نێچیرڤان بارزانی نوقتە سەری دێڕ !

‌شێروان تاڵب

عادەتەن یان ئیشی تێکدراو چاک ئەکا، یان ئیشێک ئەکا کە نەکرا بێ، وەک دەرھێنانی نەوت لە جەرگی خاکدا و دواتر فرۆشتنی، پاشانیش دێت بە ھێواشی بۆرییەک ئەچەقێنێ و سنوورەکانی پێ ئەبڕێ و ئیتر لەئاشتیدا، ئەو بۆرییە یار خۆشحاڵ ئەکا و نەیاریش ناچار ئەکا ڕێز لە پێگەی ھەرێم بگرێ. ئێ لەشەڕیشدا، دەست و دەمی دوژمنی پێ ئەگرێ، خۆ ھەرنا، سڕیان ئەکا تا ھیچی وەھایان پێنەکرێ!

ئەو ھەندێکجار شتێک ئەڵێ کە تازەیە، تازەش نەبێ دژە باوە! وەک ئەوەی کە لە زەمەنی پەتای ( دەردەکورد )دا، بەتاقی تەنیا ئەڵێ: وەرن با کۆبینەوە و ڕێکبکەووین، تا نەکەووین!

جار جارەش بە قسەیەکی پێشتر نەووتراو، گۆمێکی ڕاوەستاو ئەشڵەقێنێ، وەک ئەوەی ئەمجارە لە بەغدا بە گوێی ھێز و کەسایەتییە عێراقییەکاندا دای و وتی: ھەموومان ھەڵەمان کردووە، با بەھەڵەکانماندا بچینەوە تا ھەمووان بە ئارامی بژین!

ئەم بۆچوونە، لێکدانەوەیەکی وردی ، دۆخێکی ھەستیاری ، عێراقێکی عەجیبە و ھەڵسەنگاندێکی واقیعیشە ، چونکە نە شەڕ و گرژی بەلایەک ئەکرێ و نە ئاشتی و ڕێککەووتنیش ، پاشان خۆ چەپڵە بەدەستێک لێنادرێ !
نێچیرڤان بارزانی چاکی ھێنا و دەقیقیش لێکیداوەتەوە ، ئاخر ھەڵەی چاک کراوە ،،
ھەڵە لە لێکدانەوەی دەستوور،
ھەڵە لە تێگەیشتن بۆ فیدراڵی،
ھەڵە لە خوێندنەوەی واقیع و تەنانەت ھەڵە لە ھەڵسەنگاندنمان بۆ پێگەی یەکتریش !

هەڵەی کوشندەش کە خەریک بوو دیسانەوە پەنا بۆ کردنەوەی ببردرێ ، بیرکردنەوە بوو لە سیاسەتی چۆکپێدادانی گەلی کوردستان ، ئەو سیاسەتە نەزۆکەی رژێمە ( کەوتووەکان ) کە نەک هەر کوردی پێ دەستەمۆ نەکرا ، بەڵکو عێراقیشی گیرۆدەی زنجیرەیەک شکست کرد کە هێشتاش ژان و شوێنەوارەکانیان ھەرماون و وا زووش ناڕۆن ، ئەمێنێ !

لەبەغدا، نێچیرڤان بارزانی ڕاشکاوانە داوای ڕاشکاوی لە ھەمووان کرد تا دوای ١٨ ساڵ لە حوکمڕانییەتی عێراقی تازە! دان بە ھەڵەکانماندا بنێین، ئەو ھەڵانەی کە دۆخەکەیان گەیاندە ئەو ڕادەیەی ، شەراکەت بووە دژایەتی و یەکترتەواوکردنیش بووە یەکتربڕین!

تەوافوق بەلاوەنرا و کەمینەوزۆرینەش بۆ ھەموو شتێک، ھاتە جێی!
لەم عێراقە تازەیەدا کە کۆمەڵە ھاوسەنگەرێکی کۆن بونیادیان نا ، برایەتی لە خوێندا ، گۆڕدرا بۆ خوێنڕشتنی براکان!

دەستی دەستی و دەستی یەکتربڕین ، میکانیزمە باوەکەی وتوێژە و کۆبوونەوە لەپێناو کۆبوونەوە و ڕێککەووتن لەسەر ڕێکنەکەووتنیش ، سیمای دیاری دانوستاندنەکانی ھەردوولا بووە!

ئەو ئەمجارە ھەمووانی خستە بەردەم دوو ئیختیار،، یان بەردەوامی کێشەکان و ئاڵۆزتربوونیان و مانەوەی ھەمووان لەناو گێژاو!

یان چارەسەری ڕیشەیی بە دانانی خاڵ لەسەر پیتەکان و ھەنگاونان بەرەو لێکگەیشتن، تێگەیشتن، دواجاریش ڕێککەووتن.

لەگەڵ ئەمانەشدا، ئەوەیشی خستۆتەبەرچاو کە ئاشتی و تەبایی و سازان، عێراقێکی بەھێز و ھەرێمێکی بەھێز ئەنجامەکەی ئەبێ و شەڕ و گرژی و ترازانیش، بەرەو عێراقێکی لاوازتر و ھەرێمێکی ھەمیشە کێشەدار، ئەمانبا!
پاش سەد ساڵ، بوێری نێچیرڤان بارزانی لە خستنەڕووی بۆچوونەکانیدا بۆ چارەسەر بەڕادەیەکە کە بە ئاشکرا بەعێراقییەکان بڵێ: ئێمە بەھێزی خۆمان لە بەھێزی ئێوەدا ئەبینینەوە!

فەوزا و پاشاگەردانی لە بەغدا، مانای گەشانەوەی ھەولێر ناگەێنێ!
بچووکبونەوەی ئێمە، ئێوە گەورە ناکا و گەورەیی ئێمەش لە بچووکبوونەوەی ئێوەدا نیە!
ئەو، سەوابتە نەتەوەییەکان فەرامۆش ناکا و چاکی لەبیرە، بەڵام واقیعەکەشی باش ھەڵسەنگاندووە، چونکە ئەزانێ چی ئەگوزەرێ !

لەڕاستیدا ئەوەی ئەو ئەیەوێ، ھەرئەوەیە کە ھەر کورد و کوردستانییەک ئەیەوێ، بەڵام لای ئەوی واقیعبینی نا حەماسی، ھەر قۆناغێک، ئامراز و میکانیزمی خۆیی ھەیە!
بەواتایەکی تر، ئەو پێی وایە ماست لەوەختی خۆی و کەنگریش لە وەختی خۆی دا دێ.



AM:11:18:14/04/2021

ئه‌م بابه‌ته 2900 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی