شاگردیش مرۆڤە !!

‌ئاشتی عەبدوڵا


ماوەیەكە لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكان لەدوای بیروبۆچوونێكی  جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تیوتەردا، سەبارەت بەكاركردنی گەنجان و جۆری پیشەكەیان، مشتومڕێكی زۆر هاتۆتە ئاراوە.

 لێرەدا قسەم لەسەر قسەكەی بەڕێزیان نییەو بەرگریشی لێ ناكەم، ئەویش وەك هەر تاكێكی تر  راو بۆچوونێكی خۆی دەربڕیوە لەچوارچێوەی گفتوگۆیەكدا، ئەگەر ئێمەش  بۆچوونی خۆمان بڵێین لەسەر ئەم قسەیە، ئەوا قسەی زۆر هەڵدەگرێت و دەبێت بگەڕێینەوە بۆ سەرچاوەی گرفتە ئابووری و سیاسیەكان كە گەنج و خەڵكی ئەم هەرێمەی بەم رۆژە گەیاند، كە باروگوزەران و نان پەیداكردن ببێتە باس و خواسی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان، كە ئەمە سادەترین مافی هاووڵاتیە كە ژیان و گوزەرانی دابین بكرێت.

 گەنج بەخاوەن بڕوانامەكان و بێ بڕوانامەكانیشەوە بێ كارن، لەكاتێكدا كە هەلی دامەزراندن لەنێو دامەزراوە حكومیەكاندا نییە لەهەمان كاتدا بەهۆی بێ پلانی بۆ دروستكردنی كارگەو شوێنی وەبەرهێنانی بەروبومە ناوخۆییەكان كەساڵانە بڕێكی زۆری بەخەسار دەچێت، دەكرا چەندین كارگە دروست بكرێت و گەنجەكانمان تێیدا هەم كاریان دەست كەوێت و هەم ببینە خاوەنی بەرهەمی خۆماڵی و بەرووبوومەكانیشمان بەخەسار نەچێت.

 دەی ئەمەش قسەیەكی ترەو ئەمەوێ بچمە سەر ئەساسی بابەتەكە، ئەوەی مەبەستمە لێرەدا ئاماژەی پێ بكەم جۆری پیشەیە !! كەئیشكردن عەیبە نییە كاتێك یاسایی بێت، بەڵكو عەیبە ئەوەیە كەسێك خۆی بەگەورەتر لەپیشەیەك بزانێت.

لێرەوە ئەوەی كەنیگەرانی كردووم بێ بەهاكردنی پیشەی ئەوانی ترە كە بڕوانامەیان نیە و ژیان ئەو دەرفەتەی پێنەداون بخوێنن و ئێستا پیشەیەكیان هەیە و سەربەرزانە بژێوی خۆیان و خێزانەكانیانی پێ دابین دەكەن، بەو جۆرەی ئێستا قسەدەكرێت لەسەر پیشەی ئەوانی تر بێ بەهاكردنی پیشەیەك كەنانی سەربەرزی پێ پەیدا دەكرێت، بێ رێزییە بەشكۆی مرۆڤەكانی تر كەجگە لەو جۆرە پیشانە ناتوانن كارێكی تر بكەن، ئیتر ئەو پیشەیە (ترۆزی فرۆشتنە یان فیتەریە یان سەوزەو پاقلە فرۆشتن و شاگردیە)، هەموویان جێی رێزن و كەرامەت و شكۆی مرۆڤەكان بەپیشە هەڵناسەنگێنرێت، زۆرن ئەوانەی بڕوانامەی عیملاقیان هەیە و بەقەد تورێكی سەر عەرەبانەكەی سەوزە فرۆشەكە سوودی بۆ خەڵك و خاك نەبووە، بگرە هەندێكیان بوونەتە بارێكی گران و جار هەیە نەك هەر لەگەندەڵی تێوەگلاون، بەڵكو چارەنووس و ژیانی خەڵكیشی خستۆتە مەترسیەوە، باشترین نموونە ئەو خاوەن بڕوانامە عیملاقانەن كە بازرگانی بەدەرمانەوە ئەكەن و لەبری چارەسەر ژەهرمان دەرخوارد ئەدەن!

 ئەم بابەتەی كەئێستا تۆڕە كۆمەڵایتیەكانی بەخۆیەوە سەرقاڵ كردووە لەدوای دەربرینی بیروبۆچوونی سیاسەتمەدارێكی ئەم هەرێمەوە كە لەو رێگەیەوە شكۆی هەزارن خاوەن پیشەی پێ دەشكێنرێت و بابەتەكە تێكەڵاوی ململانێی سیاسی كراوەو مەبەست لێی لێدانێكی سیاسیە، بەڵام لەم لێدانە سیاسیەدا هیچ مۆڕاڵێكی ئینسانی و سیاسی رەچاونەكراوە، چونكە ئەمە لێدانە لەزۆرێك لەتاكەكانی ئەم كۆمەڵگەیە، كە بەكەرامەتەوە پیشەیەكیان هەڵبژاردووەو نان پەیدا ئەكەن.

 ململانێی ناتەندروست و فەوزا سیاسیەكە بەجۆرێكە بەها مرۆییەكانیشیان لەبیر كردووە، كە ئینسان هەر ئینسانە، جا بروانامەی هەبێت یان نا، شاگرد بێت یان وەزیر بێت پێویستە رێز لەشكۆو كەرامەت و پیشەكەی بگیرێت.


PM:06:51:03/08/2018

ئه‌م بابه‌ته 4017 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی