ئاڵای ئەوان نییە!

‌ئاریان فەرەج


كردەوەكانی پەكەكە نەك هەر بەهانەن بۆ لەشكركێشی و بەزاندنی سنوری هەرێم، نەك هەر مایەی زیان و مەینەتین بۆ خەڵكی هەرێم و گوندنشینانی ناوچە سنوریەكانمان، نەك هەر مایەی سەریەشە و حەراجەتی سیاسین بۆ حكومەتی هەرێم، بەڵكو مایەی هاندانی رقئەستوریی زیاتری رەگەزپەرستانی توركیشن بەرامبەر خەڵكی كوردستان كە بۆ كار و كەسابەت و تیجارەت بێت یان بۆ گەشتوگوزار و سەفەر و عیلاج روو لەو ووڵاتە دەكەن. 

 ئەو دەستدرێژیەی لە لایەن ژمارەیەك رەگەزپەرستی توركەوە كرایە سەر گەشتیارانی كوردستان، ئەو سوكایەتییەی بە ئاڵای كوردستان كرا كە دوابەدوای پەلاماری سەر ریستۆرانتەكەی هەولێر رویدا كە جێ پەنجەی پەكەكەی پێوە دیارە، بەرجەستەبوونی ئەو راستییەیە كە ئەنجامی كردەوەكانی پەكەكە تەنها زەرەر و زیانە بۆ كورد و كوردستانییان. خۆ ئەم چەندین ساڵە گەر حیكمەت و تەداروكی حكومەتی هەرێم نەبوایە و نەبێ، دەمێك بوو كردەوەكانی پەكەكە، سەریەشە و گرفتی زۆر گەورەتر و بەئازارتری بۆ هەرێم و خەڵكەكەی دروست كردبوو.

كێشەكە لەوەدایە پەكەكە بەرامبەر بەو زیانەی بە خەڵكی كوردستان دەگات، بێ دەربەستە و تەقەی سەری دێ، لای ئەو خەڵك دەبێ لە پێناو ئایدیۆلۆجیایەكی گومڕادا بمرن و بفەوتێن و بەهایەكیان نەبێ. 
ئەو ئاڵایەی سوكایەتی پێكردنی لە لایەن رەگەزپەرستانەوە كزە لە جەرگی ئێمە دێنێ، بۆ ئەوان گەر مایەی خۆشحاڵی نەبێ، قەت مایەی نیگەرانی نییە، ئەوان كە ئەنتی بیری نەتەوەیین و كوردایەتی بە بە فاشیزم دەزانن، خۆیان دەستپێشخەری سوكایەتین بەو ئاڵایە و بەهەر رەمزێك كە تەعبیر لە نەتەوە و خەباتی نەتەوەیی كورد بكات. ئەوان بوون ماڵ بە ماڵی قامشلۆ بە دوای ئاڵای شاردراوەی كوردستاندا دەگەڕان تا بیسوتێنن.

ئەوان كە ئەم هەرێمە بە دەسكەوت نازانن و هیچ بەهایەك بۆ ئەو هەموو خوێن و خەباتە دانانێن كە لە پێناو بەدەستهێنانیدا بەخت كراوە و هیچ ئیعتبارێكیان بۆ حكومەتەكەی نییە و ژیان و بەرژەوەندی و ئەمنیەتی خەڵكەكەیان بەلاوە مەبەست نییە، خاكەكەیان كردۆتە شەڕگە و ساحەی تەسفیەی حساباتی خۆیان، ئیدی پرسیار ئەوەیە: بۆ دەبێ حكومەتی هەرێم و خەڵكەكەی تا ئەبەد باجی ناڕەوای بەدكارییەكانیان بدەن؟.


PM:04:20:21/07/2019

ئه‌م بابه‌ته 2596 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی