ئەو رۆژە سەختانەی لە پێشمانن
ئاسۆ حاجی
کۆڕۆنا رۆژی سەخت و تەنگاسی گەورە لە کوردستان دروست ناکات چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند هەنگاوێک وەپێش کەوتەوە و تا ئێستا باشی هێناوە بە بەراورد بە دۆخی زۆرینەی زۆری وڵاتانی زلهێز و پێشکەوتوو لە رووی ئابوری و کەرتی تەندروستی دا.
ئەوەی مەترسیە ببێتە سەختی و کۆسپ لەبەردەم کارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان،هەبوونی نیەتێکی خراپ و خواستی تۆڵەکردنەوە و جێبەجێکردنی ئەجێندایێکە کە بەردەوام بە کراوەیی هێشتراوەتەوە بۆ لێدان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و لاوازکردنی پێگەی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان،کەرستەی ئەو ئەجێندایەش کەسانێکن کە لە رێگای نووسینەکانیانەوە خەڵک هندەدەن کە پێچەوانەی بڕیار و رێنماییەکانی دەزگا تەندروستیەکان کاربکەن یان دەزگا و حیزبگەلێکن کە هەموو توانایان دەخەنە خزمەت ئەو ئەجێندایە نەیارە بە حکومەت و خەڵکی کوردستان.
هاندانی خەڵک بۆ شکاندنی قەدەغەی هاتوچۆ و پێشێلکردنی بریار و رێنماییەکان بۆتە کارنامەی ئەو هێزگەلەی کە دەیەوێ تۆڵەی شەخسی لە سەرۆکایەتی حکومەت بکاتەوە یان وەک ئەرکی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان پێناسەیان بکات،لە کاتێکدا ئەو هاندانە باجەکەی ژیان و تەندروستی خەڵکە و کاولکردنی وڵاتە.
گچکەکردنەوەی ئەو دۆخە و جێکردنەوەی لە بەرژەوەندیەکی گچکەی شەخسی یان حیزبی بە نیەتی تۆڵەکردنەوە لە حکومەت کە دەرئەنجام خەلکی سڤیل بە گیانی خۆی و خۆشەویستانیان باجەکەی دەدەن لە تووند بوونی گرێی دەروونی و حیساباتی دەسکەوتی شەخسی و پڕبوونی گیرفان هیچی دیکەی لێ وەبەر نایێ،بەڵام هەموو ئەوانە لە وڵاتێکی وێران و رووداوگەلێکی مەرگەساتدا چ ئەرزشێک و چێژێکیان هەیە!مەگەر بۆکەسانێکی نەخۆش و داشۆراو لە بەها مرۆڤایەتیەکانەوە نەبێت.
دڵنیام رۆژانی سەخت چاوەڕێمان دەکەن چونکە هێشتا جاش و خۆفرۆشەکان سروودی داگیرکەران بە دڵ ئەزبەر دەکەن و ئاڵای رەش و پیسی وڵاتی داگیرکەر لەسەر دڵی خۆیان دادەنێنن و کەسانێک لە جیاتی نەفرەت ئەو کەسانە وەک سەرکردە و نموونەی خۆیان قبوڵدەکەن و تەنها لە پێناو تۆڵەیەکی حیزبیانە کوردستان بە هەموو مێژوو و خوێنی شەهیدانیانەوە هەراج دەکەن و ئامادەن وەک لاشەی منداڵە ئەنفالکراوەکانی گەرمیان لە نوگرە سەلمان فڕێیان بدەنەوە بەر دەمی سەگە رەشەکان.
AM:10:30:08/04/2020
ئهم بابهته 1592
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی