گۆڕانێکی گەورە بەڕێوەیە

‌سەلام عەبدوڵا

سەلام عەبدوڵڵا

لە رێککەوتننامەی سایکس پیکۆ کە سەد ساڵ لەمەوپێش بوو، حیساب تەنها بۆ بەرژەوەندیی ئابووری دەکرا نەک سیاسی، لای ئیمزاکەران گرینگ ئەوەبوو چۆن ئەو نەخشەیە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابڕێژن کە زیاتر سوودی ئابوورییان پێبگەیەنێت.

راستە لە ماوەی ئەم سەد ساڵەدا، کەم یا زۆر، سوودمەند بوون لەو سنوورانە، بەڵام ئێستا کە دەزانن هێشتنەوەی سنوورەکان بۆ ئەوانیش لە بەرژەوەندییاندا نییە بەتایبەتی کە وڵاتی ناوچەیی بەهێزی وەک تورکیا و ئێران و لەمەودوایش سعوودیە وجودی لە ناوچەکەدا هەیە.

بۆیە ئەوانیش بە ئەجێندای خۆیاندا چوونەتەوە و بەتایبەتی سەبارەت بە کورد کە ئێستا هێزێکە لە مەیدانی عەسکەری و سیاسیدا کاریگەرە، رۆڵی بەرچاو لە شەڕی داعش و تیرۆردا دەگێڕێت و دەبێ ئەمجارە ئیدی پشتگوێ نەخرێت. بۆیە ئێستا هەر ئەو وڵاتانەی کە هۆکاری ئەم دابەشبوونەی کورد بوون. ئەوان دەیانەوێ دەستکاری و دیزاینی ئەم سنوورانە بکەنەوە کە لە بەرژەوەندیی ئەوانیش بێت، چونکە بەم شێوەیەی ئێستا هیچ سوودی بۆ ئەو وڵاتانە نییە کە سایکس پیکۆیان ئیمزا کرد.

بۆیە ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر زەوینە رەخساوە بۆ کورد، بۆ ئەوەی ئەو زوڵمەی مێژووی یەک سەدە لەمەوپێش لێی کرا نەهێڵێ بەردەوام بێت، چونکە بارودۆخەکە نەک تەنها بۆ ئێمە بۆ ئەو وڵاتانەش وا دەخوازێ.

ئەوەتا، لە کونگرەیەک کە لە زانکۆی جۆرج واشنتۆن بەسترا، سەبارەت بە ئیستخبارات، بەڕێوەبەری ئاژانسی موخابەراتی فەڕەنسی بێرنارد باجۆلییە دەڵێت:

"ئەو رۆژهەڵاتەی دەمانناسی، تەواو بووە و ناگەڕێتەوە. سووریا پارچەپارچە بووە و تەنها یەک له‌ سێی وڵاتەکەی لە ژێر دەستە. ئەمە بەسەر عێراقیشدا دەسەلمێت، بڕوا ناکەم جارێکی تر وەک پێشووی لێبێتەوە."

هەر بۆیە دەیان نەخشەی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان نەخشاندووە کە لە هەموویدا کوردستان وەک دەوڵەت دیاریکراوە.

ئیدی لەمکاتەدا چۆن دەبێ لە دوژمنان زیاتر، لەنێوخۆدا، دژایەتیی ئەو داهاتووە روونە بین کە جیهان چاوەڕێی دەکات.

ئەوە ئیدی کاری ئێمەی کوردە کە ئەو پرۆسەیە بەرەو پێشەوە ببەین و ئێمەش لەگەڵ جیهانی دیموکراتیدا هاوشان بین بۆ بەدیهێنانی ناوچەیەکی ئارام و ئاشتیخواز و دیموکرات.

بەداخەوە ئێستا ئەوەی دەبینین لەلایەن هەندێک حزب و لایەنەوە، وەک وڵاتانی دوژمن بە هیواکانی کورد رەفتار دەکەن و دەیان پاساوی بێجێ دێننەوە، وەک ئەوەی ئێستا کاتی دەوڵەت نییە یان زەوینەی سیاسی و ئابووری بۆ ئەم مەسەلەیە دەستەبەر نەکراوە، تا دەگاتە ئەوەی ئێمە برای عەرەب و تورک و فارسین و پێویست بە جیابوونەوە ناکات کە هەر هەمووی تەنها لە خزمەت سیاسەتی ئەو وڵاتانەیە کە سودمەند بوون لە نەخشەسازیی سایکس پیکۆ.

لەلایەکی تریشەوە نیشتمانپەروەوانی کورد، ئەوانەی خوێن و قوربانییان بۆ ئەم فرسەتە مێژووییە داوە، لە هەموو کاتێک زیاتر بۆ ئەو ئامانجە تێدەکۆشن و ناهێڵن ئەم هەلە مێژووییە لە دەست گەلەکەمان بچێت. دەبێت لەم گۆڕانە گەورەیەی بەڕێوەیە کورد سوودمەندی یەکەم بێت. هەل هەموو رۆژێک دووبارە نابێتەوە.
 


PM:01:26:29/02/2016

ئه‌م بابه‌ته 4060 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی