریی ڕێکخراو و خاچدانی تەواوی بەها وەرزشی و یاساییەکان بوو. کاتێک پاڵەوانەکانمان بە شایستەیی و هێزی بازووی خۆیان گۆڵی سەرکەوتنیان تۆمار کرد، لەبری چەپڵەڕێزان، بە لولەی تفەنگ و زەبری چەک وەڵام دراینەوە! هێزە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی زەق دەستوەردانیان کرد و فشاریان خستە سەر ناوبژیوان بۆ ڕەتکردنەوەی گۆڵەکەمان.
ناوبژیوانیش لە ژێر هەڕەشەی ئەو چەکدارانەدا، دادپەروەریی وەرزشیی سەربڕی و گۆڵی سەرکەوتنی ئێمەی ڕەتکردەوە. کارەساتە گەورەکە لێرەوە دەستی پێکرد؛ هێزەکانی ئاسایش بە چەکی زیندووەوە هێرشیان کردە سەر ئەو گەنجانەی کە تەنها درێسی وەرزشییان لەبەردابوو، تەقەیان کرد و پشێوییەکی گەورەیان نایەوە.
ئێمە لێرەوە ڕوو لە ویژدانی گشتی و دەسەڵاتداران دەکەین و بە دەنگێکی بەرز دەپرسین: ئایا لێدانی قۆنداغی کڵاشینکۆف لە سەری یاریزانی سۆران ڕەوایە؟ چ یاسایەک ڕێگە دەدات پاداشتی گەنجێک کە نوێنەرایەتیی شکۆی شارێک دەکات، خەڵتانکردنی بێت لە خوێن لە ناوەڕاستی یاریگادا؟! بەهۆی ئەم پەلامارە دڕندانەیەوە، ژمارەیەک لە یاریزانەکانمان بە سەختی بریندار کران و بەهۆی کەمبوونەوەی یاریزانەکانمان لە گۆڕەپانێکدا کە بووبووە مەیدانی شەڕ، نەمانتوانی یارییەکە کۆتایی پێ بهێنین. وەک بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی و یاسایی، ئەم ڕاستییانە دەخەینە بەردەم ڕای گشتی:
• یەکەم (بەڵگەی حاشاهەڵنەگر): یارییەکەی ئەمڕۆ بەبێ ئامادەبوونی هیچ هاندەرێک بەڕێوەچووە. دەپرسین: کاتێک هیچ جەماوەر و هاندەرێک لە یاریگادا نییە بۆ دروستکردنی پشێوی، هێزی ئاسایش بە چەکی قورسەوە لە ناو یاریگادا چی دەکات؟ بۆچی دەبێت چەکدارێکی ئاسایش بچێتە سەر هێڵی یاریگا و ڕاستەوخۆ لە تەنیشت (لایمەن - یاریدەدەری ناوبژیوان) ڕابوەستێت؟! ئەمە سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە بوونی ئەم هێزە بۆ پاراستنی ئاسایش نەبووە، بەڵکو تەنها بۆ تیرۆری فیکری و سەپاندنی بڕیار بووە بەسەر ناوبژیواندا بە زەبری چەک.
• دووەم: بەپێی هەموو یاسا و پڕۆتۆکۆڵەکانی ناوخۆ، ئەرکی پاراستنی یاریگاکان لە تایبەتمەندیی (هێزەکانی پۆلیس و چالاکییە مەدەنییەکان)دایە، نەک ئاسایش. بەسەربازگەکردنی یاریگا و تێکەڵکردنی ئەم ئەرکانە، پێشێلکارییەکی زەقە کە دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان لێپرسینەوەی توندی لەسەر بکەن.
• سێیەم: دڵنیایی دەدەینە جەماوەری وەرزشدۆستی سۆران، کە ئێمە سازش لەسەر یەک دڵۆپە خوێنی یاریزانەکانمان ناکەین و کەرامەتی شارەکەمان لەسەروو هەموو ئەنجامێکەوەیە.
لە کۆتاییدا؛ ئێمە ئێستا بە فەرمی لە چاوەڕوانی وەڵام و هەڵوێستی ڕوون و یەکلاکەرەوەی (یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان)ین. چاوەڕێین بزانین ئایا لەم هەرێمەدا یاسا سەروەرە یان زەبری چەک؟ ئایا یەکێتییەکە دەتوانێت شکۆی خۆی و یاریزانان بپارێزێت و مافی پێشێلکراوی سۆران بگەڕێنێتەوە؟ تۆپەکە ئێستا لە گۆڕەپانی یەکێتیی تۆپی پێدایە و بەرپرسیارێتیی مێژوویی ئەم کەیسە لە ئەستۆی ئەواندایە.
|
AM:11:27:14/03/2026
ئهم بابهته 40
جار خوێنراوهتهوه