کێ وێسلی کوشت ؟

‌ ئاسۆ حاجی


فیلمی کێ خانم وینسلی کوشت  who killed lady winsley دواین کاری سینەماکاری کورد و جیهانی هونەر سەلیمە کە بەرهەمێکی هاوبەشی وڵاتانی فەڕەنسا و بەلجیکا و تورکیایە و لە سەرتای ساڵی نوێ وێکڕا لە سەرجەم سینەماکانی هەر سێ وڵاتی فەڕەنسا و بەلجیکا و سویسڕا نیشان دەدرێ،ئەو فیلمە رۆژی 2018/11/26 لە شاری هەولێر نمایش کرا،ئەو فیلمەی هونەر سەلیم دەکرێ وەک پچڕاندنی مەعریفە لە سینەمای کوردی تەماشا بکرێ هەروەها دەست پێکردنی قۆناغێکی نوێ،لە بەر ئەو خاڵانە کە هەوڵ دەدەم بە کورتی و پوختی دایان بڕیژم:

- یەکەمین جارە پرسی کورد لە سەر زاری کەسانی سادەی میللەتی داگیرکەر کە تورکە باس بکرێ،ئەوە نیشان بدرێ کە وڵاتانی داگیرکەر بە چ جۆرە کلتورێکی تاریک خەڵکی خۆیان لە دژی کورد پەروەردە کردووە،هەروەها لە سەر زاری دایکێکی کورد باسی هۆکارەکانی فڕێدانی کورد بۆ دەرەوەی مێژوو دەکات.

- باسکردنی پرسی کورد لە سەر زاری کەسانی ئاسایی تورک(کە بۆ فارس و عەرەب)یش راستە،کارێکی نوێیە چوونکە تا ئێستا دەرهێنەرانی کورد بەردەوام هەوڵیان داوە لە رێی کارەکتەرێکی کورد(پێشمەرگە،قوربانی) باسی پرسی نەیەوەیی و نیشتیمانی بکرێ هەروەها ئەو زوڵمەی داگیرکەران لە کوردی دەکەن.

- هونەر سەلیم لەو فیلمەدا نە وشەیەکی کوردی بەکارهێناوە نە گۆرانی و مۆزیک و جل و بەرگ،تەنها ناوی ئەو گەنجەی لە ساڵی دوو هەزار لە دوورگەیەکی ناو دەریای ئیجە لەلایەن شۆڤینستێکی تورک کوژراوە کوردی بوو کە ناوی(ئازاد)ە کە ئاماژەیەکی دوو سەرەیە یەکیان بۆ کوشتنی مرۆڤ،دووەمیان بۆ کوشتنی ئازادی،واتا بۆ گێڕانەوەی چیڕۆکەکە و دروست کردنی ئەتمۆسفێرێک تا بینەر تێبگەینی پەیوەندی بە کوردەوە هەیە پەنای بۆ مرۆڤ و کەرستەی کوردی نەبردووە،تەنانەت ئەو خانمەی بەدوای کوشتنی گەنجە کوردەکە (ئازاد) دادەچێت کورد نیە و هیچ دەربارەی کورد نازانێ،خانمە ڕۆمان نووسێکی ئەمەریکاییە و لەو دوورگەیە ئەو گەنجەی ناسیوە و وەک کەیسێکی مرۆیی بەدوای دادەچێ لەو رێگەیەوە دەزانێ کورد چ زولمێکی لێ دەکرێ،ئەوەش دەبێتە هاندەر بۆ ئەو کەسەی ئازادی کوشتووە لەیدی وێنسلیش بکوژێ.

- لە رێگای گەڕان بەدوای بکوژی خانم وێنسلی، پاڵەوانی فیلمەکە(فەرگان) کە ڵێکۆڵەری پۆلیسە ڕوبەڕوی دژایەتیەکی توند دەبێتەوە لەلایەن خەڵکی دوورگەکە کە پەیوەندی خزمایەتی بە یەکدیان دەبەستێتەوە نەک لەبەر ئەوەی ئەوان حەز ناکەن بکوژەکە ئاشکرا بێ بەڵکو لەبەر ئەوەیە تاکە رۆژنامەنووسی دوورگەکە (کە لە کۆتایی وەدیار دەکەوێ ئەو بکوژە و تورکێکی توندئاژۆیە) ئاشکرا دەبێ فەرگان ئەسل کوردە،لای ئەوان شوورەیی و تاوانە کوردێک بچێتە ناویان و لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکات.

- هونەر سەلیم وەک دەرهێنەر لە هەر شوێنێکی دونیا و بە هەر زمان کاربکات جێ پەنجەی ئەوەی پێوەدیارە، لە ڤۆدکا لیمۆنەوە تا دۆڵ و کیلۆمەتر زیڕۆ و لە بن ساپیتەکانی پاریس و ئەگەر بمری دەتکوژم، بەڵام لەو فیلمە نوێیەیدا جگە لە جێ پەنجەی خۆی ئادگارێکی نوێی بەکارەکانی بەخشیوە کە بە بۆچوونی من لە ژیانی هونەری هونەر سەلیمیش دەربازکردنی قۆناغێکە کە لە ناو سینەمای جیهانیش بناسریتەوە، لەو فیلمەدا هونەر کارەکتەری سەرەکی خۆی (فەرگان) لە کارەکتەر و جلوبەرگ و شێوەی پرچ رێکخستن و ئادگاری دەموچاو و شێوەی قسەکردنی وەک ئەوەی لە فیلمێکی هیچکۆکی دەرهێنابێ، هەروەها دڵخوازەکەی فەرگان کە لە فیلمەکەدا ناوی (عەزڕایە) وەک ئەوەی لە یەکێک لە فیلمەکانی ماڕلین مۆنڕۆی خواستبێ، بە تێکەڵکردنی ئەو دوو قوتابخانە لەیەک دوورە (فیلمەکانی هیچکۆک تەرکیز و ڕووێکی گرژی پێویستە بەپێچەوانەی فیلمەکانی ماڕلین کە بینەر بەردەوام ڕووی گەش و دوورە لە دڵەڕاوکێ)توانیویەتی شتێکی نوێ بئافرێنێ کە تەنها هونەر دەتوانێ پێکهاتەکانی دیاری بکات.

- لە کۆتایی فیلمەکەدا کوشتنی تاوانبار بە دەستی سەرۆکی پۆلیسی دوورگەکە نەک بە دەستی فەرگانی ئەسل کوردی لێکۆڵەر پەیامێکی قوڵ و فرە مانا و تیگەیشتنە بەڵام دەتوانین لە خاڵێکدا کۆیان بکەینەوە کە تەنها میللەتانی داگیرکەری کوردستان (یان هەموو زالمانی دونیا)دەبێ لەناوخۆیان و بەدەستی خۆیان ئەو دەردە کوشندەی توشی بوونە لە توندڕەوی و ئینکارکردنی ئەوەی دیکە لەناو ببەن.

فیلمی کێ خانم وینسلی کوشت شایەنی قسە و لێکدانەوەی زیاترە کە دڵنیام دوای نیشاندانی لە هۆڵەکانی سینەمای ئەوروپا و ئەمەریکا و وڵاتانی ئاسیای دوور زیاتر و جدیتری دەربارە دەنووسرێ و ئەو کات ئێمەی کورد دەتوانین گووتارەکان تەرجومەبکەین کە کەسانی دیکە و بە زمانی دیکە باس لە دەست ڕەنگینی و مەزنی هونەر و هونەرەکەی دەکەن، دلنیام فەڕەنسیەک یان بەلجیکیەک بە هونەر ناڵێ پارەکەم بدەوە چوونکە بە پارەی ئێمە فیلمت دروست کردووە و باسی کوردت کردووە بەڵکو چەپڵەی بۆ لێدەدەن.


PM:09:46:27/11/2018

ئه‌م بابه‌ته 1726 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی