‌گۆڕی بە كۆمەڵ و ئەنفال و بەغدا
AM:11:53:14/04/2019
سەلام عەبدوڵا

ئەمڕۆ 14/4 كە یادی كارەساتی بەدناوی ئەنفالە جارێكی تر رووی دەممان دەكەینەوە حكوومەت و پەرلەمانی بەغدا.
 
هەموو بە ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس چاوەڕێی ئەوە بووین كە دامەزراندنی حكوومەتی نوێی عێراق، هەموو ئەو بڕیارە چەوت و شۆڤێنیانەی ڕژێمی پێشوو كە دەرهەق گەلی كورد بە ناوی (ئەنجوومەنی باڵای شۆڕش) دەركرابوون و بەو پێیەش سەدان هەزار كورد لە شوێنی باو و باپیرانی خۆیان بەزەبری هێز دەركرابوون هەڵبوەشێنێتەوە و هاوكات قەرەبووی قوربانیانی كیمیاباران و ئەنفال بكاتەوەو بە فەرمی داوای لێبووردن و پەشیمانی لەو تاوانە گەورەیە بكات.
 
كەچی وا شانزە ساڵ تێدەپەڕێت و حكوومەتی عێراق هیچ هەنگاوێكی لەو بارەیەوە نەناوە.
ئەوەتا هەر لەم هەفتەیەدا گۆڕێكی تری بە كۆمەڵ لە پارێزگای (میسان) دۆزراوەتەوە كە سەرجەمیان كوردن و زۆربەشیان ژن و منداڵ و جلی كوردیان شاهیدحاڵی ئەو تاوانە گەورەیەیە، لەگەڵ ئەوەشدا حكوومەت و پەرلەمانی بەغدا كڕوكپ بەرامبەر ئەو تاوانە حاشاهەڵنەگرە دانیشتوون و هیچ هەڵوێستێك بەرامبەری وەرناگرن كە مایەی پرسیار و سەرسوڕمانی هەموو دانیشتوانی هەرێمی كوردستانە.
 
گەر حكوومەت و پەرلەمانەكەی بەغدا پاساوی ئەوە بهێننەوە كە ڕژێمی ئێستای عێراق، بەو تاوانە هەڵنەستاوە، ئەوە پاساوێكی زۆر بێ بایەخ و نامرۆڤانە و بێ ویژدانانەیە.
 
ئەڵمانیا كە لە ئەنجامی تاوانەكانی (هیتلەر) دەرهەق بە جووەكان كرابوو، هەر بە دەستبەكاربوونی یەكسەر داوای لێبووردن و قەرەبووی قوربانیانی ئەو تاوانە ‌قێزەونەی دایەوە و سەدان ملیۆن دۆلاری ساڵانە بۆ ئەو مەبەستە تەرخان كرد و بە هەزاران كتێب و بەڵگەی لەسەر ئەو تاوانە بڵاوكردەوە و پاساوی ئەوەیان نەهێنایەوە كە ئەوان ئەو تاوانە گەورەیەیان ئەنجامنەداوە وەك ئەوەی ئەمڕۆ كاربەدەستانی عێراق و پەرلەمانەكەی بانگەشەی بە ناهەق بۆ دەكەن.
ئیتر كاتی ئەوە هاتووە كە حكوومەتەكەی (عادل عەبدولمەهدی) كە خۆی وەك ئۆپۆزیسیۆنێكی ئەو سەردەمە، ئاگاداری ئەو تاوانە گەورەیەیە، پێویستە لەوە زیاتر ئەم مەسەلەیە دوا نەخات و هەنگاوی گورج و خێرا لە ڕێی حكوومەت و پەرلەمانەوە بنێت بۆ قەرەبووی قوربانیانی ئەنفال و كیمیابارانی هەڵەبجە و شوێنەكانی تر و هاوكات وەك حكوومەت داوای لێبووردن لە گەلی كورد بكات، بەمەش لاپەڕەیەكی نوێ بەرامبەر گەلەكەمان هەڵدەداتەوە.
 
لێرەدا دەبێت ئەوەش بڵێین كە حكوومەتی عێراق دەبێ قەرەبووی برا ئێزیدییەكانمان بكاتەوە، چونكە ئەو تاوانە داعش لەنێو خاكی عێراقدا ئەنجامی داوە.

هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.