بە تەنها جێیان مەهێڵن

‌هێمن عەبدولقادر

+ -
(ئۆشۆ) لەیەکێک لە ووتارە بە ناوبانگەکانی خۆیدا چیرۆکێکی سەرنج ڕاکێشمان بۆ دەگێڕێتەوە، چیرۆکەکە ئایا وەک (میتافۆر) و لەبری دانان بەکاری ھێناوە یان ھەر راستیە، ئەوە ھیچ لە راستی ناوەڕۆکەکە و ماناکانی پشت چیرۆکەکە کەم ناکاتەوە.
ئۆشۆ دەڵێ: لە ھیندستان ناوچەیەک ھەیە، خەڵکی ئەم ناوچەیە ئەگەر بیانەوێت درەختێکی گەورەی پێگەشتوو لە سەر ڕێگاکانیان لابەرن، درەختەکە نابڕنەوە، نایسوتێن، تەور و مشار ناخەنە جەستەیەوە و دەمارەکانی بپچڕێنن، گەڵا و لقەکانی لێناکەنەوە تا گەشەنەکات، نەوت ناکەنە ناو ڕەگەکانیەوە ھەتا ووشکی بکەن، خەڵکی ئەم ناوچەیە، ئەگەر بیانەوێت درەختێک لە دارستانەکە داببڕن یان لەناوی بەرن، سەرەتا ماوەیەکی زۆر ڕۆژانە دەچنە بنی درەختە کە و پێ ئەکەنن.
ھەموو ڕۆژێک دەچنە بنی درەختەکە و گۆرانی دەڵێن، بەسەرھاتی خۆش دەگێڕنەوە، سفرە رادەخەن ، شادی دەردەبڕن، لە پاش خۆیان، بەدەنگی بەرز سوپاسی درەختەکە دەکەن، بەجۆرێک ھەتا درەخەتەکە لە گەڵیان ڕادێت و بە تەواوی ھۆگریان دەبێت.
پاشان کە کاتی بڕینی درەختەکە ھات، چەند کەسێک لەوانەی کە ڕۆژانە نوکتە و گۆرانی و پێکەنین و شادی و ھۆگریان بە درەختەکە بەخشیوە، توند توند باوەش بە درەختەکەدا دەکەن و پاشان ڕای دەوەشێنن و ئیتر بۆ ماوەیەکی زۆر، بەجێی دەھێڵن و بەم کارە ووردە ووردە درەختەکە دوور لە خۆشەویستی و شادی دەست دەکات بە فەوتان و ووشک بوون و بەماوەیەکی کەم لە بن دێت.
بەشی زۆری ئەوانەی کە دەبنە کەسێکی توندو تیژ، بەشی زۆری ئەوانەی کە دەکەونە کونجی زیندانەوە، بەشی ھەرە زۆری ئەوانەی دەبنە تریاکی یان ئەفیونی یان تاوانبار، بەشی ھەرە زۆری ئەوانەی کێشەی خێزانیان بۆ دروست دەبێت، لە بنەڕەتدا ھیچ کرۆمۆسۆمێکی تاوانییان نیە، ئەسڵەن ئەوانە ھەموویان مرۆڤی بێ تاوانن.
تاوانبار ئێمەین کەھەمیشە بەچاوی گومانەوە سەیریان دەکەین، تاوانبار ئێمەین کە یارمەتیان نادەین، لەگەڵیان تێکەڵ نابین، نایان لاوێنینەوە وھەمیشە خۆمانیان لێ بەدوور ئەگرین.
چەندین جار ئەو حاڵەتانەمان بینیوە کە دەڵێن (ئێمە حاشامان لێکردووە) درەختێک بە حاشا لێکردنی گۆرانیەک ووشک ببێت، ئەی مرۆڤێک بە حاشا لێکردنی لە لایەن خێزان و کۆمەڵگاوە.
درەختێک ئەگەر ھۆگری خۆشەویستی و ڕێز بێت و پاش ماوەیەک لێی بگریتەوە ووشک ئەبێت، ئەی مرۆڤێک کە خێزان و ھاوڕێ و کۆمەڵگا ھەرھەموویان فڕێیان داوە ئەبێت چی بەسەر بێت؟
فەرھاد ووتەنی"قەرەجەکان ھیچ کەسێکیان لێ زیاد نیە، ھەر بۆیە کاتێک قەرەجەکان کۆچ ئەکەن ، شێتەکانی خۆشیان بە جێناھێڵن، ئەوان شێتەکانی خۆشیان لەگەڵ خۆیان دەبەن (کەچی ئێمە ھەموویانمان بەجێ ھێشتووە)، منداڵەکانمان .. ھاوڕێکانمان .. خێزانەکانمان .. کەسە ئازیزەکانمان .. عاقڵەکانمان .. نزیکەکانمان) کەچی دوایش دەپرسین ئەوە بۆ وای بەسەر ھات؟ ئەوە بۆ وا شێت بوو؟ ئەوە بۆ وا ووشک بوو؟
بۆ وایان لێ بەسەر ھات ؟
خۆ ئەوان خێزانێکی بەختەوەر بوون؟
خۆ ئەو کەسێکی باش بوو ؟
خۆ و خۆ و خۆ و سەدان خۆی تر، ھەرگیز بەجێیان مەھێڵن بەڵکو یارمەتیان بدەن.
نوقتە سەری دێڕ ...


AM:10:54:09/06/2019

ئه‌م بابه‌ته 2832 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی