ستراتیژی نەوتی بەغدا-ئەنقەرە: پێناسەکردنەوەی کاریگەریی کوردستان

‌حەسەن ئەحمەد مستەفا

 (1)
لە کۆتاییدا حکومەتی ناوەندی بەغدا گورزێکی ستراتیژی دەوەشێنێت، گورزێک کە دەرفەتەکانی هەڵکشانی سیاسی و ئابووری بۆ حکومەتی هەرێم قورستر دەکات.

دەسەڵاتدارانی شیعە دەیانەوێت تا کۆتایی ئەم مانگە 350 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا  لەڕێگەی تورکیاوە هەناردەی بازارەکان بکەن، ئەمەش  ڕێگەی ئەو بۆرییە 960 کیلۆمەترییەوە، کە لە ساڵی 2014 ەوە داخرا.

(2)
  لە بەرامبەر ئاستەنگە ئابوورییە بەرچاوەکان، لەوانە هەڵاوسان و دابەزینی بەها، پێدەچێت ئیدارەی ئەردۆغان دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکانی وزە وەک ڕێگایەکی چارەنووسساز بۆ سەقامگیری بزانێت.

 پێم وایە  ئەنقەرە ئامادە دە بێت دانوستانی کۆتایی لەگەڵ بەغدا بکات بۆ بەکارهێنانی ئەم ڕێگا نەوتییە بەدیلە و بەلاوەنانی بۆری نەوتی کوردستان،  پێدەچێت  یەک لە ئامانجەکانی  سەردانی سەرۆککۆمار ئەردۆغان  بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ئەم پرسە بێت.  ئەمەش زیاتر کاریگەری هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا بەشێوەیەکی جیاوازتر لە جاران دادەڕێژێتەوە.

دوای ئەوەی دادگای ناوبژیوانی پاریس بڕیاریدا کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکان بێ ڕەزامەندی بەغدا پێشێلکردنی بڕگەکانی پەیماننامەی ساڵی 1973یە، ڕۆژی 25ی ئازاری 2023 هێڵی بۆریی هەرێمی کوردستان ڕاگیرا.

(3)
   سەرەڕای تێبینییە گرنگەکان سەبارەت بە خراپی بەڕێوەبردنی  ئەوا نەوتەکە بۆ کوردی گەمارودراو ڕێگەیەکی بەهێزی گەیشتن بە جیهان بوو، لەناوخۆشدا بەو پێیەی بەشێکی بەرچاوی داهاتەکەی دابین دەکرد  وایکردبوو  کە وەبەرهێنان لە ژێرخان و خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی و پڕۆژەکانی گەشەپێداندا  بکات.

(4)
  دوودڵی عێراق لە ڕێگەدان بە کورد بۆ کۆنترۆڵکردنی ئابوری هەرێمەکەی خۆی لە خواستی بە ناوەندکردنی دەسەڵاتی عێراقەوە سەرچاوە دەگرێت دوای ئەمەش توانای ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسی هەرێمی کوردستان سنووردار دەکات.

(5)
   زیانەکانی ئەم ڕێبازە بریتین لە خنکاندنی گەشەی ئابووری و لە داهاتوشدا گەورەکردنەوەی گرژییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و ڕێگریکردن لە توانای هەرێم بۆ دابینکردنی پێداویستییە داراییەکانی بە شێوەیەکی سەربەخۆ.  جگە لەوەش پشت بەستن بەتەنها بە بەغدا بۆ مووچە دەتوانێت هەرێمی کوردستان بخاتە بەردەم فشاری سیاسی و ناسەقامگیری ئابووری.

(6)
ئەوەی پێویستە بەردەوام کاری لەسەربکرێت بایەخدانە بە کەرتەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، گەشتیاری، ترانزێت و بازرگانی کە جگە لەوەی ئابورییەکی جێگیرترت پێدەبەخشن کۆمەڵگەیەکی ئیشکاری تەندروستترمان دەبێت..


PM:06:29:15/04/2024

ئه‌م بابه‌ته 2108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی