جنێوبارانی ژن دوای مەرگ

‌نەزەند بەگیخانی

لێدان لە مەهاباد لێدانە لە هەموو ژنانی ئازاد و سێکولار، لێدانە لە فێمینیزم وەک بزووتنەوە و وەک چەمک، لێدانە لە جیاوازی کە بنەمای پرەنسیپەکانی فێمینستییە. با جیاوازییەکانمان بخەینە لاوە و لە بەرامبەر کوولتوری بەردبارانکردن و جنێوبارانکردندا بێینە دەنگ و سەرەڕای جیاوازییەکانمان، بەرگری لەو خەباتە بکەین کە هەموومان دەیان ساڵە کاری بۆ دەکەین و مەهابادیش ئەڵقەیەکی گرنگی ئەو مێژووە بوو. 
 
جنێوبارانکردنی مەهاباد قەرەداخی دوای مەرگ درێژکراوەی دیاردەی بەردباران و تووندوتیژییە بەرامبەر بە ژن و بە فێمینیستان. ئەگەر ئەم کردەوە قێزەونە دەرهاویشتەی جەهل و رق و کینەی سیاسی و ئایینی بێت، ئەوە رەگی ئەو رقە دەگەڕێتەوە بۆ کولتووری نێرسالاری. 
 
ئەگەر سەرنجێک لەو کۆمێنتانە بدەین کە لە دوێنێوە سۆشیاڵمیدیای کوردییان تەنیوە، ئەوە دەبینیین زۆربەیان هی کوڕ و پیاوانن، ئەگەر کچ و ژنیشیان تێدابێ، ئەوە زۆر کەمن و ئەوانیش بە کاریگەریی نێرسالاری، هەمان نۆرم و ئاکاری کوڕ و پیاوەکان بەرهەم دێننەوە. هاندەرەکان چین؟ ئەی ئامانج چییە لەم جنێوبارانکردنە؟
 
نێرسالاری واتە دەسەڵاتزاڵیی پیاو و نزمبینیی ژن. لە کولتووری نێرسالاریدا پیاو چەقی بوون و گەردوونە و ژن وەک بوونەوەر و وەک چەمکیش بێبایەخ و نزم دەبینرێ. نێرسالار کاتێ ژن قبووڵ دەکات کە لەژێر رکێفی ئەو و بەپێیی ئەو نۆرم و نەریتانە رەفتار بکات کە پیاو و کۆمەڵگە بۆی دیاریکردوون. ئەقڵیەتی پشت ئەو کولتوورە نەک هەر ژنی ئازاد و خاوەن بیروباوەڕی سیاسیی و تایبەتمەند قبووڵ ناکات، بەڵکو وەک هەڕەشەش دەیبینێ. لە تێگەیشتنی ئەودا ئازادی و بیروباوەڕی سیاسی و سێکولاریی ژن وەک بەزاندنی نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان (عاشقبوون، لەدەستدانی پەردەی کچێنی و هتد..) دەبێتە مایەی ستیگماتیزەکردن و بێشەرەفی و ژیانی دەخاتە مەترسییەوە، تا ئاستی کوشتن؛ کوشتنی حەقیقی و سیمبولی. ئەگەر لەدەستدانی پەردەی کچێنی ببێتە هۆی کوشتنی شەڕەفئامێز، ئەوە لە کەیسی جیاوازیی سیاسی و ئایینی، بەشێوەیەکی ئاگایی یا نائاگایی، شکۆ و کەسایەتیی ژن دەکوژرێت، ستیگماتیزە دەکرێ، لە مێژوو وەردەردەنرێ، ئەوەش بە ئامانجی سڕینەوەی ناو و ناوبانگی تەنانەت دوای مەرگیش.
  
مەهاباد قەرەداخی بە تەواوی ستیگماتیزە کرابوو، ئەمەش لەبەرئەوەی فێمینستێکی سێکولار بوو و لە رووی بیروباوەڕی سیاسی و ئایینی و شێوازی ژیانی کۆمەڵایەتی جیاواز بوو. ئەگەر سەیرێکی سۆشیاڵمیدیا بکەین، دەبینین ئەوانەی لە پشتەوەی ئەو ستیگماتیزەکردن و کۆمێنتانەدا بوون، بریتی بوون لە سێ گرووپ:
 
- ئیسلامییە سیاسییەکان
 
- لایەنگرانی گۆڕان و هەندێک لە یەکێتییەکانیش
 
- پارتییە ئیسلامییەکان
 
ئەمانە مەهابادیان ستیگماتیزە کردبوو، لە قاڵبیان دابوو، هەر لەدوای گەڕانەوەی بۆ کوردستان بە سیستەماتیکی کاریان دەکرد بۆ ئەوەی لە تێگەیشتنی خۆیان و کۆمەڵگە وەک ژنێکی ''ناپەسەند'' بە بیانووی ''پارتی'' بوونی سووک و ریسوای بکەن. پارتیبوون تەنیا بیانوو بوو بەکارهێندرا بۆ هەڵڕشتنی رق و کینە و جەهلی سیاسی و ئایینی و حیزبی و ناوچەگەریێتی و نێرسالاری لە شێوەی لەکەدارکردن و جنێودان و سووکایەتی پێکردن.
 
بێگومان نائومێدیی خەڵک لە بەرامبەر دەسەڵاتی سیاسی و گەندەڵیی هەندێ لە سەرکردەکان و نەبوونی سیستەمێکی فەرمانڕەوایی کارا و کاریگەر هۆکارێکی گەورەی دیکە بێت، بەڵام کاتێ ژن دەبێتە چەقی هێرش و ستیگماتیزەکردن، ناکرێ لایەنی جێندەری و نێرسالاری وەک هۆکاری سەرەکی بەهەند وەرنەگرین. ئەو جنێوبارانییەی دوای مردنی دەیبینین، درێژکراوەی ئەو کارە سیستەمییەیە کە ئەو گرووپ و لایەنانە بێ ویژدانانە کاری لەسەر دەکەن.
 
لە سەدەکانی ناوەڕاست، لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا رەوتێک هەبوو بەناوی راوکردن و لەناوبردنی جادوکەران یا سیحربازان. ئەو رەوتە کە بە ئەخلاق و دەسەڵاتی ئایینی بەڕێوەدەچوو، هەر ژنێکی جیاواز بووایە لە رەفتار و ئاکار و گوتار و بیرکردنەوەی، بە جادوکەر یان سیحرباز تۆمەتباری دەکرد. بەو بیانووە پیاوانی سەر بە کڵێسا و پادشاکان ئەو ژنانەیان راودەکرد و بە تۆمەتی جادوکەری لەناویان دەبردن. مێتۆدی لەناوبردنیشیان بەشێوەیەکی سەرەکی سووتاندن بوو. ئەمە بەشێوەیەک گەشەی سەندبوو کە وای لێهات بووە هۆی سیاسەتی پاکتاوی ''جیاوازی'' و لەناوبردنی هەموو ئەوانەی کە لە نەریت و نۆرمەکان جیاواز بوون. وەک؛ جووەکان کە لە کۆتایی سەدەی پانزە راوەدوونران و موڵک و ماڵیان داگیرکرا و لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپی دەرکران و بەشێکی زۆریان پەنایان بۆ سوڵتانی عوسمانی برد.
 
ئەم سیاسەتەی ستیگماتیزەکردن و راونان و لەناوبردنە لە مێژوودا دەگمەن نییە و لەئاکامدا بووەتە هۆی خوێنڕشتن، بووەتە هۆی رەشەکوژی تاوەکو ئاستی جینۆسایدکردنی هەموو ئەوانەی کە لەبەر بیروباوەڕی سیاسی و ئایینی و یا رەنگی پێستیان "وەک جوولەکە، ئەرمەنییەکان، کورد، ئێزدی، رەشپێستەکان و هتد..) بە جیاواز لە قەڵەم دراون. لێرەدا ''جیاوازیی'' وەک چەمک و وەک خاسیەت کرا بە بنچینەی رق و بەکارهێنرا بۆ پاکانەکردنی سیاسەتی لەناوبردن و رەشەکوژیی ئەو گرووپ و نەتەوانە.
 
ئەوەی ئەمڕۆ بەرامبەر مەهاباد قەرەداخی دەکرێ، رێک بەشێکە لەم سیاسەتەی لەناوبردن و لەسەر ئاستی جێندەری کاری پێدەکرێت. نێرسالاری وەک بنەما و بە کار و هاندەری ئەو سێ گرووپەی لە سەرەوە ئاماژەم پێکردن دێت و دەڵێ، تۆی ژن هەر لە بنەڕەتدا نزم و بێ بەها بوویت، چونکە جیاواز بوویت و لە نەریتی سیاسی و ئایینی ''نۆرماڵ'' لاتدا، کەواتە دەبێ بمریت، کە مردیشی، دەبێ بچیتە دۆزەخ "زیاترین کۆمێنت لەژێر هەواڵی مەرگی مەهاباد بریتی بوو لە: بە جەهەننەم".  
 
ئەم سیاسەتە ئایینی و سیاسییەی سەدەکانی ناوەڕاست، ئەمڕۆ زۆر بە ئاشكرایی لە زۆر شوێنی دونیا، بە تایبەتی لە کوردستانی باشوور پیادە دەکرێ. سەرەڕای پێشکەوتنی زۆر و هەوڵدان بۆ سوودوەرگرتن لە مێژوو، ئەمڕۆ چەمکی ''جیاوازی'' نەک هەر زۆر بە زەحمەت قبووڵ دەکرێ، بەڵکو بەهەمان شێوەی سەدەکانی ناوەڕاست بەکاردەهێنرێ بۆ لەناوبردنی ئەوی دیکەی جیاواز: جا جیاوازییەکە ئێتنیکی بێ، نەتەوەیی بێ، ئایینی بێ، جێندەری بێ یاخود چینایەتی و حیزبی و گرووپگەرایی و شارپەرستی و هتد...تەکنەلۆژیای مۆدێرن و سۆشیاڵمیدیاش ئەو دەرفەتەیان رەخساندووە و بوونەتە سەکۆی ''جنێوبارانی و سووکایەتی پێکردن''. رووی هەرە ترسناکی ئەم سیاسەتە ئەوەیە کە دوای مەرگیش بەردەوام دەبێ. بۆ نموونە، تێکدانی گۆڕی جووەکان لە فەرەنسا نموونەیەکە لەم سیاسەتە و لێدانە لە تەواوی جووەکان، لەبەرئەوەی لە تێگەیشتنی رەگەزپەرست و تووندڕەوەکان ''جیاواز''ن. 
 
مەهاباد قەرەداخی جیاواز بوو. ئەو جیاوازییە ئایینی یا سیاسی بێت، ئەوە مافی تەواوی ئەو بووە و رۆژێک لە رۆژان هەڵیبژاردووە بۆ درێژەدان بە خەباتی خۆی وەک کورد، وەک زیندانییەکی سەردەمی بەعس، وەک فێمینیست و شاعیر و نووسەر. ئەگەر مرۆڤ جیاوازیی ئەوی دیکە قبووڵ نەکات و راوەدووی کەسانی جیاواز بنێت، جنێوبارانیان بکات و دوای مەرگیش دەستیان لێ هەڵنەگرێ، ئەوە ئەوجۆرە مرۆڤانە نەک هەر چەمکی ئازادی و دیموکراسی و ئازادیی رادەبرێن و بیروباوەڕ تێنەگەیشتوون، بەڵکو لە مرۆڤایەتی شۆراونەتەوە، خاسییەتی مرۆڤبوونیان لەدەستداوە و بوونەتە ئەهریمەنترین بوونەوەر. ئەو کەسانە لە شێوەی مۆب و کۆمەڵە و دەستە و گرووپ دیکتاتۆرییانە حوکمی ئەقڵ و هۆش و رەفتار و بیری خەڵکی کوردستان دەکەن. ترسێکیان دروستکردووە تا ئاستی تۆقاندن و فاشیزم. خەڵک خەسێندراوە، ئالوودەکراوە و کوێرانە بە بیرکردنەوە بووەتە دەمێکی گەورە و پەنجەیەکی بێ گیان، هەر دەدوێ و دەنووسێ، بەڵام بیرناکاتەوە و گوێ ناگرێ و ئامادەیی فێربوون و بەخۆداچوونەوەی نییە. 
 
ژان پۆل سارتەر دەڵێ ئازادی ئەوەیە کە بتوانین لە دژی دیکتاتۆری بە هەموو شێوازەکانییەوە بێینە دەنگ و رەتی بکەینەوە، جا ئەو دیکتاتۆرییەتە هەرچییەک بێت: دیکتاتۆریی سیاسی و ئایینی و مۆب و دەستە و گروپ و کۆمەڵگە. ئەمڕۆ ئەگەر ترس و تۆقانی نێرسالاری بە بە هاندەری حیزبی، ئایینی یا شارچیێتی و گرووپگەرایی ئێمە بێدەنگ بکات و لە ناوەوەش لەبەرامبەر ئەوەی روودەدات ختووکەی خۆشیمان بدات، ئەوە ئێمە بێ گیانین، خەسێندراو و تۆقیوین و بووینەتە دیکتاتۆر لە دەوروبەرەکەی خۆمان کە لە دیکتاتۆریی سیاسیی ترسناکترە: وەک ئەوانەی دوعا خەلیلیان بەردباران کرد، وەک ئەوانەی بەناز مەحموود و فاتیمە شاهیندال و هێشوو یونسیان کوشت، بێدەنگیی ئێمە، واتە تاوانباریی ئێمە لەم پرۆسەیەدا. جا تۆی فێمینیست و مرۆڤدۆست و ئازادیخواز و هەڵگری پەیامی مافی مرۆڤ و دیموکراسی، ئەگەر بترسیت و لەبەرامبەر ئەم دۆخە بێدەنگ بیت، ئەوە ئەوەی دەیکەیت درۆیەکی گەورەیە لەگەڵ خۆت و دەوروبەر، خۆت فریودەدەیت و نمایشێکی ئەهریمەنانە دەکەیت کە نەک هەر سوودی نییە بۆ تاک و جیهانی تێکشکاومان، بەڵکو برەو بە دیکتاتۆرییەت دەدات بە هەموو شێوازەکانییەوە.
 
لێدان لە مەهاباد لێدانە لە هەموو ژنانی ئازاد و سێکیولار، لێدانە لە فێمینیزم وەک بزووتنەوە و وەک چەمک، لێدانە لە جیاوازی کە بنەمای پرەنسیپەکانی فێمینستییە. با جیاوازییەکانمان بخەینە لاوە و لەبەرامبەر کولتووری بەردبارانکردن و جنێوبارانکردندا بێینە دەنگ و سەرەڕای جیاوازییەکانمان، بەرگری لەو خەباتە بکەین کە هەموومان دەیان ساڵە کاری بۆ دەکەین و مەهابادیش ئەڵقەیەکی گرنگی ئەو مێژووە بوو. 


PM:02:30:11/10/2020

ئه‌م بابه‌ته 1748 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی