‌نەورۆز و دهۆک دێربی براکان ئەنجام دەدەن.

وێستگە سپۆرت-

لە خولی ئەستێرەکانی عێراق یانەی دهۆک ڕووبەڕووی یانەی نەورۆز دەبێتەوە و هەردوولا چاویان لە سێ خاڵی یارییەکەیە.

بڕیارە ئەمشەو لە چوارچێوەی یارییەکانی هەفتەی 20 ی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا یانەی دهۆک لە ناو یاریگای خۆیدا میوانداری یانەی نەورۆز بکات و دێربی براکان ئەنجام بدەن. 

هەردوولا سێ خاڵی یارییەکەیان زۆر بۆ گرنگە و چاویان لە سێ خاڵەیە، لەبەر ئەوەی یانەی دهۆک خاوەنی 27 خاڵە و لە ڕیزبەندی 11 ی خولەکەدایە، هەرچی یانەی نەورۆزە 22 خاڵی هەیە و لە پلەی 13 یەمدا. 

عەبدولغەنی شەهەدی ڕاهێنەری دهۆک لە پێش یارییەکە وتی، هیوادارین بتوانین ئەم یارییە ببەینەوە و بگەڕێینەوە سەر ڕێچکەی بردنەوە، ئێمە دوای ئەوەی گۆڕانکاریمان لە پێکهاتەکەمان کرد پێویستمان بە کات بوو بۆ گونجاندنی یاریزانەکانمان بەڵام ئێستا بە تەواوی ئامادەین بۆ ئەم یارییە، هیوادارین یاریزانەکانمان لە ڕۆژی خۆیاندا بن. 

هەرچی وەلی کەریمی ڕاهێنەری نەورۆزیشە لە لێدوانێکیدا لە پێش یارییەکە وتی، ئەم یارییە تایبەتمەندی خۆی هەیە و ئێمەش لە بارودۆخێکی زۆر باشداین، لە ڕیزبەدنییەکەیشدا زۆر لە ناوچەی دابەزین دوورکەوتوینەوە، وە ئامادەکاری باشمان ئەنجام داوە و هەموو یاریزانەکانیش ئامادەن بۆ یارییەکە و بەدەستهێنانی بردنەوە. 

یارییەکە ئەمشەو لە کاتژمێر 9:00 ئەنجام دەدرێت. 


AM:11:29:02/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 36 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌