سیاسیە ئینتەرتەینەرەکان ( جەو دروستکەرەکان) کێن؟

‌شنیار ئەنوەر

شنیار ئەنوەر

سیاسەت وە بەتایبەتی لە پرۆسەی دیموکراسیدا مرۆڤ گەلی جیاوازو سەیروسەمەرەمان پێ ئاشنا دەکات، ھەرچەندە سیاسەت بۆ خۆی کایەکی ئێجگار جدیە و پێویستی بە خۆتەرخانکردن و مەعریفەیەکی قوڵ ھەیە.

لە دونیای ئێستادا دیموکراسی چەندین جۆر سیاسی نوێی بەرھەم ھێناوە. ھەیانە پێیان ئەوترێت سیاسی خاوەن روئیا ( سیاسی موخزرەم )  وەک باراک ئۆباما  و رۆنالد ریگن کە تائێستاش لە دوای خۆیان لە ئەمەریکا میراتەکەیان جێگای مشتومرە، گفتوگۆو دیبەتەکانی ئەمەریکا ھێشتا لە چوارچێوەی ئەم دو سەرۆکەدا ئەخولێتەوە.

سیاسیش ھەیە ئینتەرتەینەرە واتە جەو دروستکەرە. ئەم جۆرە سیایسیە ھێندە کاریان بە دروستکردنی ھەواڵ و کاردانەوەو تویت و چەلەحانێیە ھێندە ئەنجامیان بەلاوە گرنگ نیە. بەدوای ئەو خاڵانەدا ئەگەڕێن کە زۆرترین کاردانەوەو توەرەبون یان نوکتەو قسەو باس دروست دەکات دەستکەوتی ئەوان بریتیە لە سەرقاڵکردنی خەڵک بە خۆیانەوە گرنگ ئەنجام نیە، گرنگ ئەوەیە خەڵک چەند قسەی لەسەر کردوە. جا ئەمانە ھەیە پێیان ئەلێ پۆپۆلیست ھەشە پێیان ئەلێت جەو دروستکەر.

ئەمانە لە ماوەی زۆر کورتدا ھیوای زۆر گەورە دروست دەکەن بەلام زۆر بە خێرای بێتوانای و ساختەبونیان دەردەکەوێت بە دوایاندا بێ ھیوایەکی قول دروست دەبێت لە دیموکراسی و لە سیاسەتیش چونکە کارەکانی ئەمان ھیچ مەعریفەو فکرێکی لە پشتەوە نیە تەنھا جەو دروستکردنە.

لە ئەمەریکا ترەمپ لەو جۆرە سەرۆکانەیە. چەندین بەڵێنی گەورەی دا وەک ھێنانەوەی کارگەکانی دروستکردنی ئوتومبێل بۆ ناو ئەمەریکا کە ئێستا لە دەرەوەی ئەمەریکان بەھۆی گرانی دەستی کاری ناو ئەمەریکا. بەڵێنی دا سیستەمی تەندروستێ ئۆباما ھەڵوەشێنێتەوە وە سیستەمێکی باشتر لە ماوەیەکی کورتدا پەسەند بکات، بەڵێنی دا کە دیوارێک دروست بکات و مەکسیکیش پارەکەی بدات، بەڵێنی دا کانەکانی خەڵوز بژێنێتەوە و ھەزاران دەستی کار بۆ ویلایەتەکانی ناوەراستی ئەمەریکا دروست بکات.

ئەنجامەکەی نە کارگەی ئوتومبێل گەرایەوە، نە دیوارەکەی دروستکرد و مەکسیکیش سەنتێکی نەیا ، نە سیستەمی ئۆبامای پێ ھەلوەشایەوەو نە کانی خەڵوز ژیایەوە. ئەوەی کە تازەیە لەسەردەمی ترەمپدا دروست بونی رەگەز پەرستی زیاترو رق و کینە زیاتر بو بەلام بەردەوام وەک جەو خۆشکەرێک لە تویتەرو تیڤیەکانەوە بە وتە سەیرو سەمەرەکانی فەوزا دروست دەکات و خەلک بەخۆیەوە سەرقال دەکات.

گرنگی دیموکراسی ئەمەیە کە ئەمەریکیەکان لەوە ناترسن کە ترەمپ بۆ ھەتا ھەتایە حوکمیان بکات بۆەیەسەردەمی ترەمپ سەردەمێکی کاتیەو بەلام ئەگەر ئەمەریکا خاوەنی ئەو دامەزراوە بەھێزو ئەو سیستەمە بەھێزە نەبونایا ئەوا گاڵتەجاریەکانی ترەمپ درێژەی دەکێشاو کارەساتی گەورەی لێئەکەوتەوە.

لەم رۆژانە لە ویلایەتی کالیفرۆنیا بوم گوێبیستی چاوپێکەوتنێکی حاکمی ویلایەتەکە بوم کە باسی لەوە ئەکرد کە ئەوان توانیویانە وەک ویلایەتەکەی خۆیان چەندین بریارو سیاسەتی ترەمپ رابگرن شێوەیەک لە سەربەخۆی خۆیان بپارێزن، سالی رابردوش دیموکراتەکان توانیان لە کۆنگرێس زۆرینە بەدەست بێننەوە بەمەش توانرا ترەمپ زیاتر کۆنترۆل بکرێت.

بەلام کاتێک جەو دروستکەرەکان لە کوردستان دێنە ناو سیاسەتەوە ھیچ دامەزراوەیەک نیە رێگری لە دەسەلات خۆازیان بکات بۆیە ئەبنە بارگرانی زیاتر بەسەر خەلکەوە چونکە ولات بە قەشمەری و جەو دروستکردن و درۆکردن ناچێت بەرێوە. بژاردەکەش ئەوەنیە کە تۆ گیرۆدەی دەستی حوکمی بنەمالەیت ولات بەیتە دەست جەو دروستکەرێک.

لێرەدا پرسیار رەنگە ئەوەبێت خەڵک چی بکات لەبەینی حوکمی بنەمالەکان و جەو دروستکەرە بنەمالەییەکان؟! چارەسەر  خولقاندنی بەدیلێکی ترە و وە گەلی زیندوش نابێت تەسلیمی ئەمری واقع بێت.

تێبینی/ لەماوەی ئەم سالدا بەھۆی بەشداری کردنم لە کەمپینی بێرنی ساندەرس یەکێک لە کاندیدە دیارەکانی دیموکراتیەکان ئاشنایەتیەکی باشم دروست کرد لەگەل سیستەمی سیاسی ئەمەریکاو جیاوازی بیروبۆچونەکان و ریشەی کێشەکان، کە ھەولئەدەم لە داھاتودا لەسەر ھەندێک پرسی تر سەرنجی خۆم بنوسم.


PM:02:18:23/08/2019

ئه‌م بابه‌ته 3468 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی